بەیاننامەی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان

 

 

بەبۆنەی كۆتایی ساڵ و هاتنەوەی ساڵی نوێی زایینیەوە، مەڵبەندی گشتی كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاوكردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:-

 

بەیاننامەی كۆمەڵەی كورتە باڵاكانی كوردستان

كۆتایی ساڵە شومەكە

ئەوەی لە كوردستان ڕودەدات و ڕوی دا .شكستێكی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا ،هەرچی نەهامەتی بوو ،لەبەر دەرگای خەڵكی كوردستان كەڵەكە بوو، ساڵی (٢٠١٧) ،ساڵی شكست و نەهامەتی و نەبوونی و هەناسە ساردی بوو،ئەمانە هەمووی لە چوارچێوەی سیاسەتێكی كاڵ و كرچ دا سەری هەڵدا،ماڵ نیە لە كوردستان لەم ساڵەدا ،پریشكی نەبوونی مووچە و كەم كردنی مووچە و دواكەوتنی مووچەچاوەڕوانی مووچەی بەرنەكەوتبێ‌،كە ئەمانە هەمووی ئەبێتە كۆی نەبوونی و هەژاری ،لە بواری سیاسەتەوە شكستی كەركوك و خورماتوو ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان ،ئەم میللەتەی تا سەر ئێسقان هەناسە ساردوو بێ‌ هیوا كرد،لە بواری ئابوریەوە،هەژاری چووە هەموو ماڵێكەوە بەتانها ئەو ماڵانەی نەگرتەوە ،كە دەوڵەمەندبوون ،ئەوجا دەوڵەمەندیان بە نایاسایی یان گەندەڵی پەیداكردبوو،یان دەوڵەمەندی بەشەرفكە نانەكە ئەبەن بۆ دەمیان بیر لە نەداران ئەكەنەوە،لە بواری كۆمەڵایەتیدا هەرچی كەلتوری جوانی كوردەواری بوو ،هەرچی دابوو نەریتی ناوازەی ناو ئەم میللەتە بەش مەینەتە بوو.كاڵ بۆوە،چونكە هەر خێزانێ لە هەوڵی ژیان و گوزەرانی خۆیدایە ،كەس ناتوانێ‌ لە خزم خۆیش فریای ئەوی تر بكەوێ‌ ،لە بواری ڕۆشنبیری و هونەری دا ،ساڵی (٢٠١٧) ساڵی فەوتانی شانۆ و شیعر و شێوەكاری بوو،دەوڵەمەندە نایاسایی یەكان ،بە جوانترین و نوێترین ئوتومبێلەوە بە بەردەم هەژارەكانا فڕكەیان ئەهات و چاویان هەژارانی نەئەدی ،هەرچی حوكمەتی كوردستانیشە ،شكست لە دوای شكست و تەنازول بۆ ئەو بەغدایەی كورد بە دوژمن لە دێر زەمانەوە دائەنێ‌ ،نەی توانی تەنەكەیەك نەوت لەم زستانە ساردو سەختەی كوردستان بۆ ماڵە هەژارێكی وڵاتەكەی خۆی دابین بكات ،لەهەر دوانزە مانگەكەی ساڵ تەنها (نۆ) چارەكە مووچەی بە خەڵك دا  ،خەڵك (مەبەستمان مووچە خۆری ڕەسمی دەوڵەتە )ئەم حوكمەتە بۆ ساڵی نوێ‌ ی (٢٠١٨) ش چ هیوایەكی نەهێشتۆتەوە ، بۆیە هەرزەكاران و گەنجان ،سەفەری هات و نەهاتیان گرتەبەر ،دایان خێزان تەرمەكانیان لەنێو دەریاكانا نەهەنگ خواردبی،وڵاتێك ئێستا لەسەر ئەرزی واقیعە هیچ تروسكایی یەكی تێدا بەدی ناكرێ‌ ،كەسێكی شایستەش نیە ببێ‌ بەفریاد ڕەسی ئەم میللەتەو بمان گەیەنێتە كەناری ژیان .لەناو ئەم هەموو نەهامەتی و هەناسەساردی یەدا ، توێژێك كەوتۆتە ژێر پێ ی خەڵك ،توێژێك كە جەستەی ڕێ‌ نادات بچن كاربكەن و لەسەر شەقامەكان بتڵە ئاو بفرۆشن،توێژێك خوای مەزن كارو ئیشی لێ‌ ستاندون، ئەو توێژەش ئێمەی كەم ئەندامانین ،ئێوە تەماشەكەن ، كورتەباڵاكان ،لەناو ئەم كۆمەڵگەیە ، لەناو كۆمەڵگەیەكی هەناسە ساردو بێ‌ حەوسەڵە ،تەنگە نەفەسی نەخۆشی گورچیلە و دڵ و كۆی ئەندامەكانی لەش تەنگی پێ هەڵچنیون ، نەك پارەی دەرمان، پارەی كرێی پاسەكانیشمان پێ‌ نیە ،حەزمان لە نانی گەرمی نانەوا خانەكانە بۆ ئێمە تەنها تەماشاكردن و بۆنی هەیە ،حەزمان لە پاڵتۆیەك و ،بلوسێكی گەرم ،جوتێ‌ پێڵاوە ،تەنها ئێمە هەناسە هەڵكێشنێكان بۆ هەیە و هیچی تر ،حەزمان لەنیو كیلۆ گۆشتە لەسەر سفرە بۆمناڵانی دانێین ،ئەبێ‌ فرمێسك برَێژین لە پەنایەكا بەناكامی سەربنێینەوە ،پێویستمان بە دەبە نەوتێكە ماڵەكەی پێ گەرم بكەینەوە ،ئەویشمان لێ‌ حەرامە ،گیرفانەكانمان جگە لە تەپوتۆزی ڕابردوو ،هیچی تیانیە ،ئێمە ناپاڕێینەوە ،ئێمەتوانای كاركردنمان نیە ،ناتوانین(٥) دەقیقە بە پێ ڕێ بكەین، ماندوو ئەبین و لەسەر شۆستەكان ئەبێ‌ پشوو بدەین ،خەڵكیش وا ئەزانن سواڵكەرین ،كەواتە خەڵكی بە شەرەفی كوردستان دەوڵەمەندە سەربەرز و نیشتیمان پەروەر و لە خوا ترسەكان ئێمە چی بكەین ؟كە سەری مانگ دێ‌،بۆ كرێ‌ خانوو ،زەرد هەڵ ئەگەڕێین و هەرچی درۆ هەیە بە ساحێب خانووی ئەفرۆشینەوە ،ئێمە چی بكەین ،ئێوە پێتان باشە بمرین ،ئەی خوای گەورە ئێمەشی وەك ئێوە دروست نەكردووە ،ساڵی(٢٠١٧) بەو موعاناتەوە بەڕێمان كرد ،بە برسێتی و بۆنی گۆشت و نانەوە بەڕێمان كرد ،تەنها چوار مووچەی (٩٠) هەزاریمان وەرگرتووە لە حوكمەت ،كە دەكاتە (٣٦٠) هەزار دینا و تەنها بۆیاخی پێڵاوەكەی سەرۆكی حوكمەت ئەوەندە خەرج ئەكرێ‌ ،تەنها خاوەن بیرەكانی نەوت و بازرگانەكانی خوێن و دۆلار دەی دەن بە دەسڕی كلێنس ،ئێمە هەرئەوەندە نرخمان هەیە هاوڵاتیانی كوردستانەكەمان .هەردوكمان ئێمەی كورتەباڵا و ئێوەی خاوەن پێداویستی تایبەت خوای گەورە لە دایك و باوك نەی هێناوینەتە دنیاوە ،هەردوكیشمان نامرین ،دە (ڕابە) و بیرێك لە ژیانی ئێمە بكەنەوە.ئێستا بەرەو ساڵێكی نوێ‌،ساڵی (٢٠١٨)هەموومان بەیەكەوە لەو دەروەزەیەوە ئەچینە ناوەوە ،یەك چارەنوسمان هەیە ،ئێوە هەر نانی خۆتان و ژیانێكی شاهانەتان دەبێ،ئاخۆ ئێمەچ ڕۆژێكی ڕەشی تر چاوەڕنمان بكات ،ئاخۆ پەرلەمانی كوردستان كە مانگانە سەد ئەوەندەی ئێمە مووچە دەكەنە گیرفانیانەوە ، تەنها ئاوڕێكیان لە ئێمە داوەتەوە ،یان وەزیرە بەڕێزەكان ،هیچ بیریان لە ئێمە كردۆتەوە كە لەپشتی ئوتومبێلەوە دا ئەنیشن و تاسەیەكیش چی یە ،هەڵی نابەزێنێتەوە ،ئاخۆ وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی پلانی نان و سوتەمەنی وتەندروستی بۆ ئێمە لە  ساڵی (٢٠١٨) فەراهەم ئەكات ،بەڵام دڵنیاین لە دەوڵەمەندە نیشتیمان پەروەر و لە خواترسەكان ،لە یارمەتی هاوكارییان ناكەون وچاوێكیان لە ئێمەیە ،لە كۆتایی دا پیرۆزبایی ساڵی نوێ‌ لە شكست و هەناسە ساردی و تێكشكانی ئیرادەی ئەم میللەتە مەزنە بكەین   ،یان بەبێ‌ دەنگی لەو سەری ساڵەدا  ئێوە پێكەكانتان ئەنۆشن ،ئێمە بە فرمێسك ،بە برسێتی و سەرما و لە ژێر بەتانی شڕ خەو بمان باتەوە ،كە خەوتین ،سبەینێش هەمان موعانات و هەناسە ساردیمان دەست پێ ئەكاتەوە كەواتە خوایە گیان ،دەرویەك ،لەم میللەتە ستەم دیدەیە بكەرەوە و ڕزگارمان كە ...

 

 

كۆمەڵەی كورتەباڵاكانی كوردستان

مەڵبەندی گشتی

٣١/١٢/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved