ئێمە لە ئێوە تێناگەین، یان ئێوە لە ئێمە تێناگەن؟ یان هەردوو لامان لەیەکتر تێناگەین؟

زۆرجار لێرەو لەوێ، لەم و لەو، دەبیسین و دەبینین کە، لە نێوان دایک و باب و ڕۆڵەکانیان ئەم گلەیی و گازەندانە دێتە ئاراوە. بۆ وڵامی ئەم پەرسیارانەی نێوانیان، بە پێویستم زانی هێندێک ڕوونکردنەوە بخەمە ڕوو.

وەک دەزانین، جیاوازی تەمەن نێوان دایک و باب لەگەڵ ڕۆڵەکانیان، لانی کەم، نزیک بە بیست و پێنج ساڵ دەبێ. ئەمە ئەگەر لە یەکەم منداڵیانەوە باس بکەین. ئەگەر ، نە، جیاوازییەکە زۆر لەوە زۆرترە. ئەم کاتە زۆرەی نێوان جیلی دایک و باب لەگەڵ ڕۆڵەکانیان لە زۆر بوارەوە، مەوداکە زۆرە. بۆ نموونە:

وەک دەزانین زانست و پێشەوە چوونی زانستی لە گشت بوارەکانی پێوەندیدار بە ژیانی مرۆڤایەتی، بە چرکە لە ئاڵوگۆڕدایە و بەرەو پێش دەچێ. کەوایە، لەو بوارەوە، ئاستی پێشەوە چوونی بەرەکانی ڕابردوو لەگەڵ بەرەکانی دوای خۆیان، بە تایبەت لەم سەردەمانەدا، پێکەوە، هەڵناسەنگێندرێن. واتا، قابلی بەراوەد کردنی پێکەوە نین.

لە ڕووی پێشکەوتووی کەرەستەکانی فێرکردن و بارهێنانیشەوە، لەیەک ناچن. مەوداکەیان وەک دووری نێوان ئاسمان و زەوییە.

هەروەها، لە بواری کۆمەڵایەتی و جێگەی ژیانی ئەم هەردوو بەرەیە، جیاوازییەکی زۆر دەبینرێ.

لە ڕووی ئامرازی پێوەندی گرتن، مێدیاکان بە هەموو شێوەکانییەوە و ... هتد، ئەوە خۆ هەر لە یەک ناچن، واتا، (قیاسی کەشکە لەسەر مەشک)

هەموو ئەوانە و دە هێندەی دیکە، ئێمە دێنێتە سەر ئەو باوەڕە ،کە بەرەیەک لەگەڵ بەرەیەکی دیکە لە بوارەکانی، زانستی، کولتووری، کۆمەڵایەتی، هزری، ڕامیاری و ... تاد، یەکجار جیاوازن. کەوایە، ئەگەر گوێمان لێدەبێ، ڕۆڵەکانی ئێمە، بە ئێمەیان وت لێمان تێناگەن، ئێمە لە دونیای خۆمانداین و ئێوەش لە جیهانی خۆتاندان، ئێمە لە زمانی ئێوە تێناگەین، ئێمە حەزمان لە پۆشینی شێوە جلوبەرگێکە و ئێوەش بە پێچەوانەوە، ئێمە ئارەزوومان لە شێوە  درووستکردنی مووی سەر و ڕیش چاک کردنێکە و ئێوەش بە پێچەوانەوە و ... ، هەزار و یەک گلەیی و گازەندی لەم چەشنە، ئەوە خۆ دوودڵ مەبن. بەڕاستی وایە.

پێچەوانەی ئەمانەش هەر ڕاستە، واتا، گلەیی و پرت و پۆڵەی باب و دایکانیش لە ڕۆڵەکانیان، کە پێیان دەڵێن، ئێوە، ئێمە بە دواکەوتوو دەزانن، ڕێزمان لێناگرن و... ، واتا، شێوەی ڕێز لەیەک گرتن لە کولتووری دایک و باب لەگەڵ شێوەی ڕێزلێنانی ڕۆڵەکان لەیەکتر جیاوازە. ئەوە بە واتای بێڕێزی کردنی گەنجەکان بە دایک و باب نییە، بەڵکوو شێوەی لە یەک تێگەیشتنەکە هەڵەیە.

 چی بکەین؟

بۆ وڵامی ئەم پرسیارە، باشترین و گونجاوترین ڕێگەچارە، ئەوەیە کە، پێکەوە نانوستان، دیالۆگ، گوێ بۆ یەکتر ڕاگرتن، یەکتر قەبوڵ کردن، دانانی ڕێزی بەرامبەر لە یەکتر گرتن، ڕای بەرامبەر بە هێند وەرگرتن، خوێندنەوەی ناخی یەکتر و لەیەتر تێگەیشتن و دەیان ڕێگەچارەی گونجاو و لەباری لەم شێوانە، دەتوانێ ئەو مەودای لە یەکتر تێگەیشتنە کەم و کەمتر بکاتەوە. ئیتر هیچ لایەکیان ناڵێن، لەیەکتر تێنەگەیشتین.  لە کۆتاییدا، ژیانێکی بەختەوەرانە و ڕێک و پێک لەو بنەماڵەیەدا پێکەوە بکەن.

بە کورتی و بە پوختی ئەوەندەم لەم کورتە نووسراوەیەدا بە پێویست زانی، دەنا، ئەم باسە بە نووسینی دەیان لاپەڕ و بگرە سەدان پەرتووکیش وڵامدەری پرس و خواستی خوێنەران لەم بارەوە ناداتەوە.

با ئەو گەلەییەش لە خۆمان بکەین، لە خوێندنەوەی شتە زانستییەکاندا کەمتەرخەمین.

 

مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

٢٣/١/٢٠١٣

 

 

 

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved