"بارین" *

بەخێری بۆ ژیان

بۆ کچی شەهید ملازم بەهرۆز باقر عەلائەدین 

 

نازدارەکەم "بارین"

لەو ساتەدا دایکت هەناسەی بارینی ژیانی تۆ دەکێشا

لەو کاتەدا جیهان بە بوونت گەش دەبوو

باوکت دەبێ بە چەپەری پاراستنی

کەڕامەتی گەل و خاکت

دڵی باوکت لە ریزی پێشەوەی 

خۆراگری دژی شەمشەمە کوێرەکان

بۆ بوونی تۆ لێی دەدا و

لە جەلەولا باوکت بەهروز

شەهید کرا بۆ ئازادی و

دوارۆژێکی پارێزراو بۆ "بارین" و بارینەکان

قەوڵی دابوو کە گەڕاوە

ببێتە باوکی نموونە

ببێ بە ئارامی دایکت

ببێ بە سەرچاوەی ئەوین

ساڵەهایە

کچ و کوڕی هاوتەمەنت

نرخی ئازادی دەدەن

دەبنە مناڵی شەهیدان

شەهید بوونی بەهروزی باوە

 و رۆژ بوونی تۆ

لە یەک ساتان

***

بوونت هیوایە بۆ ژیان

"پرسە،  سەرەخۆشی" ویستی باوەی شەهید نیە

شەهید بوونی و بارینی ژیان پێکەوە بوون

با هەڵپەرین بە ئاهەنگی ژین هەژێنی دایکی "بارین"

بە هێنانی ژینێکی نوێ

بە بەرزایی ناوی شەهید

ئەستێرەکان کرنۆش دەبەن

بۆ ئەو دایکەی لەو رۆژەدا

ژین بە "بارین" ژین هەژێنێ

مەجید حەقی - هێلسینکی 24.11.2014

پێشكەش بە یادی شەهید ملازم بەهرۆز باقر عەلائەدین  کە لەرۆژی 23.11.2014 لە کاتی ئازادی جەلەولا لە دەست داگیرکەرانی تیرۆریستی داعش شەهید بوو، هاوکات لە گەڵ هەواڵی شەهیدبوونی کچێکی لە دایک بوو کە لە سەر هیوای هاوسەرە شەهید کراوەکەی ناوی دانا "بارین".

 

Qadirzada.com © 2009 - 2014. All rights reserved