پێداویستیی ”پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی“ نوێ

دەبێت چی لە کوردستاندا ڕووبدات؟

 

 مەریوان وریا قانع

 ئەوەی ئەمڕۆ کوردستان پێویستیی پێیەتی دەسکاریکردنێکی ڕیشەیی ئەو دونیایەیە کە لە دوای ڕاپەڕینەوە دروستکراوە. پێداچوونەوەیە بە کۆڵەکە و تەوەرە سەرەکییەکانیدا، تێپەڕاندنی دونیایەک و دروستکردنی دونیایەکی ترە. ئەمەش بەوە نابێت ئەم یان ئەو کەسایەتی بۆ ناو پەرلەمان بۆ پەرلەمان بگەڕێتەوە، یان ئەم یان ئەو وەزیر ڕێگەی پێبدرێت بچێتەوە ناو حکومەت. یان لێگەڕێن ئەم یان ئەو کەناڵی میدیایی بچێتەوە ئەم یان ئەو شاری کوردستان. ئەم شێوازە لە ڕێکەوتن یاریکردنە بە ھەموو شتێک و بەردەوامیدانە بەو دۆر گەورەیەی ناوی ”ئەزموونی حوکمڕانیی خۆماڵیی“ و ”دیموکراسیەت“ و ”سەروەری یاسا“یە لەھەرێمدا. ئەو عەقڵ و ئەخلاق و بیرکردنەوەیەی ئەم دۆخەی ئەمڕۆکەی دروستکردوە لەو دۆخەی باشتر بۆ دروستناکرێت، گەر تا ڕۆژی قیامەتیش کاتی لەبەردەستدابێت و دەسەڵاتداریەکەشی تا ئەو کۆتایی دونیا بۆ درێژبکرێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لەئارادایە دەرھاویشتەیەکی لۆژیکیی و سیاسیی و ئابوریی و ئەخلاقیی و ڕۆشنبیریی ئەوەیە کە تا ئێستا ئیشیکردوە و ئێستای بەو ھەموو کێشە و قەریرانانەوە دروستکردوە. من باوەڕم وایە ئەو نوخبە سیاسییە باڵادەستەی وڵاتەکە دەبەن بەڕێوە کەڵکی سیاسەتکردن و دەوڵەتداریی و بەڕێوەبردنی وڵاتیان نەماوە. سیاسییە دیارەکانی ئەم نوخبەیە بە گرانبەھاترین مۆدێلی جلوبەرگ و لەپاڵ خانمەکانیاندا کە دەیان ساڵ لەخۆیان گەنجترن، بێ شەرمکردن و برینداربوون، بدەنگێک خاڵی لەھەموو پەشیمانییەک، دەڵێن پارە نەماوە و قاسەکانی وڵات بەتاڵن. بەبێ ئەوەی بۆ ساتێک بە خەیاڵیاندا بێت بەرپرسایرێتی ئەو فەشەلە ھەمەلایەنە ھەلبگرن و شەرافەتی ئەوەیان ھەبێت وازبھێنن.

ئەوەی چاوی ھەبێت و بیەوێت کەمەکێک ورد بڕوانێت بۆی دردەکەوێت کەس خۆی بە ھاوڵاتیی ئەو نیشتیمانە نازانێت. مرۆڤگەلێکی سادەی زۆر ھەن ئامادەن لەدەستی بێدادیی ئەو دونیایە ھەڵبێن و لە دەریاکاندا بخنکێن، دەسەڵاتدارانیش ئامادەن کەی نەیانتوانی بەردەوامبن، بەخۆیان و ماڵ و منداڵ و سەرمایەکانیانەوە ھەڵبێن و لەشوێنێکی تری دونیادا، ژیانی پادشایانەیان بەسەرببەن. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین وێرانکردنی تەواوی میلەتێک و نیشتیمانێکە بەگشتیی، لەبەریەک ھەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگایەکە بەھەموو مێژو و خەون و تواناکانییەوە. لە بیست و پێنجی ساڵی ڕابردوودا حکومەت و دەسەڵاتدارێتییەک دروستبووە دەیان کەسی لە ھیچەوە کردوە بە ملیاردلێر و چەند ھەزار ملیۆنێرێکیش لە ھەڵقە نزیەکەکانی خۆیدا دروستکردوە، بەرامبەر بەوەش ملیۆنان مرۆڤی بێئیش و بێبژێو و بێئومێدیی دروستکردوە کە ھیچ شتێک لە ژیانی خۆیاندا نابینن قابیلی بەرگریلێکردن بێت. ئەوەی لەم دۆخە ترسناکەدا پێویستە، ڕیفراندۆم و خەونی بونیادنانی دەوڵەت نییە، گەمەکردن نییە بە ھەستی سیاسیی و نیشتیمانیی مرۆڤی ئەو دەڤەرە، ئەوەی پێویستە ھێنانەکایەی ”پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی“ نوێیە کە کوردستان بکاتەوە بە نیشتیمانی دانیشتوانەکەی، ھەستی ئەوە لە مرۆڤەکاندا دروستبکاتەوە کە ماڵیان ھەیە و پێویستە بەرگریی لەوماڵە بکەن. ئەم پەیمانە کۆمەڵایەتییە نوێیە ھیچ مانایەکی نابێت گەر لانیکەم ھەموو ئەم ڕەگەز و تەوەرە سەرەکییانە لەخۆنەگرێت:

 

یەکەم: گەشەدان بە تێگەیشتنێک بۆ دەسەڵات کە نیشتیمان وەک موڵکی شەخسی ئەم یان ئەو سەرکردە و ئەم یان ئەو بنەماڵەی سیاسیی و ئەم یان ئەو حیزبی سیاسیی نەبینێت. لەکوێدا دەسەڵات بە لۆژیکی موڵکانە سەیری کۆمەڵگا و نیشتیمان و مرۆڤەکانی کرد، لەوێدا ھەموو ھەستێک بە ئینتیما دەکوژرێت و ھەموو بەھایەک لەناودەبرێت. کۆتاییھێنان بەم ڕوانینە ھەنگاوی ژمارەیەکی گۆڕینی ئەو دونیایەیە. کوردستان بە حوکمی ئەوەی کارخانەیەکی گەورەی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتە، بۆیە پێویستە بۆ ھەموو خاڵێکی دەسەڵات خاڵێکی چاودێریکردن ھەبێت، کە ڕێگربێت لەوەی بەخراپ بەکاربھێنرێت.

دووھەم: دانانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ وازھێنانی سیاسیی لە پلە و پۆستە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان لە کوردستاندا. بەبێ وازھێنانی سیاسیی ناکرێت بیر لە ھیچ جۆرە چاکسازییەکی ڕاستەقینە لە کوردستاندا بکرێتەوە و حوکمڕانیکردنیش لەدەستی چەند کەس و بنەماڵەیەکی بچووک دەربھێندرێت. بەردەوامی دەسەڵاتی سیاسیی بۆ دەیان ساڵ لەلایەن چەند کەس و گروپێکی بچووکەوە نەک تەنھا ڕەچەتەی گەندەڵبوونی سیاسەت و لەوێشەوە گەندەڵبوونی کۆمەڵگایە، بەڵکو ئیھانەیەکی گەورەشە بە ھەموو مرۆڤێک لەناو ئەو جوگرافیا سیاسیەدا بژیی.

سێھەم: ھیچ سیستمێکی سیاسیی، پەرلەمانی یان ناپەرلەمانی، ناتوانێت بژیی و کاربکات بەبێ بوونی کۆمەڵێک چوارچێوەی نیشتیمانیی کە کۆمەڵگا خاوەنیان بێت و ھەموو کۆمەڵگاش بە چوارچێوەی سەرەکیی خۆی بزانێت. ئەم چوارچێوەیەش دەبێتە پێگەیەک بۆ کۆکردنەوەی ھێزە چەکدارەکان، بەھەموو شێوەکانییەوە لەیەک ھێزی سەربەخۆدا، بۆ ڕێکخستنی ئابوریی، بەھەموو دەرکەوتەکانییەوە لەیەک ئابوریی نیشتیمانیدا، بۆ ئیدارەدانی میدیا بەھەموو مۆدێلەکانییەوە لەناو یەک ئەخلاقیی پیشەییدا،، بۆ ئاراستەکردنی سیستمی پەروەردە و فێربوون بە ھەموو کەرتەکانییەوە بەئاراستەی دروستکردنی مرۆڤێکی ھۆشیار و سەربەخۆ و ئازاد، بۆ سیستمی داوەریی و پیادەکردنی یاساکان لەھەموو بوارەکاندا بەرامبەر بەھەمووان بەشێوەیەکی یەکسان.

چوارەم: لەڕووی سیاسییەوە گۆڕینی سیستمی سەرۆکایەتیی بە سیستمی پەرلەمانیی کە تیایدا ھیچ خاڵێکی دەسەڵات بوونی نەبێت لەدەرەوەی چاودێریکردن و لێپرسینەوەدا، ئەرکێکی ھەنووکەیی گرنگ و بنەڕەتییە. ئەوەی دەبێت دروستببێت پەرلەمانێکە ھەموو شێواز و جۆرەکانی تری دەسەڵات لەبەردەمیدا بەرپرسیار بێت. نابێت ھەڵقەی گرنگتر و بەھێزتری دەسەڵات لەدەرەوەی پەرەلەمان و حکومەتێک بەرپرس لەبەردەمی پەرلەماندا بوونی ھەبێت.

پێنجەم: لە دۆخی ئەمڕۆکەی کوردستاندا بەگژاچوونەوەی گەندەڵیی ئەرکی ژمارەیەکەی ھەموو دەزگاکانی حوکمڕانییە. ئەوەی ئەمڕۆلە کوردستاندا ھەیە و ئامادەیە گۆڕینیی گندەڵییە لەبەھەیاکی بۆگەنەوە بۆ بەھای سەرەکیی ناو زۆربەی کایە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ڕۆشنبیرییەکان. گەندەڵی سەرەتانێکی گەورەیە لەناو دەسەڵات و حکومەت و حیزبەوە بۆناو کۆمەڵگا دابەزیوە. ئەمەش پەیوەندیی بە سروشتی گریمانکراوی خەڵک و کۆمەڵگا و کوردبوونەوە نییە، بەڵکو دەرەنجامێکی لۆژیکیی ئەو شێوازی حوکمڕانییە لە کوردستاندا یەک چارەکە سەدەیە سەروەرە. دروستکردنی دەزگایەکی بەھێز کە توانای لێپرسینەوەی لە شێوازە جیاوازەکانی گەندەڵیی ھەبێت، ئەرکی ژمارەیەکی ناو ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە نوێیە کە پێویستە ببەسترێت.

شەشەم: پێداچوونەوەیەکی ڕیشیەیی بە سیاسەتی نەوتیی ھەرێمدا. ھیچ شتێک بە ئەندازەی نەوت ڕۆڵی لە وێرانکردنی دونیای ئێمەدا نەبینوە، لەھەموو ئاستەکاندا. ململانێ سیاسییەکان، گەندەڵییە گەورەکان، خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات، دروستکردنی پەیوەندیی ناھاوسەنگ و ترسناک لەگەڵ دەر و دراوسێ ئیقلیمیەکاندا، بەرھەمھێنانی عەقڵیەت و ئەخلاق و چاوەڕوانیی کۆمەڵایەتیی نەخۆش، بە گشتیکردنیی تەمبەڵیی و بڵاوبوونەوەی سەلەفیەتی دینیی، دروستکردنی کۆمەڵگایەک لە فەرمانبەری بێکار، دروستکردنی ئەو ھەموو دەزگا میدییا وێرانکەرانە کە وەک میلیشیایی حیزبیی و تاکەکەسیی کاردەکەن، ھەموویان پەیوەستن بە ئابوریی نەوتەوە. ئەوەی لەم ئاستەدا پێویستە ڕووبدات ئەوەیە کە سیاسەتی نەوت و غاز لەوە دەرچێت گرێدرابێت بە ویستی گروپێکی بچووک و داخراوەوە. ئەمڕۆ لەھەموو شتێک پێویستر ئەوەیە کۆمەڵگا بزانێت چۆن نەوت بەرھەم دەھێنرێت، چەند بەرھەمدەھێنرێت، چەند دەفرۆشێت، چۆن دەفرۆشرێت، بەچەند و بەکێ دەفرۆشرێت، پارەکانی دەچێتە کوێوە و چۆن بەکاردەھێنرێت و چۆن خەرجدەکرێت.

حەوتەم: لە پەیوەندیدا بەو خاڵەی سەرەوە سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ئابوریی کوردستان و تەئمیمکردنی کۆمپانییا حیزبییەکان و کردنیان بە کۆمپانیای حکومی مەسەلەیەکی ستراتیژیی گرنگە. یەکێک لە کێشە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی ئەمڕۆکەی کوردستان ئەوەیە کە حیزب تەنھا گەمەکەرێکی سیاسیی نییە، بەڵکو دەعەجانێکی ئابوریی گەورەشە کە شتێکی بەناوی ئابورییەکی ئازاد و ڕوون و شەفاف و یاساییەوە، نەھێشتۆتەوە. خاوەندارێتی حیزب بۆ کۆمپانیا گەورەکان سەرچاوەی ئەو کێشە سەرەکیی و بنەڕەتییەیە کە کێشەی تێکەڵکردنی سیاسەت و ئابورییە بەیەکتری. بەبێ قرتاندنی ئەم پەیوەندییە و بەبێ جیاکردنەوەی ئەم دوو کایەیە لەیەکتری، زەحمەتە ھیچ گۆڕانکارییەکی قابیلی باسکردن ڕووبدات.

ھەشتەم: سەندنەوەی کۆمپانیاکان لەحیزب ھەنگاوێکە بۆ سەر لەنوێ ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان حیزب و حکومڕانیی و حیزب و کۆمەڵگا. سەندنەوەی توانا ئابورییەکان لە حیزب مانای سەندنەوەی جومگەیەکی سەرەکیی دەسەڵاتە لە ھەموو ئەو ھەڵقە سەرەتانیانەی دەسەڵات کە بەدەوری حیزبدا دروستدەبن. ئەمە وادەکات ھەم حیزب بچووکببێتەوە و ئەو ھەموو مقەڕ و فەرمانبەر و میدیا و دەزگایانەی نەبێت کە ئەمڕۆ ھەیەتی، ھەم ئەوانەشی ئەندامی ”مەکتەبی سیاسیی“ ئەو حیزبانەن ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆیان نەمێنێت و ناچاربن لە حیزبەوە بپەڕنەوە بۆناو دەزگاکانی حوکمڕانیی. بەمەش بکەونە ژێر لێپرسینەوەی پەرلەمانیی و سنووردادانان بۆ دەسەڵاتەکانیان. ئەمە جگە لەوەی کە ئەم دابڕانەی حیزب لە ئابوریی پەیوەندیی نێوان حیزب و کۆمەڵگا دەباتە ئاستێکی تەندروستر و کراوەترەوە. لە وڵاتێکدا کە حکومەت و پەرلەمان ھەبوو، مەکتەبی سیاسیی ھیچ حیزبێک مافی ھیچجۆرە بڕیارێکی مولزەمی بۆ حکومەت نامێنێت و ھەموو کێشەکان لە چوارچێوەی حکومەت و پەرلەماندا چارەسەردەکرێن.

نۆھەم: ڕێکەوتنی تەواو لەسەر ئەوەی نیشتیمان ھی ھەمووانە و ھی ھیچ ھێز و گروپ و کەسایەتیی و حیزبێک بەتەنھا نییە. ئەمەش لەدۆخی ئەمڕۆکەی کوردستاندا مانای کۆتاییھێنان بە عەقڵیەتی سنوورکێشان لەنێوان ئەمدیو و ئەودیویی دێگەڵەدا. لەم پیمانە نوێیەدا کەس و ھیچ ھێز و لایەنێک بۆی نەبێت ھیچ شار و گوند و سنوورێکی کوردستان بەڕووی ھیچ ھێز و میدیا و حیزب و پرۆژەیەکدا دابخات، کە لەگەڵ قازانجی ئەودا نەیەتەوە.

دەھەم: پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە ئایا ئەم پەیمانە نوێیە بە چی و کێ و کام ھێز پیادەدەکرێت؟ ئەوەی لای من ڕوونە ئەوەیە ئەو نوخبە دەسەڵاتدارەی ئەمڕۆکە حوکمڕانن ئەو ھێزە نین ببنە ھەڵگری ئەم پرۆژەیە. بۆیە بەبێ فشاری گەورە، ناوەکیی و دەرەکیی، بەبێ ناچارکردنی بەردەوام، بەبێ وزەیەکی ڕەخنەیی تا ئاستی یاخیبوون و دەرگیریی، پیادەکردنی ئەم پرۆژەیە مەحاڵە. لەمێژە گوتراوە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی سیاسەت بریتییە لە کردنی مەحاڵ بە واقیع، کۆمەڵگای ئێمە جگە لە ھەوڵدان بۆ ڕامکردنی ئەو مەحاڵە ھیچ ئەگەرێکی تری لەبەردەمدا نەماوەتەوە.

تێبینی:

 لە پەیجەکەی خۆیەوە وەرگیراوە

 

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved