دەقی چاوپێکەتنی مەسرور بارزانی لەگەڵ کەناڵی 24فەڕەنسی

 

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی فرانس 24 ی فەڕەنسیدا لەسەر چەند پرسێکی عیراق و ناوچەکە و جیهان وەڵامی چەندین  پرسیاری دایەوە،

 

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

فڕانس 24: بەڕێز سەرۆک وەزیران دەمەوێت لە بارودۆخی بەغداوە دەستپێبکەم، چەندین مانگە خۆپیشاندان بەردەوامە و ئێستا سەرۆک وەزیرانێکی نوێ راسپێردراوە کە ئەویش محەمەد عەللاوییە. ھەروەھا داوای ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت. بۆچوونی تۆ لەسەر رەوشی ئێستای بەغدا چییە؟

 

مەسرور بارزانی: ئێمە وایدەبینین بارودۆخی ئێستای بەغدا دەرئەنجامی ئەو حوکمڕانییە خراپە بووە، کە لەماوەی 15 - 16 ساڵی رابردوو ھەبووە. زۆربەی ئەوانەی ئێستا خۆپیشاندان دەکەن و رژاونەتە سەر شەقامەکان داوای ئەنجامدانی چاکسازیی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و حوکمڕانییەکی باش دەکەن، ئێمەش پشتگیریی تەواوی ئەو داواکارییە رەوایانەی خەڵکەکە دەکەین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێکجار ئەجێندای سیاسی تێدا تێکەڵاو دەکرێت کە ئەمەش رەوشەکەی ئاڵۆزتر کردووە. لەراستیدا سەرۆک وەزیرانی پێشوو بەڕێز عادل عەبدولمەھدی، ھەموو ھەوڵی خۆیدا بەڵام بەداخەوە ئەو ئەوەندە پشتگیریی نەکرا کە شایەنی بوو لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی دیکە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی خۆی. ئێمە پێمانوانەبوو کە ئەو بەرپرسیاربێت بەرامبەر بە ھەموو ئەو کێشانەی وڵاتەکە بەدەستییەوە دەناڵێنێت. ھیواداریشم کە سەرۆک وەزیرانی نوێی راسپێردراو بەڕێز عەللاوی پشتگیریی زیاتری بکرێت لەلایەن خەڵک و لایەنە سیاسییەکانیش تا سەرکەوتوو بێت.

 

فرانس 24: ئایا تۆ گەشبینی ئەوە روودەدات؟ لەبەرئەوەی زۆر خەڵک ئەوەندە ھیوایان پێی نییە؟

 

مەسرور بارزانی: جارێ دیارنییە دەبێ چاوەڕێ بین و تەماشا بکەین. بێگومان ھەندێک ھەن دژی راسپاردنی ئەوە، بەڵام ژمارەیەکی زۆریش پشتگیریی دەکەن، بۆیە ھیوادارین کە ئەگەر ئەو بووە سەرۆک وەزیران ئەوا بە تەواوەتی پابەندی جێبەجێکردنی دەستوور بێت کە ئەمەش پێمانوایە داواکاری سەرەکی زۆرینەی گەلی عێراقە.

 

فرانس 24: بەڵام داواکارییەکی دیکەی زۆربەی عێراقییەکان و ھەروەھا داواکاری ئەیەتوڵڵا سیستانی، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیە. ئایا ئێوەش لەگەڵ ئەو پێشنیازەدان تا بزانن ئایا خەڵک دەیەوێت ئایندەی وڵاتەکەیان بە چ ئاراستەیەک بڕوات؟

 

مەسرور بارزانی: ھەر شتێک زۆرینەی گەلی عێراق لەگەڵی بێت. ئێمەش پشتگیریی دەکەین. بەڵام ئەوە تەنیا پەیوەندی بە ھەڵبژاردنەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە تەواوی سیستەمەکەوە ھەیە کە مایەی نیگەرانیە و دەبێ ئەو نیگەرانییەمان لەبەرچاوبگیرێت. پێویستە حکوومەتێکی گشتگیر وهەمەلایەنە ھەبێت و نوێنەرایەتی خەڵک بکات. بۆیە دەبێ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنیش بەو مەبەستە و ئاراستەیە بێت.

 

فرانس 24: ئەگەر ئەوە رووینەدا، پێشبینی رووخانی دەوڵەتی عێراق دەکەیت؟

 

مەسرور بارزانی:  لەراستیدا نازانم. ھیوادارم وانەبێت. ھیوادارم کە چارەسەرێک ھەبێت بۆ ئەو خەڵکەی کە زۆر ئازاری چەشتووە.

 

فرانس 24: حکومەتەکەی ئێوە لە گفتوگۆدابوون لەگەڵ بەغدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانتان، بەتایبەتی لەبارەی پرسی نەوت، پێدەچێ بەھۆی ئەو بارودۆخەی لە بەغدا ھەیە گفتوگۆکانتان هەلپەسێردراون و جارێ هیچ رێککەوتنێک لە ئارادا نەبێت؟

 

مەسرور بارزانی: بەڵێ ئەوە راستە. لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەکەم راستەوخۆ چوومە بەغدا و بە کۆمەڵێک پێشنیاز لەگەڵ تیمێکی بەھێزی کابینەکەم. بەردەوامبووین لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەڕێز عادل عەبدولمەھدی و کابینەکەی و دواتر گەیشتنە رێگەچارەیەکی باش و چاوەڕێ بووین بگەینە قۆناخی کۆتایی رێککەوتنەکە، کە لەو بڕوایەدا بووین لە بەرژەوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستانیشدا بوو. بەداخەوە رەوشەکە لە عێراق یارمەتیدەر نەبوو. بۆیە ھەموو شتەکان راوەستان. بۆیە ھیوادارم حکوومەتی داھاتوو و سەرۆک وەزیرانی داھاتوو پابەندبێت بەوەی کە رێککەوتنەکە بگەیەنێیەتە قۆناخی کۆتایی کە ئێمە پێمانوایە ئەوە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقدایە.

 

فرانس 24: بێگومان ئێستا زۆر باسیش لە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا دەکرێت. لەدوای کوشتنی ژەنەڕاڵی ئێرانی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، پێشموایە تۆ لەگەڵ ئەوەنیت بکشێنەوە. پێتوایە کە ھێزەکانی ئەمریکا دەکشێنەوە ، ئایا ئەمە جێی نیگەرانی ئێوەیە؟

 

مەسرور بارزانی: ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان لەسەر داوای فەرمی حکومەتی عێراقی لە عێراقن. ئەوانیش زۆر یارمەتیدەری ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە یان داوە لە شەڕی دژ بە داعش. بۆیە ئێمە لەو بڕوایەداین مانەوەیان پێویستە، چونکە داعش ھێشتا مەترسییەکی گەورەیە و بە تەواوەتی لەناونەچوون و ریشەکێش نەکراون.داعش توانای خۆی رێکخستنەوەو ھێرشکردنیان هەیە، لە چەندین شوێن ھێرشیشیان ئەنجامداوە. بێگومان ئەو بڕیارە بڕیارێکی تاکلایەنە بوو لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە و پەلەیان لە بڕیاردانەکە کرد و ھیوادارین کە رێگەچارەیەک یان میکانیزمێک ھەبێت کە ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان پێی رازی بن بە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانان لەم ناوچەیە کە ئێمە پێمانوایە مانەوەیان زۆر پێویستە.

 

فرانس 24: لەدوای ھێرشەکەی ئەمریکا کە بووە ھۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی و دواتریش وەڵامدانەوەی ئێران کە بێگومان بنکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ھاوپەیمانانی کردە ئامانج. ئێستا ئەمریکا باس لە ھێنانی سیستەمی دژە مووشەکی پاتریۆت دەکات. ئایا لەو بارەیەوە قسەیان لەگەڵ ئێوە کردووە؟ تۆ لەگەڵ ئەوەی ئەو سیستەمە بھێنرێت تا ھێرشی لەوجۆرە دووبارە نەبێتەوە؟

 

