بۆ زارای محەمەدی: سوپاس بۆ ژنێك كە بە مەرجەوە دەژی

 

 

مەریوان وریا قانیع

 

 

بڕیاری زیندانیكردنی زارا محەمەدی بۆ ماوەی دە ساڵ لەبەرئەوەی وانەی زمانی بە كۆمەڵێك خوێندكار گوتوەتەوە، تاوانێكە مەگەر تەنھا لەناو سیستمێكی سیاسیی و یاسایی ھاوشێوەی ئەوەی ئایەتوڵاكانی ئێراندا دەربچێت.

 

وێناكردنی زمان وەك ھەڕەشە، وەك مەسەلەی ئاسایش، تەعبیرە لە فۆبیایەكی سیاسیی و ئەمنیی، لە عەقڵیەتێكی سیاسیی ترسناك، كە ئاكاری سەرەكیی ئەو ڕژێمەیە لە ئێراندا حوكمڕانیی دەكات. لە سەدەی بیستەمدا و لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا كە دروست دەكرێن. كورد دووچاری دوو كێشەی سەرەكیی دەبێت.

 

یەكەمیان كێشەی بە ”كەمینەبوون"ە لە چوارچێوەی چەند دەوڵەتێكی نادیموكراس و ستەمگەردا كە سنورەكانی ئەو دەوڵەتانە وەك پێدراوێكی موقەدەس وێنادەكەن. دووھەمیان بە ”ئەمنیكردنی" سەرجەمی خواست و داخوازییە سادە و دەستەجەمعیەكانی ئەم بە كەمینەكراوەیە و سەریكردنیەتی وەك ھەڕەشەیەكی ئەمنیی. ئەوەی لە دۆخی ئەم خانمەدا دەیبینین كۆبوونەوە و بەرجەستەبوونێكی ئاشكرای ھەردوو كێشەكەیە.

 

یەكەمیان كورتكردنەوەی كوردە لە ناو سیستمی حوكمڕانی ئەمڕۆكەی ئایەتوڵاكانی ئێراندا بۆ كەمینەیەكی بێماف. دووھەمیان سەیركردنی ھەر مافێك لە مافەكانیەتی، بە مافی فێربوون و خوێندنی زمانەكەیەوە، وەك ھەڕەشەیەكی ئەمنیی.

 

زمان موڵكی ئەوانەیە كە قسەی پێدەكەن، بەشێكە لە شوناس و ئاكاریان، ئامرازیی پەیوەندییكردنی ئەوانە بە جیھان و بە یەكتریی و بە خۆشیانەوە. ھەر مامەڵەكردنێكی زمان وەك ھەڕەشەیەكی ئەمنی، تەعەداكردنێكی ڕاستەوخۆیە لە سەرەتاییترین مافی ھەڵگرانی ئەو زمانە و لە مرڤبوونی ئەوان. پاراستنی زمان بەشێكە لە پاراستنی پلورالبوونی جیھان و پلورالبوونی مرۆڤەكان.

 

ئەوەی بەرامبەر بەم خانمە ئەنجامدراوە تەنھا تەعداكردنە سەر مافی ئەو نییە وەك مرۆڤێك و سەر زمانەكەی وەك زمانی میلەتێك، بەڵكو تەعداكردنیشە لە پلورالبوونی جیھان و لە فرەیی مرۆڤەكان.ڕژێمی ئایەتوڵاكان ڕژێمێكە لە دەرەوەی مێژوودا و لە دەرەوەی مافە ھەرە سادەكانی مرۆڤدا. ڕژێمێكە بە سەدان شێوە تاوانبار و بە سەدان شێوە ترسناك. ڕژێمێك دژ بە مرۆڤ لە مانا ھەرە سادەكانی مرۆڤبووندا، دژ بە مرۆڤ وەك خاوەنی زمانێك لە زمانە زۆرەكانی جیھان.

 

ئەوەی لە سەدەی بیست و یەكەمدا حوكمڕانییەك لە ئارادابێت لە بوونی زمانێك بترسێت، پێشئەوەی شتێك لەسەر زمانەكە و ھەڵگرەكانی بڵێت، شتێك لەسەر ئەو حوكمڕانییە دەڵێت: حوكمڕانییەك دژ بە ئینسان، چنراو بە تاوان و بە سوكایەتیكردن بە سادەترین مافەكان.

 

سڵاو لەم خانمە ئازا و خاوەن ئیرادەیە، لە مرۆڤێك لە سەختترین ساتیشدا ڕازینییە بەبێ مەرج و بەبێ ڕێزگرتنی خۆی و ڕێزگرتنی زمانەكەی وەك بەشێك لە خۆی، بژیی.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved