ڕوون کردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی و هاوڕێیان و دڵسۆزانی ماکوان کەریم

 هەندێک لە دۆستان و دڵسۆزانی ماکوان ماوەیەکە لێرەو لەوێ پەیوەندیمان پێوە دەکەن کە گوایە بۆ چی ماوەیە ماکوان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دیار نییە و هیچ چالاکییەکی نیەو وەڵامی تەلەفۆن و پرسیارەکانی خەڵکی ناداتەوە..

بۆیە بەباشی دەزانم بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی ڕوون بکەمەوە و وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بدەینەوە کە دڵسۆزانی ماکوان لایان دروست بووە..

خۆشەویستان بەرەبەیانی ١٢ی ئەم مانگە تیمێکی موخابەرات و پۆلیسی نەرویجی بەفەرمانی پۆلیسی ئیتالی هاتنە ماڵەوە و ماکوانیان دەستگیر کرد، و دەستیان گرت بەسەر کۆمپیتەرو تەلەفۆن و هەموو بەڵگەنامە دۆکیونێنتەکانی ماکوان کەریم.

هۆکاری دەستگیرکردنی ماکوان چییە؟

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە لەلایەن پۆلیسی ئیتالیاوە نێردرابوو بۆ موخابەرات و دەستگا ئەمنیەکانی نەرویج ماکوانیان تۆمەتبار کرددوە بەوەی کەوا لە تۆڕی پاڵتاڵک لەو ژوورەی کە م. کرێکار دەرسی تێدا ووتۆتەوە ئەویش بەشدار بووەو لەگەڵ هەندێک لە ئەندامانی ئەو ژوورە بە ڕیبەرایەتی م. کرێکار خەریکی دروستکردنی گروپێکی چەکداریی بوون لە ئەوروپاو لە کوردستان وە هەوڵیان داوە بۆ ئەنجام دانی کاری تیرۆریستی تا زەخت بخەنە سەر حکومەتی نەرویج بۆ ڕزگارکردنی م. کرێکار.

لێرەدا نامەوێت زیاتر تیشک بخەمە سەر ئەمە چونکە هەمووتان کەم تا زۆر لە ڕاگەیاندنەکانەوە هەموو تۆمەتەکانتان بیستووە، لێرەدا مەبەستی من ئەوەیە کە بۆ دڵسۆزانی ماکوانی ڕوون بکەمەوە کە پەیوەندی ماکوان چی بووە بە م. کرێکار هەروەک ماکوان خۆیی چەندین و چەند جار ئەمەی لە ڕاگەیاندنەکان و لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و تەنانەت بۆ دەزگا ئەمنیەکانی نەرویجی ڕوون کردۆتەوە.

هەمووتان ئەوە دەزانن ماکوان سەر بە هیچ حیزب و ڕێکخراو و گروپێک نەبووە و بە نیازیش نیە لە داهاتوودا ببێت، بۆیە هەموو جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ماکوان خزمەتکارێکی ئەم دینەیە و دەیەوێت بەسەربەخۆیی خزمەت بە دین و خاک و نیشتمانی بکات، چونکە ماکوان پێی وایە کە بەسەربەخۆ کارکردن زیاتر سەرکەوتوو دەبێت و قسە و ڕێنمایی و ئامۆژگاریەکانی لە دڵی جەماوەردا جێگیرتر دەبێت وەک لەوەی لە ناو حزبێک یاخود گرووپ و ڕێکخراوەکاندا سنوردار بکرێت و ڕێ‌وبۆچونەکانی لە فلتەر بدرێت.

هەمووشمان ئاگامان وە هەیە کە پەیوەندی ماکوان بە م. کرێکار تەنها پەیوەندی برایەتی موسڵمانانەو گەیاندنیەوەی دەنگی م. کرێکار بوو بە کوردستان لە ڕێگای چاوپێکەوتن و بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی و کاروباری ڕۆژنامەوانی بوو لە کوردستان، کاتێک ماکوان پشتگیری لە م. کرێکار دەکرد، چونکە پێی وایە کە ئەم پیاوە زوڵمی لێکراوە و دەنگی کپ کراوە بۆیە پشگیری دەکرد.

لەکاتێکدا کە کەسە نزیکەکانی خۆی لە کوردستان تەنانەت نەشیان دەوێرا ناوی بەرن ئەم چووە ماڵەکەی و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردو وێنەی لەگەڵ گرت و بڵاوی کردووە، کە بەهۆکاری ئەوە چەندین جار لەلایەن دەستگا ئەمنیەکانی کوردستان و نەرویج لێکۆڵێنەوە لەسەر ماکوان دەکرا کە بۆچی ئەوەندە پشتگیری م. کرێکار دەکەیت، وەڵامی ماکوان بۆ هەموویان ئەوەبوو کەوا ئەم پیاوە موسوڵمانەو زوڵمی لێکراوە.

لەپاش ئەو هەموو لێکۆڵێنەوە و چاوخستنە سەر ماکوان چ لە کوردستان و چ لە هەموو وڵاتانی ئەوروپا نزیکەکانی م. کرێکار ماکوانیان بە پیاو خراپ و بە نمەک بە حەرام و تەنانەت بە جاسوس و هەوڵی کوشتنی م. کرێکاریان دایە پاڵی.

ئەوە تا ئێستاش ماکوان لەسەر م. کرێکار گیراوە و لە زینداندایە، تەنانەت هەندێک لەو تۆمەتانەی کە دراوەتە پاڵی وتەی نزیکەکانی م. کرێکار کە دەیان ووت ماکوان وەزیری دەستی ڕاستی م. کرێکار بووە، ئێستاش پۆلیسی ئیتالیاش وتەکانی ئەوانی هێناوە تەرجومەی کردووە و کردویەتیە تۆمەت بۆ ماکوان و ماکوانی لەسەر دەستگیر دەکات.

لێرەدا زیاتر درێژە بەم باسانە نادەم بەجێی دەێلم بۆ ماکوان خۆی بە پشتیوانی خوای گەورە کە لەم ناڕەحەتیە ڕزگاری بوو گەڕایەوە ناومان زیاتر بۆتان ڕوون بکاتەوە، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە بۆ ڕای گشتی و دڵسۆزانی ماکوان کە ماکوان بەریئە لە هەموو ئەو تۆمەتانەی کە پۆلیسی ئیتالیا بۆیان هەڵبەستووە، وە ماکوان نە لە ڕابردوو نە لە ئێستا و نە لە داهاتووشدا پەیوەندی بە هیچ حیزب و ڕێکخراوو گروپێکەوە نەبووە و نابێت.

موخابەرات و پۆلیسی نەرویجیش خۆیان ئەوە باش دەزانن کە ماکوان کەسێکی سەربەخۆیەو ڕۆژنامە نوسێکی نێودەوڵەتیەو هەمیشە هەوڵی داوە بۆ گەڕاندنەوەی سەربەخۆیی و مافەکانی میللەتی زوڵم لێکراوی کورد.

پێم باشە لێرەوە سوپاس و پێزانینی خۆم (باران ئاریایی) هاوژینی ماکوان کەریم و بنەماڵەی ماکوان کەریم بۆ هەموو ئەو بەڕێزانە ڕابگەیەنم کە چ بە تەلەفۆن چ بە نامە هەواڵی ماکوانیان پرسیووە وپاڵپشتی خۆیان بۆ ماکوان دەربڕیوە، بەتایبەتی برایانی کۆمەڵی ئیسلامی لە کوردستان و ئەوروپا بەتایبەتی کاک کوردۆ ی زۆر بەڕێز، برایانی یەکگرتووی ئیسلامی لە کوردستان و لە نەرویج، زۆر بەڕێز دوکتۆر عومەر عەلی و هەموو هاوڕێیانی ماکوان لە کوردستان و نەرویج کە زۆر بەدەمانەوە بوون و ئامادەیی خۆیان دەربڕیووە بۆ هەموو یارمەتی و پاڵپشتییەک بۆ ماکوان.

سوپاسو پێزانینی بێ پایانم بۆ هەمووتان خوای گەورە لێتان ڕازی بێت و سەربەرزی دنیاو قیامەتان بکات.

سوپاس بۆ خوای گەورە کە ماکوان ئەو هەموو برا دڵسۆزەی وەک ئێوەی هەیە، کە ئەمەش زیاتر سەربەخۆیی ماکوان نیشان دەدات، چونکە ئەگەر ماکوان سەر بە حیزب و ڕیکخراوێک بوایە ئاوا ئەو هەموو دڵسۆزەی نەدەبوو وە لەهەموو لایەکەوە پشتیوانی لێنەدەکرا.

شایانی باسە کەوا بە هەموو بەڕێزانی ڕابگەیەنم کەوا من سەردانی ماکوانم کردووە و سوپاس بۆ خوا زۆر باشەو وورەی زۆر بەرزە و زۆر گەشبینە کەوا بە پشتیوانی خوای گەورە بە زووترین کات دەگەڕێتەوە ناومان، ڕێزو سڵاوی زۆری هەبوو بۆ هەمووتان و خۆشحاڵ بوو بەوەی کەوا هەوالێ ئێوەی دڵسۆزانی ماکوانم پێ ڕاگەیاند.

داوام لە هەموو بەڕیزان ئەوەیە کەوا لە دوعای خێر بێ بەشی مەکەن تا خوای گەورە یارمەتی دەری بێت و لەم تاقیکردنەوەیەی خوای گەورە بە سەرکەوتووی و سەربەرزی بێتە دەرەوە.

باران ئاریایی

ئۆسلۆ/نەرویج

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved