لە ساڵیادی مامە قالە( قالە مەڕە)دا

 

 

لەساڵ یادی مامە قالەدا  

 

قادر عەبدوڵڵازادە ناسراو بە قالەمەڕە ھونەرمەندی شمشاڵژەن ساڵی ١٩٢٥ (١ی سەرماوەزی ١٣٠٤ کۆچیی ھەتاوی) لە گوندی کولیجە سەر بە بۆکان ھاتە دنیا. ناوی باوکی ناوی محەمەد بووە و لە لایەن شێخ محەمەد شێخی بورھان لە ناوچەی موکریان، کە قادری زۆری خۆش دەویست، لەبەر ئەوەی کە مێرمنداڵێکی زۆر ھێدی و ئارام بووە نازناوی قاڵە مەڕەی پێبەخشرا. لە ساڵانی پەنجاکان و ساڵانی دواتر لە ناوەندەکانی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی کرماشان، سنە، تاران، مەھاباد و ورمێ بە دەنگی سحراوی و ئاسمانی و بەربڵاوی شمشاڵەکەی چەندین پارچە موزیکی جوان و رەسەنی پێشکەش کرد و ھونەری موزیکی کوردی بە شکۆیەکی بێ وێنەوە ھێنایە گۆڕەپانی ھونەرییەوە.

 

دواتر بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە گەڵ ھونەرمەندی گۆرانیبێژی بەتوانای کورد حەسەن زیرەک ھاوکاری ھونەری کرد و لە پێشکەش کردنی گۆرانییەکانیدا بە ئامێری شمشاڵ یارمەتی دەدا. قاڵە مەڕە باوکی نەبینیووە و دایکیشی لە تەمەنی ٦ ساڵانیدا کۆچی دوایی دەکا. ھەر وەک خۆی دەڵێ تەواوی ژیانی بە نارەحەتی و برسێتی و چارەڕشی تێپەڕ کردووە. ساڵی ١٩٤٥-١٩٤٦ پەیوەندی بە کۆماری مەھابادەوە گرتووە و دۆستایەتییەکی نزیکیشی لە گەڵ نەمران ھەژار و ھێمن موکریانی دا ھەبووە. لە دوای لەسێدارەدرانی قازی موحەممەدی سەرۆک کۆمار، قاچاغ دەبێ و ھانا دەباتە ئەشکەوتی گوڵاڵە، یان پەنای دەباتە ماڵی عەباس ئاغای سەرکەپکان و ئەحمەد ئاغای کۆیە. ساڵانی ١٩٦٧-١٩٦٨ بۆتە ھاوڕێی مەلا ئاوارە و مەلا مەحموودی زەنگەنە و سولەیمانی موعینی. ھەر لەو سەروبەندەدا ماڵیان دەچێتە دەڤەری بۆکان. تا ساڵی ١٩٨٥ ھەر بە سەڵتی ژیاوە و خێزانی پێکنەھێناوە. ھونەرمەند قالەمەڕە ھەمیشە لە خەباتی کورددا بەشداری کردووە و ھاوڕێ و ھاوشانی تێکۆشەران بووە. تا سەردەمای شۆرشی گەلانی ئێران واتە ساڵی ١٩٧٨ بە نھێنی لەگەڵ جووڵانەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بووە.

 

گرینگی شمشاڵەکەی قالەمەڕە لە ئاستێک دایە کە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری مۆسیقا نەتەنیا نەیانتوانیوە خۆ لە ھونەرەکەی لادەن بەڵکوو تەنانەت وەک بلیمەتێک باسی قالەمەڕ دەکەن. بۆ نموونە مامۆستا ئەنوەر قەرەداخی سەبارەت بە قالەمەڕە دەڵێ: پەنجەکانی مامەقالە پەنجەیەکی کورتی رەسەن، پەنجەیەکە کەوا ئێمە کەم کەس ھەیە بەم شێوازە بتوانین دەستی بۆ درێژ بکەین زۆر پێویستە ئێمە بەو پەڕی رێزەوە بەو پەڕی گەورەییەوە بڕوانینە مامە قالە تەجرەبەی ژیانی ئەو بکەینە نووسراوێک لە کتێبەکاندا بڵاوی بکەینەوە، نەوەکانی داھاتوومان دەیان ماجستەرنامە و دکتۆرا نامەی لە سەری بنووسن.

 

ھەروەھا مامۆستا ع.ج. سەگرمە ش لە سەر ھونەری قالەکەڕە ئاوا دەبێژێت: قالەمەڕە شمشاڵژەنێکی بەتوانا و لێھاتووە، شارەزاییەکی زۆری لە موزیکی کوردی دا ھەیە شارەزاییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە نیو سەدە ژەنینی ئەو ئامێرە. دەتوانم بڵێم لووتکەی ژەنینی ئامێری شمشاڵ لە موزیکی کوردیدا لە ژەنینەکەی قالەمەڕە دایە. ھەروەھا دەتوانم بە حەسەن زیرەکی بەناوبانگی بەراورد بکەم و بڵێم ئەگەر حەسەن زیرەک بەتواناترین و بەناوبانگترین گۆرانی بێژی میللی مووزیکی کوردی سەدەی بیستەم بووبێت، ئەوا قالەمەڕەش بە دڵنیاییەوە چاکترین شمشاڵ ژەنی موزیکی کوردی سەدەی بیستەمە.

 

مامۆستا حسێن یووسف زەمانی، مۆسیقاری بەناوبانگی کوردیش دەیان جار لە سەر ھونەر و بلیمەتی قالەمەڕە دواوە. ..

 

ھونەرمەندی موزیک و بەیت و حەیران و لاوک و گۆرانی و مەقاماتی رەسەن و فۆلکلۆری کوردستان قالە مەڕە خاوەنی چەندین بەرھەمی پڕبایەخ و بەھێز و جوانە کە ھەموویان مۆرکی تایبەتی ئەم ھونەرمەندەیان پێوە دیارە و ناسنامەی ھونەری موزیکی دەوڵەمەندی کوردین و بۆ ھەمیشە دەمێننەوە. بابەتی زۆربەی بەرھەمەکانی حەماسی و مێژوویی و عاشقانەیە و وەبیرھێنەرەوەی سیمای گوند و شارەکان و سروشتی جوانی کوردستانن و ھەر کامەو بە جۆرێک مێژووی نەتەوەی کورد دەگێڕنەوەو لە دەزگا جۆراوجۆرەکاندا زۆر بە جوانی پێشکەشی کردوون.

 

لە نێو ھونەرمەندانی موزیکزانی وڵاتی ئێران و لە فیستیڤاڵە گەورە و پربایەخەکانی ھونەری موزیک لە ئێران ھونەرمەند قادر عەبدوڵڵازادە بە نازناوی "گنج متحرک" ناسراوە واتە "گەنجینەیەک کە دەگەڕێت" ناسرابوو، ئەمەش بە ھۆی ئەوەی کە ئەم بلیمەتە وەکوو گەنجینەیەکە کە پڕە لە موزیک و بەیت و حەیران و لاوک و گۆرانی و مەقاماتی رەسەن و فۆلکلۆری ھونەری موزیکی دەوڵەمەند و رەنگین و جوانی کوردستان.

 

ھونەری موزیک و گۆرانی و شمشاڵی کوردستان بێگومان مرۆڤ وەبیر ھونەرمەند قالە مەڕە دەخاتەوە. چونکە ئەم ھونەرمەندە بێ ھاوتایە لە بواری ژەنینی بەیت و حەیران و لاوک و مەقام و گۆرانی و سەرجەم ئاوازەکانی جۆراوجۆری موزیکی کوردستاندا توانایەکی لە رادەبەدەر و شارەزاییەکی تەواوی ھەبوو.

 

لە لایەکی دیکەوە ھونەرمەند قالە مەڕە لە دوو دەیەی رابردوودا لە سەر بانگھێشتی خوێندکارانی کورد لە زۆربەی ھەرە زۆری رێوڕەسمی ساڵوەگەری کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە لە زانکۆکانی جۆراوجۆری وڵاتی ئێران ئامادە بووە و بە دەنگی بەسۆز و سحراوی شمشاڵەکەی کۆڕەکەی رازاندۆتەوە.

 

قالە مەڕە لە ماوەی ساڵانی کار و خزمەتی ھونەری خۆیدا لە زۆربەی فیستیڤاڵە گرینگەکانی بواری ھونەری موزیک لە وڵاتی ئێران لەوانە فیستیڤاڵی موزیکی فەجر لە تاران، فیستیڤاڵی موزیکی ناوچەکانی ئێران لە کرمان و لە بۆنە و فیستیڤاڵەکانی سنە، کرماشان ئیلام، ورمێ، مەھاباد، سەقز، بۆکان و لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان بەشداری کردووە و چەندین خەڵات و شانازی گەورەی بە دەستھێناوە. ھەروەھا لە زۆربەی ئەو فیستیڤاڵانە تابلۆی سوپاس و رێزلێنانی پێ بەخشراوە.

 

ھونەرمەندی میللی و شمشاڵ ژەنی ناوداری کوردستان و ئێران و جیھان قادرعەبدوڵڵازادە ناسراو بە "قالە مەڕە"، شەوی پێنجشەممە ٢١ی مەی ٢٠٠٩ لە کاتژمێر ٢٢:١٥ بەکاتی ھەولێر، لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا بە ھۆی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ماڵی خۆی لە شەقامی مامۆستا ھێمن لە کۆڵانی لاچین ١٥ لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد و رۆژی دواتر واتە ھەینی ٢٢/٥/٢٠٠٩ بەشداری ھەزاران کەس لە گەلی بۆکان و شارەکانی دیکەی رۆژھەلاتی کوردستان تەرمی پیرۆزی بە پێی وەسێتی خۆی لە داوێنی ناڵەشکێنە لە پەنای گۆڕی ھونەرمەندی مەزن حەسەن زیرەک بە داوێنی دایکی نیشتمان سپێردرا.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved