‌سەردەمی کۆتاییھاتنی ئەخلاق: دەستدرێژیی سێکسی بۆسەر منداڵان

 

 

مەریوان وریا قانیع

 

دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر کچانی تەمەن ٧ ساڵ و تەمەن ١٠ ساڵ دیاردەیەکی بەرچاوی ئەمڕۆکەی ناو شارە گەورەکانی ھەرێمە. دوێنێ لە دھۆک و ئەمڕۆ لە ھەولێر و سبەینێ لە شوێنێکی تری ئەو وڵاتەدا گوێمان لەم جۆرە ھەواڵانە دەبێت و لە میدیاکاندا دەیانخوێنینەوە. دەستدرێژیکردنی سێکسیی بۆسەر منداڵان شتێکی تازە نییە لە مێژوودا، ئەوەی لە دونیای ئێمەدا تازەیە ئەوەیە ئەم دەستدرێژییکردنە بەشێکە لە قەیرانێکی ئەخلاقیی ھەمەلایەن کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا  لە ھەرێمدا دروستبووە. قەیرانێک تیایدا ھەم سەرجەمی بەھا سەرەکیی و پێوانەییەکان تووشی شڵەژانێکی بونیادیی و ھەمەلایەن بوون،  ھەم سەرجەمی فۆرمە جیاوازەکانی شەرمکردنی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و سیاسیی سڕاونەتەوە و بوونیان نەماوە.

 

ئەمڕۆ لەو کۆمەڵگایەدا ھیچ حەرامێکی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی نەماوە نەشکێندرێن و ھیچ جۆرە دەسەڵاتێکی رەمزیش نەماوە، بتوانێت وەک ڕێگرێکی ویژدانی ڕێ لەو پرۆسەی بەرفراوانەی شکاندنی حەرامە ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتییەکان بگرێت. ھەموو ئەمانەش لەناو جۆرێک لە سایکۆلۆژیای گشتیدا کە بەرخۆریی و ئەنانیەتێکی کەموێنە چوارچێوەکانی دروستکردوە. بەرخۆریی سێکسیی پەیوەندار بە خودئەڤینییەکی پاسۆلۆژیەوە. پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە کێ لەم دۆخە بەرپرسە؟  لە پازدە ساڵی ڕابردوودا من بەرگریم لەو تێزە کردوە کە ئەم شڵەژانە بەھایی و ئەم قەیرانە ئەخلاقیی و ویژدانیانە دیاردەیەکن لەناو ”کایەی سیاسیی"ەوە بۆ ناو کایەی کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی و ئەخلاقیی دادەبەزن.  پرۆسەی وێرانکرنی کۆمەڵگای ئێمە پرۆسەیەکە لەسەرەوەە بۆ خوارەوە دادەبەزێت، لەناو دەسەڵاتی سیاسییەوە دێت و بۆ ناو کایەکانی تر دادەبەزێت. نوخبەکانن بۆگەن دەبن و لەگەڵخۆیاندا سەرجەمی ئەو ڕووبەرانە بۆگەندەکەن کە تیایاندا ئامادەن.

 

ھەر ئەوەی دەستدرێژیکەرەکان بەھۆی پەیوەندییەکانیانەوە بە کەسایەتییە سیاسیی و دەسەڵاتدارەکانەوە ئازاد دەکرێن و درێژە بە ژیانیان لەناو کۆمەڵگادا ئەدەن، ھێمای ئەم پەیوەندییە پتەوەیە کە لە دونیای ئێمەدا لەنێوان بەدڕەوشتیی و پێگە سیاسییە بەھێزەکاندا ئامادەیە. سیاسەتێکی بەدڕەوشت کۆمەڵگایەکی بەدڕەوشت دروستدەکات. فۆرمە بەدڕەوشتەکانی پیاوەتیی، کە بەشی زۆریان لەناو کایەی سیاسیدا دروستدەبن، فۆرمە جیاوازەکانی تاکەکەسبوون و مرۆڤبوون لە دونیای ئێمەدا بەدڕەوشت دەکەن.  ھەر ئەمەیە وادەکات تا ئەو کۆمەڵگایە لەلایەن ئەو دەسەڵات و سیاسییە بەدڕەوشتانەوە بەڕێوەببرێت، ھەتا ئەو کایە سیاسییە سەرەتانییە بوونی ھەبێت، ناتوانین چاوەڕوانی ھیچ جۆرە ڕیفۆرم و چاکسازییەک بین لەناو ھیچ کایەیەکی کۆمەڵایەتیدا.

 

٢١/٦/٢٠١٩

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved