دەسەڵاتدارێتی و درۆ: نەمانی متمانە بە ھیچ شتێک

 

 

مەریوان وریا قانیع

ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی، ھانا ئارێنت، باس لە ڕاستییەکی زۆر سادە و گرنگ لە پەیوەندیدا بە دەسەڵاتە ستمگەرەکانەوە دەکات: یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی دەسەڵاتە ستەمگەرەکان، ئیتر چ دەسەڵاتێکی تۆتالیتاریی یان ھەر شێوەیەکی تر لە دەسەڵاتی ستەمگەریی بێت، ڕێگرتنە لەوەی خەڵک دەستیان بە زانیاریی بگات و لەوە ئاگاداربن چی ڕووئەدات. ستمەگەریی و ڕێگرتن لە ئاشکرابوونی ڕاستییەکان دووانەیەکی لێکدانەبڕاون. دیوی ئەودیوی ئەم ڕێگرتنە لە ئاشکرابوونی ڕاستییەکان و گەیشتنی زانیاریی ڕاست بە کۆمەڵگا درۆکردنە.

 

 لە ڕاستیدا درۆکردن لەگەڵ کۆمەڵگا و خەڵک و تاکەکەسەکاندا یەکێکە لە ئامرازە ھەرە سەرەکییەکانی ئەو فۆرمانە لە حوکمڕانیی کە ستەمگەرن. بە پێچەوانەی زۆرێک لە نووسەرانی ترەوە، ھانا ئارێنت، باوەڕی وایە ئەگەر حوکمڕانان بە بەردەوامی درۆ لەگەڵ کۆمەڵگادا بکەن، مەترسییەکە ئەوە نییە خەڵکەکە باوەڕ بە درۆکان بکەن و وەک ھەقیقەت مامەڵەیان بکەن، بەڵکو لەوەدایە ئەم درۆکردنە ببێتە ھۆکاری ئەوەی ھیچ کەسێک باوەڕی بە ھیچ شتێک نەمێنێت. ھەر شتێکیش چەند ڕاستبێت، ببێتە مایەی دڕدۆنگیی و گاڵتەجاڕیی و متمانەپێنەکردن. ئەم درۆکردنە بەردەوامە و ئەم ونکردنە سیستماتیکی و بەمەبەستەی باوەڕکردن بە ڕاستیی، یان دروستکردنی ھۆشیارانەی دۆخی باوەڕنەمان بە ھیچ شتێک، وادەکات نەک تەنھا خەڵک نەتوانن ببنە خاوەنی ھیچ کردەیەکی مێژوویی، بەڵکو نەشتوانن بیربکەنەوە و توانای بیرکردنەوە و داوەریکردن لەدەستبدەن. لە ھەر شوێنێکیشدا دەسەڵاتداران لەوەدا سەرکەوتن ئەو دۆخی باوەڕنەمانە دروستبکەن، وابکەن کەس باوەڕی بە ھیچ شتێک نەمێنێت، لەوێدا، ئیفلیجبوونێکی کۆمەڵایەتیی گەورە دروستدەبێت و ڕێ لە ھەر کردەیەکی مێژوویی بەسەمەر دەگیرێت.

 

ھەر حوکمڕانییەکیش بە درۆکردن دەستیپێکرد و درۆکردن کۆڵەکەی سەرەکیی دەسەڵاتدارێتیەکەی بوو، وایلێدێت بەردەوام ھەم پێویستی بە درۆی تازە و ھەم بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی درۆ کۆنەکانی ھەبێت. لەم ڕووەوە مێژوویەک بۆ خۆی و بۆ کۆمەڵگاکەی دروستدەکات کە ژێرخان و بناغەکەی درۆکردنە. تەفسیرەکانی بۆ خۆی و بۆ دیاردەکان و بۆ کۆمەڵگاش ھەر لەسەر درۆ ھەڵچنرابن. ئەوەی ئێستا لە ھەرێمدا ڕوودەدات گەیشتنە بەم خاڵی باوەڕنەمانەی کۆمەگایە بە ھیچ شتێک، لە ڕێگای ئەزموونکردنی گواستنەوە لەم درۆەوە بۆ ئەویتر. ئەوەی باڵادەستە دروستبوونی جۆرێکە لە بەدگومانیی بەھێز کە وادەکات ھەموو شتەکان بەیەکتری یەکسان بکرێن و درۆ بچێتە شوێنی ڕاستیی و ڕاستیش وەک درۆیەکی تر مامەڵەبکرێت. ئەمەش وادەکات کەسەکان توانای جیاکردنەوەی باش لە خراپ و توانای داوەریکردن و حوکمدان بەسەر باش و خراپدا وونبکەن. درۆی دەسەڵات وەک درۆی ئەم یان ئەو تاکەسی ناو کۆمەڵگا نییە، درۆی دەسەڵات کۆمەڵگایەک دروستدەکات ھەموو متمانە و باوەڕێک بە ڕاستییەکان لەدەستبدات. گومانکردن لە ھەقیقەتی بوونی کۆرۆنا وەک ھەڕەشەیەکی گەورە لەمڕۆدا بەشێکە لەم وێنە گەورەیەی لەدەستدانی باوەڕ و متمانە بە ھەمووشتێک

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved