مەسعود بارزانی بڕیاری دا، چاكسازیی ڕیشەیی لەناو پارتیدا بكرێ 

دوینێ بەرواری ١٠/٢/٢٠١٦ (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەپێناو ڕێكخستنەوەی كاروباری كارگێڕی و داراییی پارتی و لەپێناو شەفافیەت و خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی، بڕیارێکی ڕاگەیاند، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

بڕیار:

 پارتی دیموكراتی كوردستان بە درێژایی تەمەنی پڕشنگداری خۆی لە خەبات و قوربانیدان و ئازادیخوازیدا پێشەنگ بووە و ئێستایش پێویستە لەهەر هەنگاوێكدا پێشەنگ و دەستپێشخەر بێت كە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان دەكات. بۆیە لەپێناو بەدیهێنان و پتەوكردنی دادپەروەری و شەفافیەت و چاكسازی لە كوردستاندا پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێ پێشەنگ و نموونە بێت و بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا دەبێ لەناو پارتی و لەناو ماڵی خۆمان دەست پێ بكەین.

لەبەر ئەوەیش بە مەبەستی ڕێكخستنەوەی كاروباری كارگێڕی و دارایی پارتی و لەپێناو شەفافیەت و خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی بڕیارماندا بە:

ا. ئەنجامدانی چاكسازیی ڕیشەیی لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر بنەمای ئەم خاڵانەی خوارەوە:

١. پێداچوونەوە بە موڵك و ماڵی بەرپرسان و كەسانی سەر بە پارتی یان ئەوانەی لەژێر سێبەری پارتیدا كاریان كردووە و هەروەها هەر ئۆرگان و دەزگەیەكی پارتی كە بە شێوەیەكی ناشەرعی و لەڕێگەی بەكارهێنانی پۆستی حزبی موڵك و سامانیان بەدەست هێناوە و گێڕانەوەی ئەو موڵكانە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان.

٢. پێداچوونەوە بە گشت كۆمپانیا و دامەزراوە بازرگانییەكانی سەر بە ئۆرگانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان یان سەر بە بەرپرسانی حزبی یان كەسانێك كە لەژێر سێیەری پارتیدا كاریان كردووە، ئەویش لەپێناو دیاریكردنی سەرمایەی كۆمپانیاكان و داهاتەكەیان و چۆنییەتی بەڕێوەبردنیان و گێڕانەوەی گشت داهاتی ئەو كۆمپانیانە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان.

٣. پێداچوونەوە بە گشت زەویوزار و موڵكی حكوومەت كە بە شێوەی (گرێبەستی كشتوكاڵی) یان (گرێبەستی موساتەحە) یان بە (وەبەرهێنان) یان (موڵك) یان بە هەر شێوەیەكی تر وەرگیرابێت لە لایەن هەر بەرپرسێك یان كەسانێك كە سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستانن، ئەویش بۆ وەرگرتنی ڕێژەیەك لە سوودی ئەو كەسانە و گێڕانەوەیان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان.

٤. بەشێك لەو موڵك و داراییەی بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە، بەپێی میكانیزمێكی گونجاو بۆ بەرژەوەندیی خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و پێشمەرگە بەكار دێت.

٥. پێداچوونەوە بە دەزگەی وەبەرهێنانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ڕێكخستنەوە و پەرەپێدانی دەزگاكە و داهات و سەرمایەكەی بەشێوەیەكی گونجاو ئەویش بە مەبەستی بەڕێوەبردنی سەرمایەی پارتی لەسەر بنەمایەكی شەفاف و گونجاو بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان.

٦. پێویستە ڕێژەیەك لە سوودی ئەو كۆمپانیا و كەسانەیش كە لەژێر سێبەر و دەستەڵاتی پارتیدا بەشێوەیەكی یاسایی كاریان كردووە و سەركەوتوو بوونە، بۆ حزب تەرخان بكرێت و بۆ زیادكردنی داهاتی حزب میكانیزمێكیش بۆ دەستنیشان بكرێت كە بەشێوەیەكی ڕاشكاوانە و پڕۆفیشناڵانە مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنانە بكەن.

٧. پێكهێنانی دامەزراوەیەكی دارایی بۆ وەرگرتن و بەڕێوەبردنی ئەو موڵك و داراییانەی لەسەر بنەمای خاڵەكانی ئەو بڕیارە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە.

ب. لەپێناو جێبەجێكردنی خاڵەكانی ئەم بڕیارە لیژنەیەكی تایبەت لەلایەن سەرۆكی پارتی پێكدەهێندرێت و لیژنەكە میكانیزمی كاركردنی دەبێت و ڕاپۆرت و ئەنجامی كارەكانی بۆ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرز دەكاتەوە.

 

 مەسعوود بارزانی

سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

١٠/٢/٢٠١٦

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved