تێپەڕینی باوەڕ (ئیمان) بە سێ قۆناخدا!

 

وەک بینراوە و بیستراوە و خوێندراوەتۆ، مێژووی جۆری باوەڕ و بیرکردنەوەی ، یان بەسەردا داسەپاوی مرۆڤەکان، بە چەندین قۆناخی جیادا تێپەڕیوە و بەردەوامیشە. ئەم ڕەوتە هەموو ئایین و پێڕەوەکانیانی گرتۆتەوە، بەتایبەت دینی ئیسلام و پێڕەوەکانی. ئەکرێت بێژین سێ لەو قۆناخانە سەرەکین، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:

١ ـ یەکەم، قۆناخ پێی ئێژن، ئیمان. لێرەدا و لەم یەکەم هەنگاوەدا ئەم باوەڕە پێوەندی بە خودی مرۆڤەکەوە هەیە، کە چۆن، بەچی، کەی، لەکوێ و ... ، باوەڕەی لا درووست بووە و لەسەری کاری کردووە تا لای خۆی بۆتە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرن و دەست لێدانی بڤەیە. دیارە ئەمەش باسێکی قوڵە و لە هەگبەی ئەم کورتە نووسراوەدا جێگەی نابێتەوە.

٢ ـ دووەم، گۆڕانی ئیمانە بۆ عەقیدە/عەقیدەکان. دیارە ئەمەش لە زانستی لاهوتیدا (زانستێکە باس لە عەقیدەی پێوەندیدار بە خواوە ئەکات ـ علم کلام ـ )دا، دێت. بێگومان لەو ڕاستیەش ئاگادارین، ئەم زانستی "لاهوتی"یەش، نەک بە دەیان، بگرە بەسەدان و هەزاران شێوەی جیاواز لەلایەن زانایانی ئەم بوارەوە لێکدانەوە و قسەی لەسەر کراوە و دەکرێت. ئەمەشیان زۆر قوڵە و مەلەوانی باشی ئەوێت لەم دەریایەدا نەخنکێت.

٣ ـ سێیەم، گۆڕان/گۆڕاندنی دینە بۆ دامەزراوە حوکومی، سەربازی، سیاسی و ... ،کان، کە لەلایەن ئەو دەسەڵاتانەوە بەسەر باوەڕداراندا ئەسەپێندرێت.

کاتێکیش دین بەم شێوەیە گۆڕدرا، ئیتر باوەڕدار لە باوەڕەکەی و جۆری بیرکردنەوەکەیدا ئازاد نییە و بەبێ مەیلی خۆی بەسەریدا دائەسەپێندرێت. لەم کاتەدا دەسەڵاتی زاڵی ستەمکار بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و برەوپێدانی دەسەڵاتەکەی، باوەڕدارەکە ناچار ئەکات بڕواتە ژێر ڕکێفیەوە و بەناچاری ملی پێ نەوی ئەکات. لێرەدا شتێک بە ناوی ئیمانەوە نامێنێت و ئەکرێت ناوی یاریکردن بە دینی ناو لێ بنێین. لێرەدا دین وەک سووتەمەنی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی ئەو دەسەڵاتانە بەکار ئەبرێت و ئەسووتێت و باوەڕدارەکەش هیچی بۆنامێنێتۆ.

بەداخەوە ئەوەی ئەمڕۆ و دوێنێ و بگرە سبەینێیش بیبینین ئەم ڕەوتانە وا بووە و واش پێش ئەچێت.

کەوایە، باشترین ڕێگەچارە جیایی دین لە دەسەڵات و سیاسەت و دەوڵەتە. با هەرکامەیان کاری خۆیان بکەن و هیچیان لە پێناو ئەویتریاندا بەکار نەبرێن.

دەبا کادیر و بانگەوازکارانی ئەم بوارانەش خۆیان هەڵنەقورتێننە کاروباری یەکتر و لێگەڕین با مرۆڤەکان سەربەست بن لە ڕادەربڕین و بیرکردنەوەکانیاندا.

 

لەگەڵ ڕێز. مەجید پاڵانی، نۆروێژ.

 

Qadirzada.com © 2016. All rights reserved