ئایا پێوانە بۆ مرۆڤی چاک، بوونی بڕوای ئایینیە، یان کردەی چاک؟

 

سەرەتا با سرنجی خوێنەران بۆ لای پێناسەیەکی کورت لەسەر ئایین ڕابکێشین و پاشان دەچینە ناو پێوانە بۆ باشی و ناباشی مرۆڤەکان.

وەک بەڵگە مێژوویەکان باسی دەکەن، کۆنترین ئایین لە "میسر و مێزوپۆتامیا و چین" دا، بوونیان هەبووە. لەدونیادا بەهەزاران جۆری بیرکردنەوە و بڕوای جیاواز بە ئایینە جۆراوجۆرەکانی دونیا بوونی هەیە. باوەڕ بەخوای دیار ونادیار، گیاندار و بێگیان، نێر و مێ ـ خوا و ماخوا ـ و بگرە لە شکڵی گیانلەبەران و ڕووەکیشدا بوونیان هەبووە.

ئەگەر بپرسرێ، ئایین چییە؟ دەبێ زۆر شت هەیە لە پێشچاو بگیرێ، کە بریتین لە:

لایەنەکانی سیاسی، مێژوویی، فیلسوفی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، کەسایەتی، جوغرافیایی، کولتووری و ... تاد. چوونکە هەموو ئەوانە و چەند هێندەی دیکەش پێوەندیان بە ئایینەوە هەیە. (ڕلگیون) "دین" لە وشەی لاتینی "رلگیو" گیراوە، کە بەواتای ، ترس، یان خۆفێک کە مرۆڤ لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ڕۆحێک یان یەکێک لە خودایان، تووشی دەبێت.

وشەی "دین" لەزمانی "ئاڤێستایی" ەوە هاتۆتە ناو عەرەبی.

وەک "مهدی خلجی" ئێژێ پەرتووکی ـ "ئاوێستا"ش، دەساودەس هاتووە و لەو کاتانەدا نووسراو نەبوو، بەڵکوو لەبەرکردن بووە. تا دوای چەندین سەدە لەدەورانی ساسانیدا کرایە کتێب. پاشانیش شوینکەوتوانی ئایینی زەردوشتی بە کەمی چاویان لێدەکرد. ئەوەی، کە بەلایانەوە گرنگ بوو لەکاتی بۆنەکاندا لەبەر دەیانخوێندەوە. ئەمە نەک تەنیا ئاڤێستا، بەڵکوو زۆربەی پەرتووکە زەوینی و ئاسمانییەکانیش بە نووسراوە دانەبزیون و نەبوون، بەڵکو یان لە ڕێگەی هاویشتنە ناو بیر و مێشک و دڵەکان بووە، یان ئەوەی وەک موسڵمانان باوەڕیان پێیە، لە ڕێگەی فریشتەیەکەوە، وەک "جبریل" کە قورئانی لەلایەن خواوە هێنا بۆ پەیامبەری ئیسلام "موحەممەد" ئەویش کەی هێنای، چەندی هێنا، بە چ شیویەکی هێنا و ... ،؟ هەموویان جێگەی تێڕامان و پرسیارن.

لەسەر ڕای "دورکیم" بۆ پێناسەی دین، دەڵی " دین بریتییە لە دەزگایەکی پیکەوە بەستراوی پێکهاتوو لە باوەڕ و کردەوەی پێوەندیدار بە شتە ئاسمانی، یان لاهوتییەکانەوە. ئەم باوەڕ و کردەوانە، هەموو ئەو کەسانەی کە پێڕەوی لێدەکەن، لە کۆمەڵەیەکی مۆراڵییە، کە بە ناوی کلیسا، یان ئوممەتدا کۆ دەکاتەوە" "فرەیزر" دەڵێ " دین، واتا، هێمن کردنەوە و ڕازیکردنی هێزە میتافیزیکییەکان، کە کۆنترۆڵی سروشت و مرۆڤیان لەدەست دایە".

"یوسف فەزایی" لە کتێبەکەیدا بەناوی "بنەما کۆمەڵایەتییەکانی دینە سەرەتاییەکان" دەڵێ" چەمکی دین لە قۆناخە سەرەتاییەکانیدا لە باری تیورییەوە، بریتی بوو لە، جیهانبینی گشتی مرۆڤی سەرەتایی و لە باری کۆمەڵایەتیی و کردەوەوە، بریتییە لە کۆی هەموو پێوەندییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان، کولتوور و شارستانییەت، ئوستوورە دینییەکان و ڕێ و ڕەسم و سروتەکان، کە تێکەڵ بە هێندێ یاساو تابۆ بوونەوە، بەڵام لە سەردەمی تاکخوداییدا، دین بریتییە، لە باوەڕ هێنان بە هێزە ئاسمانی و میتافیزیکییەکان و پاراستن و جێبەجێ کردنی هێندێ یاسای مۆراڵی و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پەرەستنی خودا و خۆنزیککردنەوە لە ئەو.

کەوایە، لەسەر ڕای ئەو زانایانەی کە باسم کرد، دەبێ هۆی سەرهەڵدان و پەیدا بوونی بڕوا بە خوایەک، یان خواکان، یان هەر هێزێکی نادیاری لەسەرەوەی سرووشت، بوونی ترس لە ڕوودانی ڕووداوێک، یان دوور خستنەوەی گرفت و کێشەیەک لە مرۆڤ، پێدانی بژێوی ژیانی ڕۆژانە، پاراستنی سامان و ماڵ وسەروەت، ئارامی پێدان بە دەروون، چاککردنەوەی نەخۆشەکان و ...، بووبێت، بۆیە، مرۆڤەکان لە بێدەسەڵاتیدا، پەنا بۆ ئەو هێز و دەسەڵاتە نادیار و لەسەرەوەی سرووشتە دەبەن. وەک لە پەرتووکی "ئایین چییە؟" نووسینی، ئینگڤیلد سالید گیلهوس، لیسبەت میکایلسن، ٢٠٠٧، هاتووە و دەڵێ( باوەڕی ئایینی بریتییە لە بیرکردنەوە و دان نان بە دەسەڵاتی سەرەوەی سرووشت. خۆبەدەستەوەدان بە هێزێکی نادیار کە لە جۆری هەڵسوکەوت و مامەڵەکردنی کەسەکەدا باڵادەستە و ئەو هێزە (خوا) بڕیاردەرە.

لای بڕوادارانی ئایینی ئیبراهیمی، ـ یەهودی، مەسیحی و ئیسلام ـ ئایین بەواتای، بوونی باوەڕ بە خوای تاک و تەنیا و هەموو شتەکان بەدەستی ئەوە. بوونی باوەڕە ئایینیەکان، لایەنی ناوەوەیی (دەروونی) و دەرەکیشی هەیە. لایەنە دەرونییەکان، لە ناخ و مێشکدان و نابینرێن، بەڵام، دەرەکییەکان کە لەگەل ناوەکییەکان پێوەندییان هەیە، زۆرتر لە هەڵسوکەوت و کردەوەدا دەبینرێ) . کەوایە، بۆ سەلماندنی بوونی بڕوایەکی بتەو، دەبێ هەردوو لایەنی دەروونی و دەرەکی کە گرێدراوی یەکترن، بە کردەوە بسەلمێندرێ، دەنا هەر دەبێتە ئیمانێکی"توتیوار"

بوونی ئەو هەموو بەڵگە زانستی و مێژوویە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ، کە هەرکام لەو بڕوا ئایینی و ڕێبازە ئایینیانە کە لە کوێی ئەو دونیایەدا سەریان هەڵداوە، لەسەر داب و نەریت و کولتووری خەڵکی ئەو جێگەیە لەو کات و ساتانەدا، چرۆیان کردووە ، دواتر، بە پێی پێشوەچوونی هزری خەڵکی و گۆڕانی باری جوگرافیایی، ئابووری، زانستی، پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ... هتد، خەڵک، بڕوا ئایینیەکانیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە. یان بەتەواوی گۆڕاون و شتێکیتر جێگەیانی گرتۆتەوە، یان، کەم ڕەنگ بۆنەتەوە.

"کانت" ئایین دەکا بە دوو بەشەوە. ئایینی دانراو و ئایینی ئەقڵی.

ئایینی دانراو، واتا، ئایینی بە سروش نێردراو، لەسەر ئەم بناغەیە دادەمەزرێت، عەقیدەیەک کە پیمان ڕاگەیەندراوە و لەسەر ڕووداوێک دادەمەزرێت کە ڕوویانداوە. ئەم ئایینە، ئیمانێکی مێژوویە، لەبەر ئەوە تەنیا لەلای نەتەوەیەکی دیاریکراو ڕاستە.

ئایینی عەقڵی، لەسەر راستگۆیی گشتی کە هەموو ئەقڵەکان لەسەری تەبان، دامەزراوە.

هەر لە ڕوانگەی "کانت" وە، ئایینی پێ دیارەدەیەکی کۆمەڵایەتییە. واتا، دابەزینی هەر ئایینێک بۆ هەر گەل و نەتەوەیەک لە سەر هەر جوغرافییایەکی ئەم سەرزەوییە دابەزیبێ، بە لەبەرچاوگرتنی داب و نەریت و هەڵسوکەوتی ئەو خەلکە بووە، بۆیە، سەرەڕای ئەوەی نزیک بە هەموو ئایینەکان یەکن، بەڵام بە پێی جیاوازی کولتووریی، ئایینەکانیش جیاوازییان پێوە دیارە.

ئەوە کورتە پێناسەیەک لەسەر دین/ئایین، ئێستەش بزانین پێوانە بوونی بڕوای ئایینیە بۆ مرۆڤەکان چاکەکان، یان کردەی باش.

وتەیەکی پەیامبەری ئیسلام "موحەممەد" (دخ) وەبیر دێنمەوە کە دەڵێ " إن الله لاینظر إلی صورکم ولا إلی أجسامکم ولا إلی أموالکم، ولاکن ینظر إلی قلوبکم وأعمالکم" واتە، خوا ناڕوانێ بۆ دەم و چاو و لەش و ماڵی ئێوە، بەڵکوو دەڕوانێتە دڵ و کردەی ئێوە.

"زەردوشت" پەیامبەریش، لە "ئاڤێستا"دا، ئەم سێ شتەی بە بنەوای بیر و باوەڕی پێڕەوانی داناوە و داوای کردووە کە پێرەوی لێبکەن: ـ کردەی چاکە، وتەی چاکە و نییەتی چاکە ـ .

کەوایە، هەر کارێکی باشە و سوود گەێن بە مرۆڤایەتی، هەر کەسێک ئەنجامی بدا، با خاوەنی بیروباوەڕی ئایینیش نەبێ، ئەوە لە خۆیدا باشە، یان بە پێجەوانەوە، هەر کارێکی خراپە، هەر کەسێک بیکا، با بیروباوەڕی ئایینیشی هەبێ، ئەوە هەر خراپە. چوونکە لە خودی خۆیدا خراپە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ئەگەر کردەی باش بەلای خواوە باش و سوود بەخشە بۆ مرۆڤەکان و لای خودا پەسەند و وەرگیراوە، ـ کە من پێم وایە، وا بێت ـ بۆچ دەبێ هێندێک کەس وا بیر بکەنەوە، ئەگەر مرۆڤە بێباوەڕەکان، کە ژمارەیەن لە ملیۆنان تێدەپەڕێت، ساڵانە، مانگانە، ڕۆژانە و بگرە بە کاتژمێریش خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکەن بە بێ جیاوازی، بەلای ئەو جۆرە کەسانەوە خراپ بێت و بە قەوڵی ئەوان، لای خوا وەرناگیرێت؟!!

ئەو جۆرە بیرکردنەوانە جێگەی پەسەند نین، چوونکە خوا، خوای هەموو بوونەوەرەکانە بە گیاندار و بێگیان و باوەڕدار و بێباوەڕەوە.

بە کورتی و بە پوختی "پێوانە کردەی چاکە، نەک کردەی چاکە هاوڕێ لەگەڵ بوونی باوەڕی ئایینی" واتە، ئەگەر باوەڕی ئایینی نەبوو، ئیتر کردە چاکەکەشی ناپەسەندە و لێی وەرناگیرێت.

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ

٣٠/١١/٢٠١٥

 

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved