| ||
|
||
باری تهندروستی كۆسرهت ڕهسوڵ زۆر جێگیره
سهرۆكی تیمی پزیشكی چارهسهركردنی كۆسرهت ڕهسوڵ عهلی ڕایگهیاند: لهئێستا باری تهندروستی كاك كۆسرهت زۆر جێگیره. لهكۆنگرهیهكی ڕۆژنامهوانیدا لهشاری پزیشكی فاروق لهسلێمانی، د. دارا ڕهشید سهرۆكی تیمی پزیشكی چارهسهركردنی كۆسرهت ڕهسوڵ عهلی دوایین زانیاری لهبارهی باری تهندروستی كۆسرهت ڕهسوڵ عهلی جێگری سكرتێری گشتیی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان خستهڕوو و ئاماژهی بهوه كرد كه باری تهندروستی زۆر جێگیره و لهئێستادا لهژێر چاودێری وردی پزیشكی دایه. ڕوونیشیكردهوه كه ههر نهخۆشێك كاتێك نهشتهرگهری بۆ دهكرێت پێویستی بهوه ههیه كه ماوهی ٧٢ سهعات لهژێر چاودێری وردی پزیشكیدا بێت. رۆژی شەممە ١١-١١-٢٠١٧، بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، کۆسرەت رەسوڵ رەوانەی نەخۆشخانە کرا و بهەمان رۆژ وەزیری تەندروستی، رایگەیاند، کە نەخۆشییەکەی گیرانی خوێنبەرەکانی ریخۆڵەکانی بووە و نەشتەرگەری بۆ کراوە.
کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی
کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لە ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی شیواشۆکی گەورەی سنووری قەزای کۆیە لەدایک بووە،لە ئێستادا جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە و لەهەمان کاتیشدا جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان)ە. ھەر لە سەرەتای لاوێتی و قۆناغەکانی خوێندنەوە تێکەڵ بە کاری سیاسی و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دەبێت و سەرەتای کاری سیاسیشی دەچێتە ڕیزی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە شۆڕشی ئەیلولی ساڵی ١٩٧٤ دا بەشداری بەرچاوی دەبێت. لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٥ دا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە دەکات و دەبێت بە سەرپەرشتکاری ڕێکخستن و کاروچالاکیەکانی خوێندکاران. لە ساڵی ١٩٧٦ دا کۆسرەت رەسوڵ یەکێک بووە لەو ھەڤاڵانەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانیان لە شاری کەرکوک دامەزراندووە. جمووجۆڵ و چالاکییەکانی لەو کاتەدا بووەتە ھۆی ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٧ دا لە لایەن رژێمی بەعسەوە زیندانی بکرێت، پاش ماوەیەکی زۆریش لە زیندانی و ئەشکەنجەدان یەکێک بووە لەو پێنج خۆڕاگرە ئازایەی کە ھیچ جۆرە ئیعترافێکی نەکردووە و سەربەرزانە لە زیندان ھاتووەتە دەرەوە. لە ساڵی ١٩٨١ بووەتە ئەندامی سەرکردایەتی رێکخستنەکانی ناوخۆی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و لە ھەمان کاتدا لێپرسراوی ڕێکخستنە نھێنییەکانی ناوشاری ھەولێر بووە، کە چالاکی و جموجۆڵێکی سیاسی گەورە و بەرفراوانیان لەو شارەدا ئەنجامداوە. لە کۆنفرانسی ٣ی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٣دا بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردرا و دواتر بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵی ١٩٨٨ەوە تاکو ساڵی ١٩٩١ ئەندامی ناوەندی کۆمەڵە بووە لێپرسراوی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٨٤ بووە بە لێپرسراوی مەڵبەندی ٤ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ساڵی ١٩٨٥ بە سەختی برینداربووە، دواتر لە ساڵی ١٩٨٦دا کە مەڵبەندەکانی ٣ و ٤ دەکرێن بە یەک مەڵبەند کۆسرەت دەبێتە لێپرسراوی مەڵبەندەکە تاکو ساڵی ١٩٨٨، کە یەکێک بووە لە چالاکترین مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لە ساڵی ١٩٩١ کە نەخشەی راپەڕین داڕێژرا لەلایەن بەرەی کوردستانی کە پێکھاتبوون لە ھەموو ھێزە سیاسیەکانی ئەو کاتی کوردستان، کۆسرەت ڕەسوڵ وەک ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی سەرپەرشتیکردنی ئازادکردنی شاری ھەولێری پێ سپێردرا. لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا کۆسرەت یەکێک بوو لە دیارترین ئەو سەرکردانەی کە رۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە ئازادکردنی شاری کەرکوکدا. لە ساڵی ١٩٩١ دا بووە بەلێپرسراوی بەرەی کوردستانیی سنوری پارێزگای ھەولێر، ساڵی ١٩٩٢ بووە بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و لە ساڵی ١٩٩٣ تاکو ساڵی ١٩٩٦ دەبێتە سەرۆکی دووەم کابینەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، دواتریش بووە بە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان-ئیدارەی سلێمانی تاکوو ساڵی ٢٠٠١. لە ساڵی ٢٠٠١ بووە بە لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. لە ٢١/٠٦/٢٠٠٦ کۆسرەت وەک جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستنیشان دەکرێت، ھاوکات کۆسرەت جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. لە ماوەی دەست بەکار بوونیشی وەک جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، چەندین سەردانی ڕەسمی وڵاتانیشی کردووە کە دواھەمینیان سەردانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دیداری لەگەڵ بوش. کۆسرەت ڕەسوڵ لە ساڵی ١٩٧٧ ھاوسەری گرتووە و دەبێتە خاوەنی شەش کوڕ و یەک کچ، کە دواتر سێ کوڕی شەھید دەبێت. کۆسرەت رەسول زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی بە باشی دەزانێت و شارەزایی لە زمانی ئینگلیزی ھەیە.
لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە ،وەرگیراوە
|
||
Qadirzada.com © 2017. All rights reserved
|
||