مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە،

 

 

بە بۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە پەرلەمانی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:

 

 

دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم بۆ پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی . ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر . ئەم پرۆژەیە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ وەڵامدانەوەی خواست وداوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی. ئامانجیش رێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و هێنانەدی دادپەروەرییە بۆ فەرمانبەران و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان .

دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەمووزی ساڵی رابردوو ، ئێمە دەستبەجێ لیژنەیەکی باڵامان لە حکومەت پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە و بەهێزکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی.

هاوولاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە دەقی کۆتایی یاساکە دڵنیایی گرنگی تێدایە سەبارەت بە مووچە وئیمتیازاتەکانی فەرمانبەر و مووچەخۆران بە جۆرێک کە کەسانی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت .

چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و گشت کەرتەکان دەگرێتەوە. ئەم یاسایەش بەڵگەیەکی روونی دیکەیە لە سەر پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووردانان بۆ گەندەڵی و هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی . هەروەها هەنگاوێکی گرنگیشە بەرەو حکومەتێکی مۆدێرن و شەفاف و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی کە ئامانجی سەرەکی ئەم حکومەتەیە.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

١٦/١/٢٠٢٠

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved