ھێرشی تورکیا بۆسەر کورد: کە وەک کورد پەلاماردرایت پێویستە وەک کود بەرگریی لەخۆت بکەیت

 

 

مه‌ریوان وریا قانع

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لە ساڵی ١٩٦٤، ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانیی ئەمریکیی ھانا ئارێنت سەبارەت بە ھێرشکردنە سەر جولەکە وەک جولەکە دەڵێت: ”ئەگەر کەسێک وەک جولەکە ھێرشی کرایەسەر پێویستە ئەو کەسە وەک جولەکە بەرگریی لەخۆی بکەیت، نەک وەک ئەڵمانییەک، نەک وەک ھاوڵاتییەکی جیھانیی،. نەک وەک ھەڵگری مافەکانی مرۆڤ، یاخود ھەر شتێکی تر“. ھەروەھا دەنووسێت ”کەسێک وەک جولەکە ھێرشی بکرێتەسەر ناتوانێت وەک ئینگلیزێک یان فەرەنسییەک بەرگریی لەخۆی بکات“. ئەوەی ھانا ئارێنت لێرەدا پێی لەسەر دادەگرێت بەرگریکردنی مۆڤە لە خۆی وەک مرۆڤێکی کۆنکریتیی ناو ژینگەیەکی کۆنکریت بە بوونێکی کۆنکریتەوە. وەک کەسێک ھەڵگری شوناسێکی تایبەت، وەک فۆرمێک لە ئینسانبوون خاوەنی تایبەتمەندێتی خۆی. بەرگیرکردن لە مرۆڤایەتی ئەبستراکت، لە مرۆڤ بە مانا موجەرەدەکەی، ناتوانێت ئەو فۆرمانەی ژیان و ئەو فۆرمانەی شوناس بپارێزێت کە ھەڵگری خەسڵەتی تایبەتن و ئەو خەسڵەتەش وایان لێدەکات پەلامار بدرێن.

 

لەو دیدەی سەرەوەدا ھانا ئارێنت ڕەخنە لەو دیدە مرۆڤدۆست، ھیومانیستییە، موجەرەدە دەگرێت کە بە ئەزموون دەرکەوتوە ناتوانێت فریای ئەوانە بکەوێت کە لەبەر فۆرمێکی تایبەتی شوناس و فۆرمێکی تایبەتی مرۆڤبوونیان، پەلامارئەدرێن. ھەروەھا بەرگریی لەوەش دەکات کە نابێت مرۆڤ تەسلیم بە خواست و فشار و پەلاماریی ئەو سیستمە باڵادەستانەبیت، کە کەسەکانیان بەو شێوەیە قبووڵ نییە کە ھەن و کە دەیانەوێت ھەبن.

 

کەسێک وەک ڕەشپێست ھێرشی بکرێت سەر پێویستە وەک ڕەشپێست بەگریی لەخۆی بکات، کەسێک وەک ژن ھێرشی بکرێتەسەر پێیستە وەک ژن بەرگریی لەخۆی بکات، کەسێکیش وەک مەسیحیی یان موسڵمان یان عەلمانی یان بێدین، ھێرشی بکرێتەسەر پێویستە وەک مەسیحی وەک موسڵمان وەک عەلمانیی و وەک بێدین بەرگریی لەخۆی بکات. ژیانی ئینسانەکان لە جیھاندا ژیانێکی فرەڕەنگ و پلورالە، ئەوەی پێویستە ئەنجامبدرێت پاراستنی ئەم پلوارلبوون و فرەڕەنگییەیە نەک سەپاندنی ئەم یان ئەو فۆرمی مرۆڤبوون بەسەر ئەوانیتریاندا. بەرگریی ڕاستەقینەی کەسێک، کۆمەڵەیەک، میلەتێک ئەوەیە بەرگریەک بێت بەناوی ئەو کەس و کۆمەڵە و میلەتەوە.

 

ئێستا لەبەردەمی ھێرشی سوپای تورکیادا بۆسەر کوردانی باکور و ھاتنی ئەم سوپایە بۆ ھەرێم، بەرگریی ڕاستەقینە بەرگرییە بەناوی کوردبوونەوە، بەناوی شوناسێکەوە کە بە میلەتێکی چەند ملیۆنی بوونێکی تایبەت و پێگەیەکەی تایبەت لەناو جیھانی ئەمڕۆدا دەبەخشێت. تورکیا کە توانای قبووڵکرنی ھیچ فۆرمێکی کوردبوونی نییە، مەگەر ئەو فۆرمانە نەبێت کە خۆی بەسەریدا دەسەپێنێت، بەرگریکردن بەناوی کوردبوونەوە فۆرمی سەرەکیی و ڕاستەقینەی بەرگرییکردنە. کە وەک کورد پەلاماردرایت پێویستە وەک کود بەرگریی لەخۆت بکەیت.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved