دەستی دز لە دزیا بڕین، یان دەستی دز لە دزی بڕین؟

وەک دەبیسین و دەخوێنینەوە، لە مێژووی دوور و نزیکدا، لە هێندێک کۆمەڵگەدا لێرە و لەوێ، بە بیانووی دزیکردنەوە، دەستی ژمارەیەک کەس، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئەو دەڤەرانەوە دەبڕێتەوە. بەداخەوە بەڵگەشیان بۆ جێبەجی کردنی ئەو کارە، بە قورئان و نووسراوە شەرعییەکان دێننەوە. لێرەدا ناچمە سەر جیاوازی بیرکردنەوەی زانایان و ئیمامەکانی دامەزرێنەری ڕێبازی ئایینی ، چوونکە ئەوانە زۆرجار لەسەر بەڵگە هێنانەوە و بۆچوونەکانیان ئاویان بە جۆگەیەکدا ناچێ. گرنگ لیرەدا ئەوەیە، ئەگەر داسەپاندنی ئەم سزایە لە مێژوودا کاریگەری ئەرێنی هەبایە، دەبوا ئێستە لەو وڵاتانەدا کە ئەو دەستوورەی تێدا جێبەجێ دەکرێ، ئەو نەریتە نەمابا، بەڵام دەبینین، نەک تەنیا ئەوانەی لە ڕووی ناچاری و بۆ بژێوی ژیانیان دەس دەدەنە ئەو کارە کەمی نەکردووە، بەڵکوو دزە گەورەکان وەک تیمساح مرۆڤیش هەڵدەلووشێنن.

ئەوەی ڕوونە، ئەو دەستوورە تەنیا لەسەر مرۆڤە داما و بێدەسەڵاتەکان جێ بەجێ دەکرێ، دەنا، ملهوڕەکان ناگرێتەوە.

 ئەوەی بەلای منەوە گرنگ و جێگەی سرنجە، ئەوەیە کە دەبێ بەدوای هۆکاری دزیکردنەکەدا بچن و دواتر چارەسەری گرفتەکە بکرێ. ئەگەر هۆکاری نەداری و بێدەرەتانی ماڵیی بوو، دەبێ دەسەڵاتی ئەو وڵاتە گرفتەکەی بۆ چارەسەر بکا و بژێوی ژیانی بۆ دابین بکا، نەک دست و قاچی ببڕنەوە و بیکەنە سەرواری کۆمەڵگە و لەوە داماوتری بکەن کە هەیە. ئەگەر نەخۆشی دەروونی هەبوو، ئەوە خۆ دەبێ ببرێتە لای پزیشکی دەروونناس و چارەی کێشە دەروونییەکەی بکرێ. یان هەر هۆکارێکی دیکەی هەبوو (بێگومان هیج کارێک بێ هۆکار ناکرێ)  ئەوە دەبێ شوێندۆزی هۆکارەکەی بکرێ و پاشان چارەی گرفتەکەی بکرێ. هیوادارم، ئەو جێگانەی کە ئەو دەستوورەیان تێدا جێ بجێ دەکرێ و دەستی هەژار و داماوەکان دەبڕنەوە، بتوانن چارەسەری کێشە ماڵی و دەروونی و ... ، بکەن و چی دی، بەو بیانوانەوە کەس نەکەنە سەرواری کۆمەڵگە . وەک دەزانین ئەو کەسانەی کە ئەو دەستوورەیان لەسەر جێ بێ دەکرێ، هەتا مردن لە نێو کۆمەڵگەدا خۆیان بە شەرمەزار دەزانن و لە باری دەروونییەوە، دەڕوخێن.

لە کۆتایی ئەم کورتە نووسراوەدا، داوا دەکەم  لە خوێنەرانی ئەم نووسراوەیە، کە بە دەمارگرژییەوە چاوی لێنەکرێ و بە ئاکام وەرگرتن لە ئاکامی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە ، کە دەستی دز بڕینەوەیە، چاو لێبکرێ

بژی دەستی دز لە دزی بڕین. نەمێنێ دەستی دز لە دزیا بڕین.

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

١٤/١/٢٠١٣

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved