كە ناتوانن جێیبێڵن

 

 

لەتیف فاتیح فەرەج

١

دەقی قسەكەی مەسعود محەمەد لە ٢١ی ١٢ی ١٩٩٧ بەغدا  دوا لاپەڕەی مرۆڤ و دەورو بەر " چەند لە سەر حەق بووم كە دەمگوت ، ئەگەر چارەنووسی كورد لە دەست مندا بێت ،حكومەتی كوردی بە قۆنتەرات دەدەمە شەریكەیەكی سویدی ، نەرویجی ، سویسرەیی ، بە نیوە مەسرەف دەمحەسێنێتەوە "

 

ئێستاش ئەگەر داوا لە ئەمەریكا ، فەڕەنسا ، بەریتانیا بكرێت ، بێن و بۆ ماوەی 10 ساڵ سەرپەرشتی ئەم هەرێمە بكەن و چارەنووسی دیاری بكەن ، زۆر لەوە باشترە هەر چەند دەیە جارێك چەتەكانی كوردایەتی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە بەرن و میللەتیش بۆ شەقی دووژمن بە جێبهێڵن .

 

٢

چەند ساڵێكە بەشێك لە ئەحزابی كوردی باشوور تاقەتیان لە بەڕێوە بردنی ئەم وڵاتە چووەو نازانن چۆن دەستی لێبەردەن ، ئەوەی لە رابردودا حزبی كوردی بە خەڵكی كوردستانی كردوە ، دوژمنەكانیش هەر ئەوەیان پێكردووە ، ئەوە جگە لەوەی تا ئێستاشی لە گەڵدا بێت ئەوە ئەوانن كە ناهێڵن كورد بگات بە خەونی خۆی ، بگات بە سەر بەخۆیی ، یەك دەكۆمێنت و بەڵگەو نوسراوی هاوبەشی لایەنەكانی كورد نیە داوا لە دنیا بكات پشتگیری سەربەخۆیی و خۆ خاوەنی كورد بكات ، ئەوەی هەیەو نیە فشەو غاڵی حزبیانەیە .

 

ئەگەر ئەمەریكاو ئەوروپاو بەرژەوەندی و شتی تر نەبوایە دەمێك بوو ئەمەشیان دابووە دەست رەشەبای قەدەرەوە ، ئەرێ‌ بە بێ‌ زیز بوونی هیچ لایەك ئەو پارەو پوڵەی دوای هەرەسی ئەیلول كەوتە كوێوە و چی بەسەر هات .

 

٣

چارەنووسی میلەتێك بە دەست كۆمەڵێك كۆمپانیای پس مام و خزمی پسمامەوەیە ، بە هەموویان دەیانەوێت ئەوەی هەیە بیڕوخێنن ، نانی دەبڕن ، نەوتەكەی هەڕاج دەكەن ، پشتی تێدەكەن ، دەستی دوژمن و جانەوەردەگرن بۆ سەر سینگ و بەرۆكی لەو لاشەوە دەكەونە تەخوین كردن .

كاتێك لاوێك بە غەنووشی گوت دەچم ئەو مەلهایە دەتەقێنمەوەو " لەشفرۆشەكان"ی ناوی دەنێرم بۆ دۆزەخ لە وەڵامدا گوتی كاری تۆ ناردنی خەڵك نیە بۆ دۆزەخ دەتوانی بڕۆ یەك دوانێكیان بگێڕەوە بۆ بەهەشت ، كاری ئاكاری ئەوەیە خەڵك نەنێری بۆ خیانەت كردن و ئەوانەش بگێڕیتەوە بۆ ریزی نیشتمانی كە گوایە خیانەتیان كردووە، چەند ناشرینە خەڵك بە گەورەت بزانێ‌ و تۆ نەتەوەێ‌ ئەوە بیت ، خەڵك داوای رۆڵت لێبكات و تۆ هەر ئەوە بكەی كە خۆت گەرەكتە.

 

٤

شەڕی ئێمە لە عیراق نەلەگە شیعەیە نەلەگەڵ سوونە ، شەڕی ئێمە لە گەڵ خۆمانە ، لە گەڵ هۆكاری ئەو رانەبوونەی كەهەیە ، لەگەڵ ئەو چارەنووسە خراپەی لێمان نابێتەوە ، ئەو چارەنووسەی حزبە كوردیەكان بۆیان نووسیوین ، ئێستا كە سبەینێ‌ رەنگە جارێكی تر قسە لە سەر نەخشەی ئەم ناوچەیە بكرێتەوە ، كاتی ئەوەیە لە دەرەوەی حزبەكان ، خەڵك ، رای گشتی ، هاونیشتمانیەكان هەموو واژوو بۆ ئەوە كۆبكەنەوە بەسە چی تر دەمانەوێ‌ ناسنامەی خۆمان هەبێت ، ناسنامەیەك كە لانی كەم رۆژئاوا بۆمان بپارێزێت .

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved