دەوڵەتی کوردی دادەمەزرێت یا لە بار دەبرێت

  بەشی ٣  و کۆتایی               

  مەهدی خالید خەمبار

فاکتەری سەرەکی دروستبونی زۆرگەلێک لەم قەیرانانە لە دەستبەردارنەبونی کاک مەسعود بارزانی لە پۆستی هەرەمی دەسەڵاتە حیزبیەکەیدا چڕبۆتەوە ، ئەمەش یا لە لایەن خودی بارزانیەوە دەستی لێبەرنەبوە و متمانەی تەواوی بە پۆستە تازەکەی نەبوە ، یان ئەوەتا ئیرادەیەک لە دەرەوەی بارزانیەوە ڕێگری لێکردوە ، لە هەمو حاڵەتێکدا کۆمەڵگا چاوەڕوانی پێچەوانەکەی لە بارزانی دەکرد. بەهەر هۆیەکەوە بو بارزانی هەم وەک کەسی یەکەم و سەرکردەی حیزب مایەوە و هەمیش پۆستە تازەکەشی قبوڵ و حەڵاڵ کرد  . 

لەم حاڵەتەشدا ئاساییە کە جەنابیان نەتوانن تەماشای من و پارتیەک ، پێشمەرگەیەکی لیوای حەفتا و لیوای هەشتا ، دوو بکوژی گۆڕان و پارتی ، هاوڵاتیەکی زونی زەرد و زونی سەوز ، کەرکوکیەک و دهۆکیەک ( مەبەست لە وەلائی یەکلاکەرەوەی کەرکوکیەکانە بۆ یەکێتی نەک ناوچەگەری ) ، ئەندامێکی حیزبێکی ئیسلامی و ئەندامێکی پارتی وەک یەک بکات .

لە ئێستادا پارتی دیمکراتی کوردستان کە بارزانی سەرۆکایەتی دەکات لایەنێک و یاریکەرێکی گرینگی نێو کێشمەکێش و ململانێ سیاسیەکان و قەیرانە کەڵەکەبوەکانی کوردستانە ، جیا لە پارتی و پارتیەکان هەمولاکانی تر لە سەر ئەوە کۆکن کە  کلیلی چارەسەرەکان لە باخەڵی پارتی و بارزانیدایە .

ئەگەر جەنابی کاک مەسعود بارزانی بتوانێت بۆ چەند کاژێرێک بە نەفەسی دور لە پارتیبونەوە بێلایەنانە ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم ببینێت و کاک نەوشیروان مستەفا ش وەک سەرکردەیەکی خاوەن ئەزمون و کارێزمای دور لە گۆڕان بون گومان لەوەدا نابێت کە لە نزیکترین دەرفەتدا چارەسەری کێشە و قەیرانەکان پێکەوە دەکەن . هەر خاوەخاو کات کوشتنێک فریای ئایندەمان ناکەوێت و هەلێکی مێژویی لەدەست دەدەین . دەبێت حیسابی ورد بۆ خێرایی ڕوداوە ناوخۆیی و دەرەکی و ئیقلیمی و جیهانیەکان بکرێت ، ماوەیەکی کەممان لەبەردەستدایە تا بتوانین خۆمان ساز و ئامادە بکەین و بەرەیەکی یەکگرتوی کوردستانی پێکبهێنین و تەواوی ئەگەرەکان بەکراوەیی بهێڵێتەوە  !

ئەگەر وەک ئەوەی لە میدیاکانەوە دەبیستین و دەیبینین ، ئەگەر جەنابی بارزانی ئەوەندە لە خەمی چارەسەری کێشە و قەیرانەکاندایە و ئامانجی گەیاندنمانە بە کەناری ئارامی و سەربەخۆیی ، ئەوا دەبێت دادوەرێکی بێلایەن بێت و دەبێت بەلایەوە نەنگی و سوکی نەبێت ئەگەر خودی خۆی ڕاستەوخۆ سەردانی لایەنەکان بکات تا چارەسەرەکان ڕاستەوخۆ بە نوکی قەڵەمی سەرکردە سیاسیەکان بنوسرێن 

پێویستە لە حیزبەکەی خۆی بەدەنگ بێت و پەنجەی ئاڵۆزاندنی وەزعەکە و پەکخستنی پەرلەمان و وەزارەتخانە و خوڵقاندنی قەیرانەکانیان بۆ درێژ بکات و بە جورئەتەوە بە هەڤاڵەکانی بڵێت ئێمە دۆخەکەمان بەم ئاستە گەیاندوە و ئەرکیشمانە تا چاکی بکەینەوە  .

بەدڵنیاییەوە بێ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و بەگەڕخستنەوەی پەڕلەمان وەک ئەوەی کە هەبو ، گەڕانەوەی وەزیرەکانی گۆڕان بۆ سەر کارەکانیان و کۆبونەوەی ڕاستەوخۆی بارزانی لەگەڵ کەسی بڕیاردەری حیزبەکان مەحاڵە دەیان هاتوچۆی جەنابی کاک دکتۆر فواد حوسین بۆ سلێمانی بتوانێت ناوماڵی کورد ڕێک بخاتەوە و نە کورد و کوردستانیش بە سەربەخۆیی و ئازادی ڕاستەقینە شاد دەبێت  

لە ئێستادا نە بارزانی سەرۆکی هەرێم و نە بارزانی سەرۆکی حکومەت نەک هەر نەیانتوانیوە سیماو و شوێنەواری دوو ئیدارەیی بسڕنەوە ، بەڵکو لە زۆر خاڵدا ئەو سیاسەتە پیادە دەکرێ کە دەڵێن ( بەشی خۆم بۆ خۆم و بەشەکەی تۆش دەخۆین ) . لە ئێستادا هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی تا سەر ئێسک مەترسیدار و پڕ ئاریشەدا دەگوزەرێت ، نەبونی سیستەمی حوکمڕانی  دیمکراسی ، داڕوخانی سەرخان و ژێرخانی ئابوری. بە حوکمی چڕبونەوەی زۆرینەی دەسەڵاتی ڕەهای حوکمداری لۆکاڵی کوردی لە دەستی یەک حیزب و هێز ( سەرۆکی هەرێم و پارتی ، سەرۆکی حکومەت و پارتی ،  سەرچاوە سروشتیەکان و پارتی ،ئەنجومەنی ئاسایش و پارتی ، وەزارەتی پێشمەرگە و پارتی ، وەزارەتی ناوخۆ و پارتی ، مەلەفی نەوت و گرێبەستەکان و پارتی ، پەروەردە و پارتی ، پەیوەندیەکانی دەرەوەو پارتی ) وا لە پارتی دەخوازێت کە هەنگاوی جدیتر بنێت و سەرۆکی هەرێمیش زیاتر دەستکراوەبێت بۆ چارەسەری کێشەکان  .

خۆزگە بمانتوانیبایە هیچ نەبوایە لەبری ئەم هەمو ڕقەبەرایەتیەی کە بەدرێژایی ئەمەندە ساڵەی حوکمڕانی کوردی بتوانرایە بۆ ئەم قۆناخە و قۆناخی دوای داعش هیزێکی نیشتیمانی یەکگرتوی ئەوتۆمان هەبوایە کە دوربوایە لە بیری حیزب حیزبێنە و باڵ باڵێنە و ململانێی سیاسی ، بیتوانیبایە ئەرکی پاراستنی نیشتیمان وەک کوردستان و گەلیش وەک کورد بوایە .زۆرن ئەوانەی دەڵێن هەمانە ، منیش دەڵێم  با ئەوانەی باس لە بونی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتو دەکەن ، با سەرەتا جل و بەرگ و جۆری چەک و موچەکانیان یەک بخەن ئەوسا ئێمەش دەڵێین ئەشهەدو ڕاستان فەرمو  .

 

Qadirzada.com © 2016. All rights reserved