مەسرور بارزانی:  ئەمریکا وەکو ھەر حکومەتێکی دیکە مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات. بۆیە ئەگەر ئەمریکا بڕیاربدات لە ھەر شوێنێک بنکەی سەربازی ھەبێت، ئەوە بڕیاری خۆیانە و چ سیستەمێک دادەنێن بۆ بەرگریکردن لەخۆیان ئەوە بۆ بڕیاری خۆیان دەگەڕێتەوە. بەڵام بێگومان ئەوان ھاوپەیمانن و ھاوکار و پاڵپشتیکاربوون لە تەواوی شەڕی تیرۆریزم لە ناوچەکە، ھەربۆیەش ئەوان لێرەن. بۆیە ئەوە بۆ بڕیاری ئەمریکا دەگەڕێتەوە و ئەوان خۆیان بڕیاردەدەن.

 

 

فرانس 24: ئایا لەسەر ئەو پرسە قسەیان لە ئێوە کردووە؟

 

مەسرور بارزانی: ئەوان باسیان لەوە کردووە کە سیستەمی بەرگری لێرە دابنێن بەڵام بێگومان ئەوان چاوەڕێن قسە لەگەڵ حکوومەتی عێراقی بکەن و رەزامەندی حکوومەتی عێراقی وەربگرن.

 

فرانس 24: بەڵام ئێوە پێشوازیە لە هەنگاوێکی لەم شێوەیە دەکەن؟

 

مەسرور بارزانی: بەڵێ بێگومان بەڵام دەبێ بەغدا رەزامەندی بدات. بەڵام ئەگەر بە رای ئێمە بێت ئەوە لاریمان نییە.

 

فرانس 24: ئاماژەت بەوە کرد کە داعش خەریکی خۆرێکخستنەوەن و نوێنەری ئەمریکاش لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند کە ھێشتا نزیکەی هەژدە ھەزار چەکداری داعش لە عێراق و سووریا ھەن. ئایا تۆ بۆچوونت لەسەر ئەو ژمارەیە چییە و مەزەندەی ئێوەش دەربارەی خۆرێکخستنەوەی داعش چییە؟

 

مەسرور بارزانی: زۆر زەحمەتە ژمارەیەکی راست و دورستت بدەمێ. بەڵام ئێمە زانیاریمان ھەیە کە ژمارەی چەکدارەکان نزیکە لەو ژمارەیە. واتا هەژدە ھەزار یان زیاتر. بەڵام دەتوانم بڵێم بەدڵنیاییەوە کە ئێستا ژمارەی ئەندامانی داعش زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەندامەکانیان لە ساڵی 2013 پێش ئەوەی ھێرشەکانیان بۆ سەر عێراق و سووریا دەستپێبکەن و خەلافەتی خۆیان رابگەیەنن. بۆیە ئەگەرێکی زۆر ھەیە بۆ سەرھەڵدانەوەی داعش و زۆر بەئاسانیش دەتوانن خۆیان رێکبخەنەوە و خەڵکی نوێ رابکێشنە نێو ریزەکانیانەوە. لەبەرئەوەی سەرجەم ئەو ھۆکارانەی بوونە ھۆکاری سەرھەڵدانی داعش و ھەماھەنگی خەڵک لەگەڵ داعش ھێشتا ماون. بۆنموونە ھێشتا سەقامگیریی سیاسی نییە. خۆشگوزەرانی ئابووری نییە، ئارامی و ئاسایشێکی بەھێزیش نییە. ئەمانەش ھۆکار بوون بۆ سەرھەڵدانی گروپی تیرۆرستی، بێگومان لەئەگەری نەبوونی ئەو فاکتەرانەی باسمکردن و ئەگەر بە جیدی رووبەڕوویان نەبینەوە وەک ھێزەکانی ھاوپەیمانان و هێزەکانی ناوچەکە ، ئەوە ئەگەرێکی زۆرە کە داعش سەرھەڵبداتەوە.

 

فرانس 24: وەک ئاماژەم پێدا ئێستا ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنەکانی لەدژی داعش دەستپێکردووەتەوە لەدوای ئەوەی بۆ ماوەیەک رایانگرتبوو. ئایا  دەتانەوێت ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی رۆڵێکی کاراتری ھەبێت، تۆ بەخۆشت ئامادەی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن دەبیت، ئایا لەوێ داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەی بۆ ھاوکاری زیاتر؟

 

مەسرور بارزانی: بەڵێ بێگومان. پێویستە بە توندترین شێوە رووبەرووی داعش ببینەوە، بەڵام ئێستا ئەوە زەحمەتە چونکە ئەوان ئێستا ھیچ ناوچەیەکی لەژێر دەستدا نییە وەکو رابردوو. بۆیە ئێستا پێویستی بە ھەماھەنگییەکی سەربازیی و ھەواڵگریی ھەیە و دەبێ بزانیت ئەوان لە کوێن و دواتریش بەکردەوەی سەربازی رووبەروویان ببیتەوە.

 

فرانس 24: باست لە کردار کرد، ئەوەش پێویستی بە ھەماھەنگی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند ھەیە بەتایبەتی لەو ناوچانەی بە ناوچەی ناکۆکی لەسەر ناسراون و وادەبینرێت کە ئێستا بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە ھەیە، ئەمەش بەھۆی ئەوەی ھەماھەنگی تەواو لەنێوان ئێوە و ئەواندا نییە و ئەمەش ئەو ناوچە  کە سوننیانەن لەرابردوودا داعش پێگەی بەھێزبوو، ئێستاش ھەر لەوێ خەریکی خۆرێکخستنەوەیەو دەیەوێ دووبارە بگەڕێتەوە؟

 

مەسرور بارزانی: ئەمە یەکێک بوو لەو خاڵانەی کە لەگەڵ بەغدا دا گفتوگۆمان لەسەر کرد و پێشنیازمان بۆ بەغدا کرد کە پێویستە ھەماھەنگییەکی باشتر لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەبێت. بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە بە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ناسراون. لەبەرئەوەی ئێستا بۆشایی ئەمنی ھەیە، ئەمەش بەھۆی ئەو گرژیانەی لەنێوان ئێمە و بەغدا ھەبوو لەدوای ساڵی 2017. بۆیە پێویستە ئەو ناوچانە پارێزگاریان لێ بکرێت و پێشنیازی ئێمەش ئەوەبوو کە ھەردوو هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەیەکتر نزیک ببنەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەر ئەو سیستەمەی لەرابردوودا ھەبوو کە پێیدەگوترا میکانیزمی ھەماھەنگی ھاوبەش، تاوەکو ئەو ھەماھەنگیانە دەستپێبکەنەوە تا چیدیکە داعش نەتوانێت لەو ناوچانە جموجۆڵی ھەبێت.

 

فرانس 24: بەڵام ئایا ئەوە تا چەند چارەسەرێکی واقیعیانە دەبێت لەکاتێکدا کە میلیشیا شیعییەکان ناوچەیەکی زۆریان لەژێر دەستە و ھەندێک پێیانوایە زۆربەی عێراقیان کۆنتڕۆڵ کردووە. ئایا ئەوانیش مەترسی نین بۆ ئەو ھەماھەنگیەی تۆ باست کرد؟

 

مەسرور بارزانی: با ئەوە روون بکەمەوە کە ئەوان لەرابردوودا رووبەرووی داعش بوونەتەوە، بەڵام ئێمە باس لەوە دەکەین کە چۆن بتوانین رێگری بکەین لە مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش لەو ناوچەیە. بۆیە ھەر پرسێک یانیش ھەر شتێک کە لەو رووەوە یارمەتیدەر نەبێت دەبێ بیر لە ئەڵتەرنەتیڤی بکەینەوە. تا ئەم ساتەش باشترین ئەڵتەرنەتیڤ ئەوەیە کە سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگە ئەو بۆشایە پڕبکەنەوە لەبەر ئەوەی زۆر لە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە رەنگە دڵخۆش نەبن بەوەی ھێزی دیکە لەو ناوچەیە بێت.

 

فرانس 24: بێگومان زۆرێک لەو ھێزانەی باستکردن پەیوەندیان بە ئێرانەوە ھەیە و باسم لە ھێرشەکانی سەر ئەم ناوچەیە کرد کە مانگێک لەمەوبەر ئەنجامدران لە دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی. پێتوایە بڕیارێکی باش بوو ئەمریکا ئەو کارەی کرد؟

 

مەسرور بارزانی: ئەوە بڕیاری ئەمریکا خۆی بوو. من ناتوانم بە ناوی ئەمریکاوە قسە بکەم.

 

فرانس 24: ئایا لە دوای ئەو رووداوەوە، ھیچ ھەڕەشەتان لەلایەن ئێرانەوە لێکراوە، یانیش گفتوگۆتان لەگەڵ کردوون بۆ ئەوەی ھیچ گرژییەک دروست نەبێت؟

 

مەسرور بارزانی: ئێمە ھەموو ھەوڵێکی خۆمان داوە کە دووربین لەو گرژیی و ئاڵۆزیانە. ئێران دراوسێمانە و پەوەندییەکی باشیشمان لەگەڵ ئەمریکاش هەیە و ھاوپەیمانمانە و نامانەوێت ئەو گرژیانە زیاتر بن، یان رووبەڕووبوونەوە رووبدات. ئێمە لەو بڕوایەداین کە پێویستە ھەموو لایەنەکان هەوڵی ھێورکردنەوە و ئارامکردنەوەی دۆخەکە بدەن و ئێمەش ئەوەمان کردووە.

 

 فرانس 24: پێتوایە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی نێوان ئەمریکا و ئێران دوورە؟

 

مەسرور بارزانی: ھیواداریم ھیچ شەڕێک روونەدات. لەبەرئەوەی لە بەرژەوەندی ھیچ لایەکدا نابێت بەتایبەتی لە بەرژەوەندی خەڵکەکە نابێت. ئێمە زۆر نیگەرانین لە گرژیی و ئاڵۆزی رەوشەکە. بۆیە ھیوادارم ھەموو لایەنەکان ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن.

 

فرانس 24: رات بەرامبەر قسەکانی ئەمدوایەی ئەمینداری حزبوڵڵای لوبنانی حەسەن نەسروڵڵاچیبوو، کە گوتی ساڵی 2014 کاتێک داعش لە ھەولێر نزیکبوویەوە، باوکت مەسعود بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی ھەرێمی کوردستان، داوای هاوکاری لە قاسم سولەیمانی کرد و سەرۆکی ھەرێمییش زۆر نیگەران بوو زۆریش پەرۆش بوو بۆ ئەوەی ھاوکاری بکرێت، بەڵام نەسروڵڵا زۆر نیگەران بووە لە ھەڵوێستی سەرکردایەتی کورد بەرامبەر کوشتنی قاسم سولەیمانی، تۆ چی دەڵێیت؟

 

مەسرور بارزانی:  لەراستیدا بەو شێوەیەی ئەو ھەڵسوکەوتی کرد و قسەی کرد، ئەو بێڕێزی بە خۆی کرد. کەسێکی ئەوھا و لەو پێگەیەدا دەبێ زۆر باشتر بزانێت چۆن دەربارەی خەڵکی دیکە قسە دەکات. بێگومان ئەوەی گوتیشی راست نەبوو. ئەوەی چاوەڕێیم نەدەکرد ھەڵوێستی زۆربەی عەرەبەکان بوو (بەرامبەر قسەکانی نەسڕوڵڵا) نەک تەنیا کورد، بەڵکو عەرەبەکانیش (بەرپەرچی قسەکانی حەسەن نەسڕوڵلایان دایەوە)، لەبەرئەوەی ئەوانەی سەرۆک بارزانی دەناسن دەزانن کە ئەو بە خۆی سەرکردایەتی شەڕی داعشی کرد و زۆربەی کاتەکانیش لە سەنگەری پێشەوەی شەڕەکە بوو و شان بەشانی پێشمەرگە شەڕی دژی داعش دەکرد و لەراستیدا ئەو کەسایەتیەکی سەرەکی بوو کە توانی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت و شکست بە داعش بھێنێت. بێگومان لەسەرەتادا بارودۆخ زۆر ناھەموار بوو. بەڵێ ئێرانییەکانیش ھاوکاریان کردین لەرێگای ناردنی چەند چەکوتەقەمەنییەکەوە بەڵام ئەو ھاوکارییەی ئەوان باسیان لێوەدەکرد زۆر گەورە کرابوو. بێگومان ئێمە سوپاسی ھەموو لایەکمان کردووە کە ھاوکاریان کردین لەو ساتە زەحمەتانەدا بەڵام لەگەڵ ئەوەش زۆر ھێزی ھاوپەیمانانی دیکەش ھەبوون کە ھاوکاریان کردین. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دان بەوەدابنێین کە ئەوە پێشمەرگەبوو لەسەنگەرەکانی پێشەوە شەڕی دژی داعش دەکرد و قوربانیاندا لەپێناو شکستپێھێنانی داعش. کە توانیان نەک تەنیا پارێزگاری لە کوردستان بکەن بەڵکو پارێزگاری لە ھەموو جیھانیش بکەن لەم مەترسییە.

 

فرانس 24: بەخێرایی من دەمەوێت بچمە سەر دۆخی سووریا. وەک دەزانی شەر و گرژییەکان لە نێوان تورکیا و حکومەتی سوریا سەریانھەڵداوەتەوە. دۆخی کورد لە سووریا بەدڵنیاییەوە جێگەی نیگەرانیە بۆ ئێوە. ھەڵوێستی ئێوە لەسەر ئەوەی ئێستا لە سوریا روودەدات چییە؟

 

مەسرور بارزانی: ئێمە نیگەرانین لە دۆخی سووریا، لەبەرچەند ھۆیەک: پێش ھەموو شتێک پێمانوانییە رووبەرووبونەوەی سەربازی و شەڕ ھاوکاربێت بۆ گەراندنەوەی سەقامگیریی ناوچەکە بەگشتی. داگیرکارییەکانی ئەمداوییەی تورکیاش کێشەکەی ئەوەندەی دیکە ئاڵۆزتر کردووە.

 

فرانس 24: بریارێکی خراپ بوو؟

 

مەسرور بارزانی: پێموایە ھاوکارنیە لە گەڕاندنەوەی ئاشتی درێژخایەن لە ناوچەکەدا. بەتایبەتی کە ھەندێک لایەنی ئۆپۆزسیۆنی سووریاش بەشێکن لە کێشەکە و لەلایەن خەڵکی خۆجێی ناوچەکەوە رەتکراونەتەوە. ئێمە ھەموومان نیگەرانین لە ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە. ھەروەھا نیگەرانین لەوەی شەپۆلێکی دیکەی خەڵکی لە سووریاوە بەھۆی ئەو دۆخە خراپەوە ئاوارەبوون.207 ھەزار ئاوارەی دیکەش لە سوریاوە بەھۆی ئەو گرژییانەی ئەم دواییەوە روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە. لەکاتێکدا پێشتریش زیاتر لە 250 ھەزار کوردی ئاوارەی سووریامان حەواندووەتەوە. ھەربۆیە راستە خەڵک نیگەرانە لە گۆڕینی دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا. لەم دواییانەدا سەردانی ئەنقەرەم کرد و لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان و بەرپرسانی دیکەی تورکیا کۆبوومەوە. ئەوان دڵنیایان کردینەوە کە نایانەوێت گۆڕینی دیمۆگرافی لە سوریا ئەنجام بدەن.

 

فرانس 24 باوەرت پێیان ھەیە؟

 

مەسرور بارزانی: ھیوادارام کە گۆڕینی دیمۆگرافی روونەدات، چونکە لەبەرژوەندی ھیچ لایەکدا نییە.

 

فرانس 24: دەمەوێت بێمە سەر دۆخی ئێرە (هەرێمی کوردستان). باسمانکرد کە خۆپیشاندەران لە بەغدا دژی گەندەڵین و داوای حکومرانیەکی باش دەکەن، زۆر ناڕەزایی و خۆپیشاندان ھەن لە ناوچەکە و جیھانیش بەگشتی. کابینەکەی ئێوە لە مانگی حوزەیرانەوە راگەیەندراوە و تا چەند لە رەگەوە دەرھێنانی گەندەڵی و بنبڕکردنی بووەتە کاری لەپێشنەی ئێوە. بۆئەوەی حکومرانیەکی باش بھێننە کایەوە، وەک ئەوەی کورد و خەڵکی دیکەش داوای دەکەن ؟

 

مەسرور بارزانی: راستە ئەوە دروشمی کابینەکەمە، کە  گەندەڵی نەھێڵین. ئەوە لە ئەجێندای ئێمە دایە و کارنامەی خۆشمان راگەیاندووە، ئەوەی پێویستە بیکەین ئەوەیە کە چاکسازی گشتی بکەین لە بواری ئابووری و بەڕێوەبردنی حکومەت و واتە بەڕێوەبردنی باش، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیش کاری ھەرە لەپێشینەمانە. ئێمە سەرکەوتووبووین لەوەی کە گەندەڵی رابگرین، پێداچوونەوە بەھەر کارێکی ھەڵەدا دەکەینەوە کە لەوانەیە لە رابردوودا روویدابێت. بۆیە من پێموایە تا ئێستا زۆر سەرکەوتوو بووین، بەڵام ئەمە پرۆسەیەکی دوور و درێژە، ئێمەش پابەندین بەوەی رووبەڕووی گەندەڵی ببینەوە. ھیوادارین شەفافیەتی زیاتر بۆ خەڵکی بەدیبھێنین کە بۆ خەڵکی بەراستی پێویستە و شایەنی ئەوەن کە حکومەتێکی شەفافیان ھەبێت. پێویستە متمانە بنیات بنێن، بەشێوەیەک کە حکومەتەکەیان لەخزمەتی ئەواندا بێت و باوەڕیان پێیبێت لەوەی کە بۆیان ئەنجام دەدات. من باوەری تەواوم ھەیە ئێمە رێگەیەکی باشمان بڕیوە، بەڵام ھێشتا زۆر کاری دیکەشمان ماوە کە دەبێ ئەنجامیان بدەین، بەڵام من تا ئێستا زۆر بە دەرئەنجامەکان دڵخۆشم.

 

فرانس 24: پرسیاری کۆتاییم، لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆییەوەیە کە زۆرێک لە خەڵکی پێیانوایە کارێکی باش نەبووە، وەکو پرەنسیپ نا بەڵکو خراپیەکەی بۆ کاتەکەی و ئەو دەنگە ناڕازیانەی کە لە دنیا و وڵاتانی دەوروبەر و ھاوپەیمانەکانیشتانەوە بەرزبوونەوە ە. لە ئەنجامیشدا رووبەرووبوونەوەی لەگەڵ بەغدا لێکەوتەوە و خەونی سەربەخۆیی کوردستان وادەردەکەوێت کە ئێستا پرسێک نەبێت لە داھاتوویەکی نزیکدا  رووبدات؟

 

مەسرور بارزانی: کەواتە پرسیارەکەت چیە؟

 

فرانس 24: ئایا ئەنجامدانی ریفراندۆم ھەڵە نەبوو؟

 

مەسرور بارزانی: بەدڵنیاییەوە نەخێر، ھیچ ھەڵە نەبوو. پێش ھەموو شتێک ئێمە ریفراندۆممان ئەنجامدا بۆئەوەی بزانین خەڵکی خۆمان چیدەڵێن. ئەوە دەربڕینی خواستی خەڵکی بوو کە پرۆسەیەکی تەواو دیموکراسی بوو. خەڵکی تەنیا بۆچوونی خۆیان دەربریوە کە چییان دەوێت. ئەوە راگەیاندنی سەربەخۆیی نەبوو، بۆیە ئەگەر بە واقیعی قسە بکەین، ئەوە تەنیا دەربرینی بۆچوون و خواستی خەڵکی بوو کە چییان دەوێت. ئێمە دەرگامان بۆ گفتوگۆکردنیش لەگەڵ بەغدا بە کراوەیی بەجێھێشت. بەڵام بەداخەوە ئەوەی نایاسایی بوو کاردانەوەی بەغدا بوو، کە ھێزی بەکارھێنا لە دژی پرۆسەیەکی دیموکراسی. چونکە کوردستان بەپێی یاسا بەشێکە لە عێراق و ئێمە ھیچکات سەربەخۆییمان رانەگەیاندبوو. ھەربۆیە نەخێر ریفراندۆم ھەڵە نەبوو. بەڵکو تەنیا دەربڕینی خواستی خەڵک بوو و ھۆکاریش ھەبوون بۆ ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە. ئەویش بەھۆی خراپ مامەڵەکردنی حکومەتی بەغدا بوو لەگەڵ کورد، کە چۆن کورد فەرامۆش دەکران و پشتگوێ دەخران. بەدڵنیاییەوە ئێمە ھەمووکات وتوومانە ئێمە دەستوورمان ھەیە، پێویستە بەغدا بەتەواوی جێبەجێی بکات. ئێمە باوەری تەواومان ھەیە کە بەتەواوی جێبەجێکردنی دەستوور یەکێکە لە ھۆکارە سەرەکیەکان بۆ ئەوەی ئێمە پێکەوە بژین و وڵاتێک بنیادبنێین. بەداخەوە بەغدا ھاوبەشی ئێمەی قبووڵ نەکرد و ئێمەش وتمان نامانەوێت پشتگوێ بخرێین و بەکەم سەیر بکرێین. چونکە پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ بەغدا لەسەر ھاوبەشی و دابەشکردنی دەسەڵات بنیادنراون. لەراستیدا ھەرکات بەغدا ئامادەبووبێت، ئێمە لە واقیعی ناوچەکە و جیھانیش تێدەگەین، بەڵام ھەرکاتێک بەغدا ئامادەبووبێت بۆ دانوستان، ئێمە چووینە بەغدا و گفتوگۆمان کرد لەسەر چۆنیەتی رێكخستنەوەی پەیوەندییەکانمان بەگوێرەی دەستووری عێراق. ھەربۆیە لە راستیدا ئەوە کورد نییە کە دەستووری پێشێلکردووە، بەڵکو ئەوە رژێمی پێشووی بەغدا بوو دەستووری پێشێلکرد و کوردی ناچارکرد ریفراندۆم ئەنجام بدات.

 

فرانس 24: تۆ باسی کاردانەوەکانی بەغدات کرد، بەڵام ئەی چی لە بارەی دراوسێکانتان و ھاوپەیمان و دۆستەکانتانەوە دەڵێی، لە ئەمریکاوە دەست پێدەکەم؟ ئەوان پاڵپشتیان نەکردن، ئەوان ئێوەیان بەجێھێشت؟

 

مەسرور بارزانی: راستە، ئەوان پاڵپشتیان نەکردین، زۆربەداخەوە.

 

فرانس 24: لەوانەیە لەبەرئەوە بووبێت کە ھەڵە بووە؟

 

مەسرور بارزانی: من پێموانییە ھەڵە بووبێت. من پێموایە ئەوانە ھەڵەیان کرد کە پاڵپشتی راستیان نەکرد، چونکە بەرژوەندی رۆڵێکی زۆر گەورەتری گێڕا لەبەرامبەر بەھا و پرەنسیپەکان، شتەکان بەوشێوەیە بوو. ئەگەرنا من ھیچ پێموانییە کە کورد کارێکی ھەڵەی کردبێت.

 

فرانس 24: پێتوایە کوردستان ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ؟

 

مەسرور بارزانی: باوەڕبوون بە خواست وئارەزوو شتێکە و راستی و واقیعیش شتێکی دیکەیە. ئەمڕۆ ئامانجی ئێمە ئەوەیە پەیوەندییەکی باشترمان لەگەڵ بەغدا ھەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین زۆرترین دەستکەوت بۆ خەڵکی کوردستان و ھەموو عێراقیش بەدەست بھێنین.

 

 

سەرچاوە: کوردستان 24

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved