وەتەن

       مامۆستا پاریز

 

وه‌ته‌ن سه‌رچاوه‌ی دین و ئیمانی

مایه‌ی سه‌ربه‌رزی سه‌ر ڕووی جیهانی

خاکه‌که‌ت به‌رتر له‌ زیو و گه‌وهه‌ر

ئاوه‌که‌ت چه‌شنی زه‌مزه‌م و که‌وسه‌ر

که‌ژ و کۆسارت جۆرێ یادگار

ده‌لیلی ئیسبات خوای په‌روه‌ردگار

شنه‌ی شه‌ماڵت له‌ به‌ری به‌یان

لا ئه‌بات له‌ دڵ خه‌می ڕووی زه‌مان

کاتێ بینینت خۆشه‌ بۆ دڵدار

دێن بۆ پێشوازت له‌ وه‌رزی به‌هار

کوێستانه‌کانت به‌ سه‌د ره‌نگه‌وه‌

باڵنده‌کانت به‌ سه‌د ده‌نگه‌وه‌

هه‌ر گوڵ به‌ جۆرێک دیمه‌ن ئه‌نوێنێ

هه‌ر مه‌ل به‌ سه‌د جۆر ئاواز ئه‌خوێنێ

له‌ غوربه‌تیم دا تۆ قیبله‌گامی

مه‌رهه‌می ساڕێژ دڵه‌ی پڕ زامی

ئه‌ر خه‌تا بکه‌م له‌ بیر و هه‌ستم

وێڵم،دێوانه‌م،بێ ڕه‌وام،په‌ستم

وه‌هایه‌ داوام له‌ په‌روه‌ردگار

که‌ بتپارێزێ بۆ گه‌لی هه‌ژار

ئه‌وان په‌روانه‌ و ئه‌تۆ وه‌کوو شه‌م

ئه‌سووڕێنه‌وه‌ له‌ ده‌ورت سه‌رجه‌م

پاریز له‌ دوایی ئه‌وه‌ی داوایه‌

بدره‌وشێیته‌وه‌ له‌ ئه‌م دونیایه‌


Qadirzada.com © 2009. All rights reserved