کونسوڵی فەڕەنسا نامەیەکی سەرۆکەکەیان بە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەدات

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە دیدارێکدا نامەیەکی سەرۆکی فەرەنسای گەیاندە سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٩/١١/٢٠١٧ لە دیدارێکدا دۆمەنیک ماس، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا، نامەیەکی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسای گەیاندە نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و لە نامەکەیدا ماکرۆن، ستایشی ڕۆڵی مەسعوود بارزانی دەکات و ڕۆڵی جەنابیان بە مێژوویی لە پۆستی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و دروستکردنی عێراقی نوێدا دەنرخێنێت، ھەروەھا ڕێز و پێزانین بۆ ڕۆڵی تایبەتی مەسعود بارزانی لە دژی داعش دووپات دەکاتەوە کە لەژێر فەرماندەیی جەنابیاندا پێشمەرگە بەشدارییەکی یەکلاکەرەوەیان ھەبوو.

 

سەرۆکی فەرەنسا، لە بەشێکی نامەکەیدا:

وڵاتەکەمان ھەمیشە ھەوڵی داوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، دان بە تەواوی مافەکانی گەلی کورددا بنرێت.

لەپێناو بەھێزکردنی پەیوەندییەکانمان و بۆ گرەنتیی سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان، ھیوادارم بە شێوەیەکی پتەو لە پێکەوەکارکردن لەگەڵ حکوومەتەکەتان بەردەوام بین، چونکە ئەم سەقامگیرییە بۆ عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، فاکتەرێکی گرنگە.

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ڕۆژی ٢٨ی ئۆکتۆبەر ئەوەم بە بەڕێز حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش گوتووە کە دەستپێکردنەوەی دیالۆگ بە پشتیوانیی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنھا ڕێگاچارەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی ھەمیشەیی لە عێراق بۆ ھەموو عێراقیەکان.

 

لە دیدارەکەیدا لەگەڵ کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سوپاسی سەرۆک ماکرۆن و گەل و حکوومەتی فەڕەنسای کرد کە لە سەرجەم قۆناغەکاندا پشتگیرییان لە خواستەکانی گەلی کوردستان کردووە، بەتایبەتیش لە قۆناغی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، فەڕەنسا پشتگیرییەکی زۆری پێشمەرگەی کردووە.

 

سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئامادەیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور دووپات کردەوە، ھیوایشی خواست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵی زیاتر بۆ ھاندانی دیالۆگێکی بنیاتنەر لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بۆ مسۆگەرکردنی ئارامی و سەقامگیری و چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان، بگێڕێت.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved