قوربانیکردن و کورتە ڕوونکردنەوەیەکی مێژووەکەی.

 

لە نووسراوە مێژوویە ئایینیەکاندا ـ ئایینی ئیسلام ـ دیومە، کە گۆیا کەسێک بەناوی "ئیبراهیم"  گۆیا بۆ ئەوەی لەخواوە نزیک بێ، هەوڵی داوە کوڕەکەی خۆی "ئیسمایل" – وەک ئەوەی "قورئان"  باسی دەکا- بەڵام لە"تەورات"دا، دەڵێ " ئیسحاق"  سەر ببڕێ و بیکاتە قوربانی!!. ئەم بەسەرهاتە لە  "مەککە" دا ڕوویداوە و دەگەڕێتەوە بۆ ١٧٠٠- ١٨٠٠ ساڵ پێش لەدایک بوونی "عیسا".

ئیبراهیم پەیامبەر کێ بوو؟

"ئیبراهیم" پەیامبەر، لە "کوردستان  باشوور لەدایک بووە و دواتر چووە بۆ "فلستین" و لەوێشەوە بۆ"میسر"، لەوێشەوە بۆ نیمچە دوورگەی عەرەبی و لە "سعودییە" لەگەڵ کوڕەکەی بەناوی "ئیسمایل" بەردی بنەوای "مەککە"یان، دانا.

 بڕوانە، کتێبی،  ڕۆڵەکانی ئیبراهیم، (یەهودی، مەسیحی و ئیسلام لە مێژوودا) نووسینی، ئودبیوڕن لەیرڤیک، ٢٠٠٠. ل، ١٢.

لەسەردەمی سەرهەڵدانی دینی ئیسلام، لە ناوەندی "عەربستانی سعودییە" لە دەڤەرێکی گەورە بە ناوی"یەمامە" هۆزێک هەبوون بە ناوی "بنی حەنیفە" ئەم وشەیە لە "حەنیف"وە، هاتووە، کە لەقەب بووە بۆ پەیامبەر "ئیبراهیم" (دخ) کە بۆ یەک خوا پەرەستی هەوڵی داوە. پێش لە سەرهەڵدانی ئیسلام، زۆربەی کەسەکانی سەر بە ئەم هۆزە، باوەڕی یەکخوا پەرەستییان هەبووە. یان بە واتایەکیتر، باوەڕیان لەسەر هەمان باوەڕی جوو و مەسیحی بووە، کە باوەڕیان بە یەک خوا هەبووە. لەم دەڤەرەدا، سێ کەس بەم ناوانە، بۆ یەکخوا پەرەستی بانگەشەیان کردووە. کەسەکان بریتی بوون لە: "خالد ابن سنان" لە هۆزی ابس، "حنظلة ابن صفوان" و مسیلمة" لە هۆزی بنی حنیفة.

  شایانی باسە، پێش لە پەیامبەری  ئیسلام "موحەممەد" (دخ) موسەیلەمە دەیوت: "من پەیامبەرم". دواتر کە موحەممەد وتی: "من پەیامبەرم". موسەیلەمە پێوەندی لەگەڵ گرت و داوای هاوکاری لێکرد، بەڵام ، پەیامبەری ئیسلام ڕەدی کردەوە. بۆچوونێکیش هەیە، گۆیا پەیامبەری ئیسلام دوای ئەوەی کە نائومێد دەبێ لەو هەموو ژنانەی هێناویەتی کوڕی نابێ تا دوای مردنی خۆی ببێ بە جێگرەوەی، دەڵێ: "من دوایین پەیامبەرم و دوای من پەیامبەری دیکە نایەن". چوونکە ترسی ئەوەی هەبووە، کە موسەیلەمە – موسڵمانەکان پێیان دەوت: موسەیلەمەی درۆزن – ببێ بە پەیامبەر.  هەروەها "وەرەقەی کوڕی نۆفەل"یش، لە سەر هەمان بیر بوو. ئەو بەشێکیش لە "ئینجیل"ی، وەرگێڕابۆوە بۆسەر زمانی عەرەبی.

"وەرەقە" زۆرجار لەگەڵ پەیامبەر ئیسلام دادەنیشت و سەبارەت بە یەکخوا پەرەستی،  بیروڕایان دەگۆڕییەوە و لەو پێوەندییەدا هاوکاری پەیامبەری دەکرد. . پەیامبەری ئیسلام "حنفا"ی، باش دەناسی و ئەوانی بە پێڕەوانی دینی ڕاست دەزانی. وشەی "حنیف و حنیفة" ١٢ جار لە قورئاندا بەکار هاتووە. لەم ئایەتانەدا، پێێنج ئایەتی لەپێوەندی لەگەڵ دینی حەنیف دابەزیوە. ئەم ئایەتانە، بەشێکیان لە مەککە و بەشێکیشیان لە مەدینە، دابەزیون. تێیاندایە وشەی "حنیف" لەگەل ناوی "ئیبراهیم" و نەتەوەکەی و تێیشیانا هەیە، کە بۆ ئەوە هاتووە، کە پێڕەوی لە دینی ڕاست و درووست دەکەن و بت پەرەست نین و هاوەل بۆ خوا بەهەژمار ناهێنن. هەروەها "حنیف" بەو واتایەش هاتووە.  لێرەدا چەند نموونەیەک لەو ئایەتانە دەخەمە ڕوو. بڕوانە، البقرة، ١٣٥.

" گوتیان: ببنە جوو، یان فەلە، تاکوو ڕێگا پەیدا بکەن. بێژە؛ ئێمە لەسەر دینی ئیبراهیمین کە ناهەقی بەجێ هێشت و بەرەو هەق هات، هاوەڵی بۆ خوا بەهەژمار نەهانی"

آل عمران، ٦٧ "ئیبراهیم نە موسایی بوو، نە، مەسیحی، بەڵام یەکتاپەرەستێک بوو خۆی بەخوا سپارد بوو، هیج هاوکاری بۆخوا پەیدا نەدەکرد" وهەروەها، ئایەتی ٩٥، هەمان سورەت، کە دەڵێ: "بێژە، هەرچی خودا گوتویە، ئەوە ڕاستە، ئیتر ئێوە شوێن دینی ئیبراهیم کەون، کە خوای تاقانەی پەرەست و هیج هاوکاری بۆ نەناسی"

هەروەها بڕوانە ئەم ئایەتانەش کە هەموو لەسەریەک، بەم شێوانە دەدوێن.

انعام، ١٦١

النحل، ١٢٠ و ١٢٣

هەموو ئەم ئایەتانە و چەندین ئایەتی دیکەش باس لەسەر ئەوە دەکەن ، کە "ئیبراهیم" حنیفە و موسڵمانە، نەک هاوەڵ دانەر (مشرک) بۆ خوا دانەر.

  لە "هیبروت" ماڵی پیرۆزی  ئیبراهیم "بیت المقدس"ی، لێیە. ئیبراهیم، سارا، ئیسحاق و یەعقوب لەوێ نێژراون. بەپێی پەرتووکی "موسا" ( ١٠ - ٧ و ١٧ )، خوا بە پەیامبەر  "ئیبراهیم"  دەڵێ " تۆ پێویستە مەرجەکانی من دەس پێوەبگری، هەم خۆشت و هەم ئەوانەش دوای تۆ دێن. نەوە لەدوای نەوە. ئەمە مەرجی نێوان من و ئێوەیە و دەبێ دەستی پێوە بگرن و جێ بەجێی بکەن. تەواوی پیاو و کوڕەکان دەبێ خەتەنە بکرێن" ـ ئێستە ئەو خەتەنەکردنە بەداخەوە بۆتە بەشێکی زیانهێنەر لە کولتووری زۆرێک لە وڵاتانی دواکەوتووی جیهانی، بە ئێمەی کۆمەڵی کوردەواریشەوە، بەتایبەت لەگەڵ ڕگەزی مێینە ـ

ئیسلام وای دەبینێ، ئیبراهیم نە جووە و نە مەسیحی، بەڵکوو یەکەم موسڵمانە  و ئەوانەی کە وەدوای باوەڕەکەی ئەوەوەن، ئەوانە موسڵمانی ڕاستین.

  شایانی باسە، لە شێوەی هاتنی وەحی (پەیام) بۆ هەرکام لەو ڕێبەرە ئایینییانەی ئیبراهیمی – موسا، عیسا و موحەممەد- (دخ لەسەر هەموویان)  بەپێی جیاوازی ئایینەکانیان، لە وەرگرتن و پێگەیین و پێوەندییەکانیان بەخواوە،  جیاوازی  دەبینرێ.  بۆنموونە: لە دینی یەهوودیدا، "موسا" کەلامی خوایە، لە دینی مەسیحیدا، دەبینین"مەسیح" خۆی ڕۆحی خوایە و پێویستی بە وەسیلەیەک (رابیت)ی، وەک "جبرائیل" یان پەیام هاوەرێکی دیکە نییە تا پەیامی خوای پێ بگەێنێ، بەڵام، لە دینی ئیسلامدا، فریشتەیەکی وەک "جبرائیل" پەیامە خواییەکان بە پەیامبەری ئیسلام "موحەممەد" دەگەێنێ.

  بۆزانیاری زۆرتر لەسەر چۆنیەتی پارانەوەی "ئیبراهیم" لە خوا بۆ ئەوەی کوڕێکی پێ ببەخشێ و وڵامدرانەوەی بە ئەرێنی لە لایەن یەزدانی مەزنەوە،  چۆنیەتی خەودیتن و ئامادەبوونی کە کوڕە جگەرگۆشەکەی بکاتە قوربانی،  ملدانی "ئیسمایل" بەو بیرۆکەی باوکیە، - بۆئەوەی دەستووری خوا بەجێ بێنێ!-  ناردنی قوربانییەک لەلایەن خواوە بۆ ئەوەی لە باتی "ئیسمایل" سەری ببڕێ و ... هتد.  – ئەڵبەت ئەوەی کە قورئان باسی دەکا-  بڕوانە، الصافات، لە ئایەتی ٩٩ – ١١١. 

  دەبێ بگوترێت پێڕەوانی ئایینی ئیسلام  ئەوانەی کە توانای قوربانیکردنیان هەبێ، کردویانەتە ئەرکێکی ئایینی لەسەر شانی خۆیان  و هەموو ساڵێک مەڕێک، بزنێک یان ... ، دەکەنە قوربانی و موسڵمانانی دونیا لەو ڕۆژەدا جەژن دەگێڕن. بەپێی بڕوای موسڵمانەکان، قوربانیکردن، دوو بۆچوونی لەسەرە. بەشێک لەزانایانی ئایینی، پێیان وایە، بەومەرجەی توانای ماڵی هەبێ، پێویستە (واجب) بەشێکیش پێیان وایە، سوننەتی موئەکەدەیە (پێی لەسەر داگیراوە)

وەک مێژوو باسی دەکا، گۆیا بەهەزاران ساڵ پێش، مرۆڤەکان، مرۆڤیان کردۆتە قوربانی.

  "عەبدول موتەلیب" باپیری "موحەممەد" بەڵێنی دابوو، ئەگەر خوا ١٠ کوڕی پێ بدا، یەکێکیان دەکاتە قوربانی بتەکان. ئەوە بوو، وا ڕێک دەکەوێ عەبدول موتەلیب دەبێتە خاوەنی ١٠ کوڕ. یەکیان "عەبدوڵا" دەبێ. بۆ نیشاندانی وەفا بەرامبەر بتەکان، لەسەر هەڵوێستەکەی خۆی سوور دەبێ. هەستا هەڵبژاردنێکی لەشێوەی تیروپشک (قورعە) لەنێوانیان ئەنجام دا. ئەوە بوو، تیروپشکەکە بەر شانسی عەبدوڵا کەوت. "عەبدول موتەلیب"دەستی عەبدوڵا دەگرێ و دەیبا بیکاتە قوربانی لەبەردەم "ئاساف نائیلە"، بەڵام قورەیشییەکان بەتکاو پاڕانەوە پەشیمانی دەکەنەوە. لەجێگەیدا، ١٠ وشتریان دایە سەریان ببڕێ بەو مەرجەی لە عەبدوڵا واز بێنێ. ئەوە بوو، عەبدول موتەلیب ڕازی بوو و عەبدوڵای سەر نەبڕی. بڕوانە، تاریخ تەبەری، ل، ٧٩٦.

  پێش لە سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلام، مرۆڤەکان دەکرانە قوربانی، بەڵام، باشبوو، ئایینی ئیسلام هیچ نەبێ، لە مرۆڤ سەربڕینەوە، کردییە، گیانلەبەر (حەیوان) سەربڕین. - هەرچەند ئەوانیش گیانلەبەرن و گیان ئازیز و شیرینە. لەوانەیە بڵێن: گیانلەبەرەکان بۆ سەربڕین درووست کراون، ئەی مرۆڤەکان؟؟؟!!! –

  ئەم دەستووری سەربڕینەی ئیسمائیل، لەلایەن ئیبراهیمەوە بۆ تاقیکردنەوەی ئیبراهیم و ئیسمائیل بووە، کە داخوا تا کوێ ئامادەن مل بەو دەستوورە خواییەکان دەدەن.

لێرەدا بۆم بۆتە پرسیار:

١ ـ ئایا خوا پێشتر لە نیەت و ڕاستگۆیی ئیبراهیم، ئیسمایل ـ ئیسحاق ـ و هاجەرە، دوودڵ بووە، کە ویستویەتی تاقیان بکاتەوە؟!

٢ـ ئایا گیانی مرۆڤێک فیدای هیوا و حەزی خۆ کردن و ئەویش لە خەودا گۆیا دەستوورت پێدرابێت، تا کوێ ڕەوایە؟!

٣ـ ئەی ئەو مرۆڤانە گیانی خۆیان ئەبەخشن بۆ ئازادی ملیۆنان مرۆڤی ستەملێکراو چ پاداشتێکیان هەیە؟ یان کام لەم دوو جۆرە بەخشینانە نرخیان مەزنترە؟

٤ـ ئەی ئەو مێژووی مرۆڤ سەربڕینە ئەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش، بۆچی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە ئێستەش پێڕەوی لێدەکەن و بەخۆدا ناچنەوە و ...؟

  لەدرێژایی مێژوودا گەلی کورد ڕۆژانە بۆ ئازادی و سەربەستی گەلەکەی جگەر گۆشەی خۆی دەبەخشێتە بارەگای ئازادی گەلە بەشخوراوەکەی. کەوایە، من لەم ڕۆژەدا ئێژم، ڕێگەی گیانبەخت کەرانی ڕێگەی ئازادی گەلەکەمان پڕ ڕێبوار بێت و جێگەیان بەهەشتی بەرین بێت. ئەم جەژنەش ـ جەژنی قوربان ـ ، کە بۆ ئەو کەسانەی دڵیان پێ خۆشە و بە جەژنی دەزانن، پیرۆزبایی ئێژم. بەڵام وەک ڕوونە، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە بنەماڵە کوردەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ لەدەسدانی ئازیزەکانیان داخ دارن و ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی شادی و خۆشی بۆ خۆیان نازانن. ئەگەر ئێمەی کورد هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانمان بە هی یەکتر دەزانین، کەوایە دەبێ خۆمان بە بەشداری خەمی ئەو ئازیز لەدەسچوانە بزانین و لە باتی خۆشی کردن لەم جۆرە ڕۆژانەدا خەم دامان بگرێ و لەگەڵ شەهیدەکانمان پەیمان نوێ بکەینەوە تا گەیشتن بە ئازادی هەموو کوردستان وەفاداری ڕێگەیان بین.

لەکۆتاییدا ئێژم: "گیانی خۆ بەختکردوان بۆ سەربەستی ستەملێکراوانی گەلی بەشخورای کورد شاد و ڕێگەیان پڕ ڕێبوار و پیرۆزە. جەژنی من ئەو کاتەیە خەڵک و خاکەکەم بە ئازادی ببینم"



 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

 

Qadirzada.com © 2016. All rights reserved