نامەیەك لە كۆسرەت رەسول بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی

 

 

كۆسرەت رەسول، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نمەیەك ئاراستەی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەی

 

دەقی نامەكەی كۆسرەت رەسول بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی.

 

هەڤاڵانی تێكۆشەری ئەنجومەنی سەركردایەتی

سڵاوێكی هەڤاڵانە

بە گرنگی دەزانین ئاگادارتان بكەین كەوا:

 

ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی كە بەرپرسیارە لە پاراستن و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆنگرەو پەیڕەوی ناوخۆ، دوای ئەو زنجیرە كۆبونەوانەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و پەسەندكردنی بڕیاری هەستیار، ئەنجومەنی باڵا، وەك ئەركی سەرشانی، كۆبونەوەی نائاسایی ئێوارەی ١١/٢/٢٠٢٠ی بە سەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ، سەرۆكی ئەنجومەن ئەنجامداو بڕگەو بڕیارە راگەیەندراوەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی تاوتوێ كرد، چونكە یەكێتی كەوتۆتە دۆخێكەوە، پێویستە وریا بین. بۆیە بڕیارماندا:

 

١. کۆبونەوەکانتان بۆ ماوەیەک هەڵپەسێرن.

 

٢. تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانن، بۆ دەسەڵاتەكان و ئۆرگانەکان، مەترسی لەسەر هاوسەنگی ریزەکانمان هەیە، بۆیە، پێش بەکاڵاکردنی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵا، لەلایەن لیژنەی هاوبەشی هەردو ئەنجومەنەوە شەرعیەتی ئۆرگانیکی وەرناگرێت.

 

٣. پێویستە کۆبونەوەی تایبەتی و بەرپرسیارانە بۆ گفتوگۆی چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکان و بۆچونە جیاوازەکان بکەین، پاش ئەم کۆبونەوەیەو لێکتێگەیشتن، بڕیار بدرێ کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەردەوام بێت.

 

داوامان وایە لە هەمو بارێکەوە دۆخی یەکێتی وردتر لێکبدەنەوە، تەواوی ئەگەرەکان لەبەرچاو بگرن. بەهیوای چارەسەركردنی كێشەكان و پتەوكردنی گیانی هەڤاڵانەو بەرزڕاگرتنی ئاڵای سەوزی یەكێتی و رێبازی سەرۆك مام جەلال كە رێبازی چەپكە گوڵەو برایەتی و خۆشەویستییە.

 

لەگەڵ رێزی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی ی.ن. ك.

كۆسرەت رەسول عەلی

سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی ی.ن.ك.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved