عێراق رۆڵی حكومەتی هەرێم ‌و پەرلەمانی كوردستان ناهێڵێت

حكومەتی عێراق لەرەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ ی عێراقدا چەندین "پێشێلكاری دەستووریی‌و هەنگاوی دژ بەهەرێمی كوردستان ناوە"و بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە رۆڵی حكومەتی هەرێم‌و پەرلەمانی كوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە.

 

مەسعود حەیدەر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی:

رۆژی یەكشەممە رەشنووسی پڕۆژە یاساكە دەخرێتە بەردەم سەرۆكوەزیرانی عێراق‌و ئەنجوومەنی وەزیران بۆ موناقەشەو دەنگدان، كە بەغدا بەنیازە هەرێمی كوردستان بكاتە دوو زۆن‌و دەسەڵاتی جێبەجێكردن دابەزێنن بۆ ئاستی پارێزگارو هەڵوەشاندنەوەی رۆڵی پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێم.

لەپڕۆژەكەدا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی وەك پارێزگایەكی رێكنەخراو لەهەرێمێكدا ئاماژە پێكردووەو باسی لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك كردووە، هەروەها هەوڵی داوە دامودەزگاكانی هەرێم لەحكومەت و پەرلەمان هیچ رۆڵیان نەمێنێت، ئەوەش بە لای ئێمەوە جێگای قبووڵكردن نییە‌و بە پێی دەستوور شتی وا نابێت رووبدات.

ئەو هەنگاوەی حكومەتی عێراقی لەرووی ستراتیجیەوە لێدانی ئامانجی نەتەوەیی كوردەو هەڵوەشاندنەوەی قەبارەی فیدراڵی هەرێم‌و چەسپاندنی دەوڵەتی مەركەزییە، كە رێژەی ١٧لەسەدا ھەرێم كەمكراوەتەوە بۆ ١٢،٦٧ لەسەداو بەپێی رێژەی پارێزگا دابەش دەكرێت، بەپێی ئەوەش دوای بڕینی نەفەقاتی سیادی و كورتهێنان ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان تەنها ٥٠٠ ملیار دیناری مانگانە دەبێت".

كۆی كورتهێنان لەبودجەی ساڵی داهاتووی عێراق دەگاتە ٢٢ ترلیۆن‌و ٧٨٣ ملیار دینار، كە دەكاتە ١٩،٣% كۆی بوودجە، بۆ ئەو مەبەستەش عێراق جارێكی تر هانای بردووەتەوە بەر قەرزی دەرەكی و ناوخۆ و لە ٢١ دامودەزگا داوای قەرزدەكاتەو،ە كە سعوودییەشی لەنێودایە، هەروەها حكومەتی فیدراڵی جارێكی تر قورسایی سەرشانی موچەخۆران‌و خانەنشین زیاتر دەكات بە بڕینی ٤،٨% لەموچەكانیان.

 

كەمكردنەو و دەستبردن بۆ پشكی هەرێمی كوردستان لەپڕۆژە یاساكەدا بەلای ئەوانەوە هێڵی سوورەو جێگای قبووڵكردن نییە، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەوڵدان و دەیانەوێت لە رێگەی حكومەت و فراكسیۆنە شیعەكانەوە گۆڕانكاری لەپڕۆژە یاساكەدا بكەن، بە پێچەوانەوە لە دانیشتنەكانی پەرلەمان دەكشێنەوەو بەشداری گفتوگۆكردن و دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساكەش ناكەن.

 

- كۆی گشتی بودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق بە ١٠٨ ترلیۆن و ١١٣ ملیار و ٩٠٦ ملیۆن و ٥٠٦ هەزار دینار خەمڵێنراوە.

- كۆی داهاتی عێراق ٨٥ ترلیۆن ٣٣١ ملیار دینار.

- داهاتی نەوت ٧٢ ترلیۆن‌و  ٩٩٨ ملیار دینار.

- داهاتی دیكە ١٢ ترلیۆن و ٣٣٣ ملیار دینار.

- كۆی كورتهێنان لە بودجە ٢٢ ترلیۆن و ٧٨٣ ملیار دینارە كە دەكاتە ١٩،٣% ی كۆی بودجە.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved