| ||
|
||
لاهور شێخ جەنگی: پەیامێکی ڤیدیۆی بلاو کردەوە
لاهور شێخ جەنگی بەبۆنەی جەژنی نەورۆزو سەری ساڵی کوردی پەیامێکی پیرۆز بایی بڵاو کردەوە لە کەرکوك. دەقی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی:
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان
ئەمساڵ لە كاتێكدا ئاگری نەورۆز دەكەینەوە، كە دۆزی رەوای گەلەكەمان لە سەرتاسەری ناوچەكەدا، روبەڕووی هەڕەشە و مەترسی ناوخۆ و دەرەكی بۆتەوە، و لەشكركێشی سەربازیی، و ململانێی ناوخۆیی، دەسكەوتە نەتەوەییەكانی لە كەركوكەوە تا عەفرین خستۆتە مەترسیەوە.
ئەمڕۆ بە بەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، هەر وەك سەدان ساڵی رابردووی مێژووی خوێناویی ناوچەكەمان، گەلی كوردستان، روبەڕووی سەركوتكاری و راونان و قڕكردن بۆتەوە و دنیا لە ئاست ئەو كارەساتانەی دەهێنرێت بەسەرماندا، كڕ و كاس و بێ دەنگە.
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
ئەم برینە سارێژنەبووەی گەلەكەمان، برینی ژێر دەستەیی، وایكردوە كە هەمیشە نەورۆزی ئێمە جیاواز بێت لە نەورۆزی گەلانی تر و ئاگری نەورۆز، گڕی راپەڕین و رزگاری و هیوای سەربەخۆیی بێت لە رۆحی نەتەوەیی هەر یەكێكماندا. بۆیە بە درێژایی مێژووی سیاسیی گەلەكەمان، رەچەڵەكی نەورۆز چۆتەوە سەر رەچەڵەكی ئازادی و سەربەخۆیی و ئێمەش بە پشتیوانیی خوا و ئێوە، تا گەیشتن بە ئامانج درێژە بەم رێبازە دەدەین.
كوردستانیانی كۆڵنەدەر
كارەساتی عەفرین و روداوەكانی دوز و كەركوك و شەنگال لە ١٦ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دوایی، پەندن بۆ هەموومان و پێماندەڵێن كە لەناو جوگرافیایەكی داخراودا، هیچ چەكێك لە یەكڕیزیی ماڵی كورد بەهێزتر نییە و ئەوەی كورد جگە لە چیاكانی هەیەتی، تەنها و تەنها تەباییە.
بگەڕێنەوە بۆ راپەڕینی ئازاری ١٩٩١ و تەبایی سەردەمی بەرەی كوردستانی، یان ساڵی ٢٠١٤ و تەبایی ساتەوەختی دروستكردنی كانتۆنەكانی رۆژئاوا و هەماهەنگی بۆ پاراستنی كۆبانی.
ئێستاش سەرباری كارەساتەكان، دڵنیام لەوەی كە سەرئەنجام تەبایی و یەكڕیزیی ماڵی كورد، ئاشتی ناوخۆ و یەكخستنی تواناكان بۆ بەرگری و بنیادنان، دەتوانێت بەهاری كوردی بهێنێتە بەر و سەربەخۆیی راستەقینە بە گەلە چەوساوەكەمان ببەخشێت، ئەمەش ئەركی هاوبەش و مێژوویی هەموومانە.
گەلی تێكۆشەری كوردستان
من كە ئەمڕۆ بەم پەیامە، بەشداری دەكەم لەگەڵتان، لە ناخی دڵەوە، هیوای سەلامەتی بۆ یەك بە یەكتان دەخوازم و مانەوە و خۆڕاگری و نەورۆزتان لێ پیرۆز دەكەم و دڵنیاتان دەكەم وەكو هەر یەكێك لە ئێوە، ئەوەی لە تواناما بێت بۆ ئاسودەیی ئێوە، بۆ پاراستنی سەروماڵتان، بۆ چاككردنەوەی بژێویی ژیانتان، بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی و بۆ یەكڕیزیی گەلەكەمان درێغی ناكەم و پشتیوانتان دەبم.
من كە ئەمڕۆ، هاودەنگتانم، بە تەنها نوێنەرایەتی حزب و دیدگایەكی داخراو ناكەم، بەڵكو وەكو هەر یەكێك لە ئێوە، تامەزرۆم كە كوردستانەكەمان بمێنێت و دوژمنانی دەرەكیی گەلەكەمان، سەركردە كەمتەرخەمەكانی ناوخۆمان، گەندەڵ و ئەو سیخوڕ و مشەخۆرانەی لەناو ریزەكانماندا كنەیان كردوە، فڕێ بدەینە دەرەوەی نیشتمانەكەمان و خۆمان بۆ ئایندەیەكی باشتر ئامادە بكەین.
هەڤاڵانی خۆشەویست
یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، هەمیشە بۆ كوردستان و ئازادی و دیموكراسی تێكۆشاوە و بۆ داهاتوویەكی پرشنگدار بۆ گەلەكەمان خەباتی كردوە. بەڵام ئەمە بەتەنها بەس نییە چونكە ئەزموون دەریخست كە هەر كات یەكێتیی رۆڵی مێژویی خۆی نەبینێت، و لەبەر موراعاتی هاوپەیمانەكانی، سەركردایەتی دۆزی كوردستانیی بە بڕیاری نەخەمڵیووی ئەوانی تر بسپێرێت، وەك لە سەرەتای شەڕی داعش و مەسەلەی ریفراندۆمدا رویدا، گەل و نیشتمانەكەمان بەرەو كارەسات دەچێت. بۆیە ئێستا كە دەركەوتووە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، ئایندەیان بەستراوە بە ئایندەی یەكێتییەوە، پێویستە بەهاری یەكێتییش دەست پێ بكا و ئەم حزبەی كە بە خوێنی شەهیدانی گەلەكەمان گەیشتۆتە ئەم قۆناغە، و رەوایەتی بوونی، لە خەڵكەوە وەرگرتوە، لەسەریەتی خۆی نوێ بكاتەوە، لە پێناوی خەڵكدا جڵەوی روداوەكان بگرێتە دەست، سەركردایەتییەكی بەرپرسیار بخاتە سەر شانۆی حوكمڕانیی و گەلەكەمان بەرەو كەنارێكی ئارام و سەقامگیرتر رابەرایتی بكات.
دڵنیام كە هەموومان پێكەوە، بە یەكێتی دەتوانین داهاتویەكی باشتر بۆهەمووان فەراهەم بكەین. نەورۆز و ساڵی نوێتان پێرۆز بێ و بەهیوای ساڵێكی باشتر بۆ هەمووتان
|
||
Qadirzada.com © 2018. All rights reserved
|
||