| ||
|
||
كوردستان له لێواری غه‌رقبوونێكی ته‌واوه‌تیدایه
ژماره‌یه‌ك نوسه‌ر و چالاك و رۆژنامه‌نووسی كورد هۆشداریده‌ده‌ن كه كوردستان له لێواری غه‌رقبونێكی ته‌واوه‌تیدایه و هیچ هێزێك ناتوانێت به‌ته‌نیا فریادڕه‌سی ئه‌م دۆخه مه‌ترسیداره بێت.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ژماره‌یه‌ك نوسه‌ر و چالاك و رۆژنامه‌نووسی كورد له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایانگه‌یاند
ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه:
كوردستان له‌لێواری غه‌رقبوونێكی ته‌واوه‌تیدا
ساڵانێكی درێژه دوو ھێزی سته‌مگه‌ر حوكمڕانیی ئه‌م وڵاته ده‌كه‌ن و كۆمه‌ڵگاكه‌ش له‌م نوشستییه‌وه بۆ ئه‌و نوشستیی تر ده‌گوازنه‌وه. له ئێستاشدا ”حكومه‌ت"ه‌كه‌یان نه ده‌توانێت نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی ئێمه بكات و نه ده‌توانێت چاره‌سه‌ری ھیچ یه‌كێك له كێشه گه‌وره‌كانی وڵات بكات و نه ئاماده‌شه به‌رپرسیارێتیی سیاسیی و ئه‌خلاقیی نشوستییه سیاسیی و سه‌ربازیی و ئابوورییه زۆره‌كانی بگرێته ئه‌ستۆ و ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات ببێت. ئه‌م فه‌رمانڕه‌وا نابه‌پرسیارانه له‌دوای شكستی ئه‌زموونی ریفراندۆمه‌وه ھێنده بچووكبووه‌نه‌ته‌وه نه‌ك ته‌نھا نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ناكه‌ن، به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تی حیزبه‌كانی خۆشیان پێناكرێت.
ئه‌وه‌ی له‌م چركه‌ساته‌دا گرنگه بوونی به‌رپرسیارێتیی سیاسیی و ئه‌خلاقیی ھه‌موو ھێزه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و رۆشنبیرییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی نوخبه حوكمڕانه‌كه‌یه، به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی بنه‌ڕه‌تیی بۆ ئه‌م بنبه‌سته سیاسییه سه‌راپاگیره‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی تێكه‌وتوه. به‌بۆچونی ئێمه ئه‌وه‌ی وه‌ك ئه‌ركی ژماره یه‌ك پێویسته، دروستكردنی زمانێكی ھاوبه‌شه كه بتوانێت به‌رگریی له كۆی به‌رژه‌وه‌ندیی و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان بكات و داخوازییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دانیشتوانی ھه‌رێم به‌رجه‌سته‌بكات. زمانێكی ھاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌و ھێزانه‌دا دروستبكات، كه به‌رپرسی ڕاسته‌وخۆی شكستی ئه‌م ئه‌زموونه سیاسییه نین و دروستكه‌ری قه‌یرانه گه‌وره‌كانی نین. به‌دیھێنانی ئه‌م ئه‌ركه‌ش نه به ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ی حیزبیی بۆ پشتیوانیكردنی خۆپیشاندانه‌كان و نه به ڕوماڵكردنی میدییایی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان و نه به كۆبوونه‌وه‌ی به په‌له‌ی ھێزه سیاسییه‌كان، چاره‌سه‌رده‌كرێت. ئه‌وه‌ی پێویسته و ئێمه تا ئێستا چه‌ند جارێك جه‌غدمان له‌سه‌ركردۆته‌وه دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی نیشتیمانیی ده‌ره‌وه‌ی ھێزه‌كانی ده‌سه‌ڵاته و كاركردنی پێكه‌وه‌ییانه وه‌ك بلۆكێكی سیاسیی تازه، كه ھه‌مووان به‌و زمانه ھاوبه‌شه بدوێن و بجوڵێنه‌وه. به‌ره‌یه‌ك بتوانێت شتێك له متمانه بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان كۆمه‌ڵگا و سیاسه‌ت و ھه‌ڵگری به‌رنامه‌یه‌كی سیاسیی نوێ و كۆمه‌ڵێك میكانیزمی كۆنكریتیش بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ھۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی كه ھه‌ن، له‌وانه‌ش قۆرخكردنی ته‌واوی ده‌سه‌ڵات و دزیی و جه‌رده‌یی و گه‌نده‌ڵیی و ڕێكه‌وتنی نھێنی و په‌كخستنی ده‌زگا سه‌ره‌كییه‌كانی حوكمڕانیی و ئه‌و مۆدێله وێرانه‌ش له ئابوری مافیایی كه له ھه‌رێمدا ھه‌یه و سه‌روه‌ركراوه. به‌بۆچوونی ئێمه تاكه ده‌ره‌چه‌یه‌كی عه‌قلانیی بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه و رێگرتن له پشێویی سیاسیی و ماڵوێرانیی كۆمه‌ڵایه‌تیی و پێكدادانی خوێناویی گه‌وره، كه چاوه‌ڕوانكراوه له ئه‌نجامی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و ھێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا ڕووبدات، خۆڕێكخستنی ھه‌موو ھێزه ڕه‌خنه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌یه له پرۆژه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ییدا و به‌ته‌نھاجێنه‌ھێشتنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نیی ناڕازیی كوردستانیشه له شه‌قامه‌كان. ئه‌م ھه‌نگاوه‌ش چه‌نده رێگه‌گرتنه له بێحورمه‌تیی پێكردن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و گرتن و كوشتنی خۆپیشانده‌ران، ھێنده‌ش به‌خشینی ھیوا و متمانه‌یه به داھاتوویه‌كی باشتر.
ئێمه ڕامان وایه كه چیدی مانه‌وه‌ی چالاك و ناچالاكی حیزبه ناڕازییه‌كان له‌ناو ھه‌ردوو ده‌زگای كارتۆنی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی ھه‌رێمدا جگه له ھه‌ڵه‌یه‌كی سیاسیی و نابه‌رپرسیارێتییه‌كی ئه‌خلاقیی گه‌وره ھیچ مانایه‌كی تر ھه‌ڵناگرێت. ھه‌موو درێژه‌دانێكیش به ته‌مه‌نی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارێتییه جاڕدانی مردنی سیاسیی ھه‌موو ئه‌و ھێزانه‌یه كه ھێشتا وه‌ھمی ئه‌نجامدانی كاری خێر له‌م ھێزه شه‌ڕانگیزانه‌دا ده‌بینن. ئێمه له‌م چركه‌ساته پڕته‌نگه‌ژه و ناكۆكیی دوژمنانه‌دا، دوو ھه‌نگاوی سه‌ره‌تایی به پێویست ده‌زانین و پشتیوانیی له ھه‌موو ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ده‌كه‌ین به‌و ئاراسته‌یه‌دا.
ھه‌نگاوی یه‌كه‌م: ده‌ستبه‌جێ كشانه‌وه‌ی ھه‌موو ئه‌و ھێزه سیاسییانه‌ی كه شتێكیان تێدا ماوه ناوی به‌رپرسیارێتی سیاسیی و ئه‌خلاقیی بێت، له حكومه‌ت و په‌رله‌مانی بنه‌ماڵه سیاسییه‌كان. ھاوكات به‌یانكردنی شكستی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له به‌ڕێوه‌بردن و حوكمڕانیكردنی وڵات و جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی ھه‌رێم. ئێمه وایده‌بینین مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته ده‌بێت وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆ ئاساییشی نیشتیمانیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسیی ته‌ماشابكرێت و ھه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.
ھه‌نگاوی دووھه‌م: پێكھێنانی به‌ره‌یه‌كی نیشتیمانیی له لایه‌ن ھه‌موو ئه‌و ھێزانه‌وه كه له‌ده‌ره‌وه‌ی ھه‌یمه‌نه‌ی جووتخێزانی سیاسیی پارتی و یه‌كێتیدان و ڕێكه‌وتنیان له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تێكی ڕاگوزه‌ر. ھاوكات جاڕدانیش بۆ به ناشه‌رعیی ناساندنی ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستای ھه‌ولێر له نوێنه‌رایه‌تیكردنی خه‌ڵكی ھه‌رێمی كوردستان له عێراق و ده‌ره‌وه‌یدا. داواكردن له ھه‌موو ده‌وڵه‌تان و باڵوێزخانه و رێكخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان كه چیدی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته شكستخواردووه نه‌كه‌ن و وه‌كو نوێنه‌ری خه‌ڵكی ھه‌رێمی كوردستان ته‌ماشایان نه‌كه‌ن.
كوردستان له لێواری غه‌رقبوونێكی ته‌واوه‌تیدایه، ھیچ ھێزێك ناتوانێت به‌ته‌نھا فریادڕه‌سی ئه‌م دۆخه مه‌ترسیداره بێت و وه‌ھمی ئه‌وه‌ش لای خه‌ڵكی ئێمه دروستبكات كه ده‌توانێت به‌ته‌نھا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سته‌مگه‌ره ڕابماڵێت. ئه‌ركی ھه‌موو ھێز و كه‌سایه‌تییه سیاسیی و ڕۆشنبیرییه‌كان ئه‌وه‌یه به دیدگایه‌كی عه‌قلانیی و پڕئیراده و جورئه‌ت و تێگه‌یشتن له ناسكیی دۆخی كوردستانه‌وه، له‌ده‌وری پرۆژه‌یه‌كی نیشتیمانیی نوێ كۆببنه‌وه بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ژیانی سیاسیی و ژیانی گشتیی كۆمه‌ڵگای ئێمه و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه مه‌ترسیداره.
به‌ڕای ئێمه ھه‌ر پاڵدانه‌وه و ھیچنه‌كردن و خاوخلیچكییه‌ك له‌م كاته‌دا بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه كاتییانه‌ی ده‌ستنیشانمانكردن و تا گه‌یشتن به رێكخستنی ھه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد، نه‌ك له‌ده‌ستدانی فرسه‌تێكی تره كه پاش شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر ھاته پێش بۆ كۆتاییھێنان به‌م مۆدێله له ده‌سه‌ڵاتدارێتی گه‌نده‌ڵ و نابه‌رپرسیار، به‌ڵكو ئه‌مجاره‌یان ده‌بێت به ھۆكارێكیش بۆ كۆتاییھێنان به شه‌رعییه‌تی نوێنه‌رایه‌تیكردنی ئه‌و ھێزانه‌ش كه تا ئێستا ره‌خنه‌ی مۆدێلی حوكمڕانیی له ھه‌رێمدا ده‌كه‌ن و نوێنه‌رایه‌تی به‌شێكی به‌رچاوی ھێزی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ناڕازیی كۆمه‌ڵگای ئێمه ده‌كه‌ن.
ره‌وف بێگه‌رد رێبین ھه‌ردی نه‌جیبه مه‌حموود چۆمان ھه‌ردی ھیوا فایه‌ق نیاز عه‌بدوڵڵا سه‌ردار محه‌مه‌د لاوك ئه‌حمه‌د خالید سڵێمان كه‌مال ره‌ووف كاوه بێسارانی فه‌رمان ره‌شاد نامۆ خانه‌قینی شوان حه‌مه كه‌مال چۆمانی ئاسۆس ھه‌ردی مه‌ریوان وریا قانع ئاراس فه‌تاح
|
||
Qadirzada.com © 2017. All rights reserved
|
||