په‌یامێك له‌ كۆسره‌ت ره‌سوله‌وه‌ له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین

 

 

كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی داوا دەكات توركیا هێرەش و ئۆپەراسیۆنەكانی بۆسەر عەفرین رابگرێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بێدەنگ نەبێت.

 

ئەمڕۆ دووشەممە بەرواری ٢٢/١/٢٠١٨ کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە:

دەقی پەیامەکەی کۆسرەت ڕەسوڵ:

 

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

 

زۆر به‌داخه‌وه‌ له‌ چه‌ند رۆژی رابردووه‌وه‌ سوپای توركیاو چه‌ند هێزێكی تر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی گەورەیان بۆ سه‌ر عه‌فرینی رۆژئاوای كوردستان ده‌ستپێكردووه‌، ئه‌م هه‌نگاوه‌ مایه‌ی نیگه‌رانی هه‌موومانه‌و داواكارین هه‌رچی زووه‌ توركیا ئه‌و هێرشانه‌ بوه‌ستێنێ و چیتر خه‌ڵكی سڤیل نه‌كرێنه‌ قوربانی ململانێ سیاسی و سه‌ربازییه‌كان.

 

روون و ئاشكرایه‌ كه‌ گه‌لی كورد به‌درێژایی مێژووی تا به‌مڕۆ ده‌گات، هه‌میشه‌ ویستوویه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌و له‌ كه‌شێكی دیموكراسیدا ژیان بكات، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌میشه‌ بە چەك وەڵام دراوینەتەوەو هێرش كراوەتە سەرمان، ئه‌م ئۆپەراسیۆنەش به‌ درێژكراوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ ده‌زانین و داواكارین لە وڵاتانی زلهێزی دنیاو كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌زووترین كات له‌دژی ئه‌و هێرشانه‌ بێنه‌ ده‌نگ و بیوه‌ستێنن، هه‌روه‌ك گیان و ژیانی سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی عه‌فرین له‌ ئه‌ستۆی هێرشكارانه‌و پێویسته‌ ژیانێكی ئازاد و سه‌لامه‌ت بژین، ئەزموونی بەرەنگاربوونەوەو لەناوبردنی تاریكپەرستان و تیرۆرستان دەریخست كە ئیرادەی گەلەكەمان لە ڕۆژئاوا چەندە بەهێزەو هەر ئەو ئیرادە بەهێزەشە بۆتە هەوێنی ئاشتی و. ئارامی و پێكەوەژیانی پێكهاتە جیاوازەكان لە ڕۆژئاوادا، مێژووش پێمان دەڵێ كە ئیرادەی گەلی كورد بەهێز ناشكێ، بۆیە باشترین ڕێگا بۆ چارەسەری كێشەكان ڕێگای دیالۆگ و ئاشتی و كۆبوونەوەیە لەسەر مێزی دانوستان.

 

 

كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی

جێگری سكرتێری گشتی

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved