دەوڵەتی کوردی لەدایک دەبێت یان لەبار دەبرێت ؟

     بەشی یەکەم                    

  مەهدی خالید خەمبار

هەمو بێدەنگبونێکی هەرمرۆڤێک لە بەرامبەر ئەوەی لە کۆمەڵگاکەیدا دەگوزەرێت نیشانەی قایلبون و دەست بەکڵاو خۆوە گرتن نیە بەڵکۆ فاکتەری جەوهەریتری هەیە. من خۆم وەک نمونەیەک دەهێنمەوە کە ماوەیەکە هەم لە فەیسبوک و ماڵپەڕ و سایتەکان وهەمیش لە نوسین دورکەوتومەتەوە ئەمەش بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە خەراپی باری تەندروستیمەوە ، ئەگینا زۆربەی ئەو قەیران و کێشانەی ڕۆژانە بەرۆکی هاوڵاتیان دەگرن ئەوەندە دەهێنن هیچ نەبێت بەدێرێکیشبێت دەنگی ناڕەزایی و توڕەییم بخەمە پاڵ قەڵەمی توڕەکان .

من ئەم ناسەقامگیریە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سەربازی و فەرهەنگی وئەم قەیرانە کەڵەکوبوانەی وەک دۆزەخێک بۆخەڵکانی بەشمردەی هەرێمیان جۆشداوە ، من دەیگەڕێنمەوە بۆ نەبونی سەرکردەی عەقڵ وعەقڵی سەرکردە تا بتوانێت وەک هەمو ئەو سەرکردە جیهانیانەی بۆ گەلەکانیان ژیان و لە پێناو گەلەکانیشیاندا تێکۆشان و مردن ئاوا بتوانن بەو نەفەسەوە وەک غاندی و ماندێلا خزمەتی نەتەوە و نیشتیمان بکەن.

لە وڵاتی ئێمەدا پەکمان لە سەر هەبونی سەرکردەی حیزب و خێڵ و سەرلەشکر نەکەوتوە، هەر بۆیە ئەوەندەی کاربۆ سەرخستنی بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵە و کاڵکردنەوەی بیری نەتەوایەتی دەکرێت، ئەوەندەی کار لە پێناو گەشەکردنی عەقڵیەتی قبوڵ نەکردنی یەکتر دەکرێت، چارەکی ئەوە کار ڕوە و ئاراستە پێچەوانەکانیان ناکرێ

جێگای داخە لەم کاتە هەستیاروچارەنوسسازەدا  کە سەدەیەک بە سەر پەیماننامەی سایکسبیکۆدا تێدەپەڕێت و هەرێمەکە بە گشتی چاوەڕوانی داڕشتنەوەیەکی تازەیی ڕیشەیی دەکات ، کەچی ئێمە خەریکە جارێکیتر خەونێکی مێژینەی نەتەوایەتیمان لەم سەدەیەشدا بە دەست و ویستی خۆمان بەدەردی لۆزان ببەینەوە. لە ئێستادا جیا لەم پەرتەوازەیی ناوماڵی کورد و نەبونی یەکدەنگی کە لە پای کەلەڕەقی و بەرژەوەندپارێزی حیزبی وعەقلیەتی خۆسەپاندنە بترازێ، جیا لەم فاکتەرە ناوخۆییەییەکان نەبێت کە پەیوەندیان خودی کورد خۆیەوە هەیە ، ئەگینا هەمو دەروازە و دەرفەت و ئەگەرە ئەرێنیە دەرەکیەکان ڕوەو ئایندەیەکی گەش لە بەرژەوەندی گەلی کوردستان و نیشتیمانەکەمان ئاواڵایە    

کاتێ باس لە کارێزمایی مام جەلال دەکرێ، من پێم وانیە بێ حیکمەت بوبێت. ئەوەندەی لە نێو ناوەندە سیاسی و دیبلۆماسیە جیهانیەکان حیسابیان بۆ ئەم واقیعە کردوە لە نێوخودی خۆمان پەیمان پێینەبردوە، دوای نەخۆشکەوتنی و دیارنەمانی لە نێو هاوکێشە سیاسیە ناوخۆیی و ئیقلیمی و جیهانیەکان، ئیتر هەقە هەمومان بەویژدانەوە باس لەم ڕاستیە بکەین و باس لەو کۆڵەکە بەهێزە بکەین کە توانیبوی سەقامگیری سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و سەربازی لە کوردستان و عێراقدا ڕابگرێت و باڵانسی هێزی نێوان بەغدا و هەولێریشی بە باشی ڕاگرتبو، بۆ مافەکانی ژنان و ئافرەتانیش سەنگەرێکی تۆکمە و قایم بو .

بۆ ئەوەی شیکاریەکی ورد و تەندروست بۆ کاریگەریەکانی دوای ونبونی عەقڵی ئەم سەرکردە کاریزمایە بکەین پێویستە لە خودی حیزبەکەی خۆیەوە دەستپێبکەین و به هەرێم وعێراق و ئیقلیمدا گوزەر بکەین تا بە دونیای دەرەوە دەگەین.

لە نێو یەکێتیدا نەمانی بڕیاردەری یەکلاکەرەوە و قوڵبونەوەی باڵباڵێنە ، لە کوردستان پەرتەوازەیی و پەکخستنی پەڕلەمان و ناردنەماڵەوەی سەرۆکی پەڕلەمان و وەزیر و دونیایەک قەیرانو ململانێ و برسیکردنی هاونیشتیمانیان، لە عێراقیشدا بڕینی پشکی هەرێم لە بوجەی عێراق و دابەشبونی عێراق و کوردستان بە سەر دوو بەرەی سونی، شیعی  , کە تورکیا و ئێران سەرپەرشتیان دەکەن، هەڵتۆقینی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و ڕادەستکردنی شارەکانی موسڵ و تکریت و ئەنبارو شەنگال و بەشێکیش لە شارەکانی کەرکوک وخانەقین و هەولێر و جارێکیترئەنفالکردنی ژن و مناڵ و گەنج و پیرانی هاوخوێنە یەزیدەیەکانمان، پەلکێشکردنی کورد بۆ نێو شەڕێکی خوێناوی و لە سەر ئاستی هەرێمیش  بەزاندنی قودسیەتی خاکی هەرێمی کوردستان و شەهیدکردنی هاووڵاتیان  لە لایەن ئۆردوی تورکیا و ئێرانەوە بە بەردەوامی و نەبونی دەنگی شەرمەزارکردنی هەردو وڵات بە شێوەیەکی ڕەسمی بە گشتی و بەزاندنە بەردەوامەکانی سنوری خاکی کوردستان لە لایەن سوپای تورکیاوە بە تایبەتی .

                                                  //////  ماویەتی  /////

 

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved