| ||
|
||
كۆسرە‌ت رە‌سوڵ عه‌لی په‌یامێكك ئارستەی گەلی کوردستان دەکات
دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رە‌سوڵ عەلی:
به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان جه‌ماوه‌ری به‌شه‌ره‌ف و خۆڕاگری گه‌لی كوردستان كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان پێشمه‌رگه ئازا‌و جوامێره‌كان
سڵاوێكی گه‌رم...
له‌م ساته‌وه‌خته‌دا كه من ئه‌م نامه‌یه‌تان ئاراسته ده‌كه‌م له‌سه‌ر ته‌ختی چاره‌سه‌ركردنم، كه به‌هۆی تێكچوونی باری ته‌ندروستیمه‌وه دووچارم هاتووه، به‌داخه‌وه بۆ ماوه‌یه‌ك لێتان دووركه‌وتوومه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه هه‌میشه دڵم له‌لاتانه‌و له‌گه‌ڵ مه‌ینه‌تی ژیان و ئێش و ئازاره‌كانتان دام، هه‌ر لێره‌وه‌ش سوپاسی یه‌كه‌به‌یه‌كه‌تان ده‌كه‌م، چونكه له هه‌واڵپرسی و نواندنی دڵسۆزی خۆتان درێغیتان له ئاست ئێمه‌دا نه‌كردووه، بۆیه له‌ناخی دڵمه‌وه هیوای ته‌مه‌ن درێژی و له‌شساغی بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم و خوای گه‌وره له هه‌ر ده‌رد و به‌ڵایه‌ك بتانپارێزێت، هه‌روه‌ك سوپاس زۆریشم ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌و به‌ڕێز و تێكۆشه‌رانه‌ش ده‌كه‌م كه چ به‌ناوی كه‌سایه‌تی خۆیان یان به‌نوێنه‌رایه‌تی حزب و رێكخراوه‌كانیانه‌وه له هه‌واڵ و ته‌ندروستیان پرسیوین.
به‌ڕێزان له‌م چه‌ند رۆژه‌دا كه گه‌له‌كه‌مان و به‌تایبه‌ت له سنووری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌جه‌و گه‌رمیان و پشده‌رو بتوێن و ناوچه‌ی كۆیه‌ش له ئه‌نجامی خۆپیشاندان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك له ئاست بێ دادی و نه‌بوونی مووچه‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان هاتۆته پێش، كه به‌داخه‌وه كاری توندوتیژی و چه‌ندین شه‌هید و برینداریشی لێكه‌وتۆته‌وه، من ده‌مه‌وێت لێره‌دا به‌راشكاوی ئه‌وه رابگه‌یه‌نم كه ناره‌زایی ده‌ربڕین و خۆپیشاندانی مووچه‌خۆران و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادییه‌كان پێویست و رێزلێگیراوه‌و مافێكی سه‌ره‌تاییشه، به‌ڵام زۆر پێویسته ئه‌و جه‌ماوه‌ره خۆڕاگره خۆیان له ئاژاوه‌گێڕ و ده‌ستی تێكده‌رانه‌ی ئه‌ملاو ئه‌ولا بژار بكه‌ن و نه‌هێڵن كه ئامانجه‌كانیان به‌لاڕێدا ببرێت و زیان به باره‌گاو دام و ده‌زگا حكومی و شوێنه گشتییه‌كان بگه‌یه‌نرێت، چونكه رێگا راسته‌كه خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی هێمنانه‌و مه‌ده‌نیانه‌یه، نه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئێستا ده‌گوزه‌رێت.
ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه كه به‌هاوبه‌شی و هه‌ماهه‌نگی ده‌زگا شه‌رعییه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان رێوشوێنی گونجاوی بێ توندوتیژی بگرنه‌به‌ر بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌و كار بۆ دابینكردنی داخوازییه ره‌واكانی خه‌ڵك بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌ركی ده‌زگاكانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كانیشه كه به‌شێوه‌یه‌كی شارستنیانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌راندا بكه‌ن و سه‌روماڵی هاووڵاتیانیش بپارێزن، له هه‌مان كاتدا پاراستنی دام و ده‌زگاو شوێنه گشتییه‌كانیش له ئه‌ستۆ بگرن.
كوردستانیانی ئازیز...
ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان به قۆناغێكی سه‌خت و دژوار تێده‌په‌ڕێت، له‌لایه‌ك ناحه‌زانی گه‌له‌كه‌مان بۆ دژایه‌تی ئه‌زموونه‌كه‌مان هه‌موو ناكۆكییه‌كانی خۆیان وه‌لاناو له ئاست دژایه‌تی گه‌له‌كه‌مان ده‌نگ و هێزی خۆیان یه‌كخست، به‌ڵام جێگای داخه كه هه‌ڵوێستی حزب و لایه‌نه سیاسییه كوردستانییه‌كان له ئاست پێداویستی قۆناغه‌كه‌دا نییه و ریزه‌كانمان په‌رته‌وازه‌یه، هه‌ر ئه‌و نارێكییه‌ی خۆمان كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نه‌رێنی دۆست و هاوپه‌یمانه‌كانمان له ئاست ساده‌ترین مافه‌كانمان خوڵقاند. بۆیه زۆر پێویسته هێزه سیاسییه كوردستانییه‌كان هه‌موو كێشه‌و ناكۆكییه‌كانیان وه‌لابنێن و به‌گیانی یه‌كترقبوڵكردن و لێبوورده‌یی له ته‌ك یه‌كتردا مامه‌ڵه بكه‌ن و كار بۆ یه‌كڕیزی نیشتمانی و یه‌كخستنی خیتابێكی سیاسی نیشتمانی بكه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ین به‌م شێوازه‌ی ئێستا په‌رته‌وازه‌و لێكترازاو بمێنینه‌وه ئه‌وا چاره‌نووسی ئه‌زموونه‌كه‌شمان به ناڕۆشنی ده‌مێنێته‌وه‌و به‌ره‌و داهاتوویه‌كی نادیار ده‌مانبات.
هه‌ر له دوو توێی ئه‌و نامه‌یه‌داو له سه‌روه‌ختی بۆنه‌كانی سه‌ری ساڵ و له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح (ر.خ) پیرۆزبایی گه‌رم له ته‌واوی گه‌لی كوردستان به‌گشتی و خوشك و برا مه‌سیحی و یه‌زیدی و شه‌به‌ك و كلدان و ئاشووری و سابیئه‌ی مه‌ندائی ده‌كه‌م و هیوادارم ساڵی نوێمان ببێته ساڵی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و به‌دیهێنانی ته‌واوی ئامانجه‌كانی گه‌له‌كه‌مان.
كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌رلین ٢٤/١٢/٢٠١٧
|
||
Qadirzada.com © 2017. All rights reserved
|
||