پڕووشەکانی عەشق

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

    ١

   کە ئاشنات بووم

   بەبێ ئاگر گڕم گرت و

   لەبەرپێتا توامەوە

   هەر زوو زانیم

   کانگای عەشق وخۆشەویستی

   بە عەشقێکی زۆر شێتانە

   لە ناختدا گیرسامەوە.

   ٢ 

  من بەر لەوەی تۆ بناسم

   لەخەونی چاوەڕوانیدا

   تۆم بینیبوو

  من بەر لەوەی تۆ بناسم

   تامەزرۆی سەمای پەنجەت  و

   عاشقی روخساری گەش و

  دوو چاوی پڕ ئەوینت بوو.

   ٣

  کە تۆم ناسی

  گردێک بووم ،بووم بەچیا

  کانیەک بووم و بووم بە دەریا

   شەوێکی ئەنگوستە چاوو بووم

   بووم بە گزنگی بەیانی

   باڵدارێکی ناو قەفەز بووم

  گەڕامەوە بۆ سەرچڵی درەختەکان

  بۆ نەغمەی خۆش، بۆ گۆرانی.

   ٤

   یەکەم دیدار

   میوانێکی ناوەخت بووم

   تۆش گڵکۆی پیاوچاکێک بووی

   هاتم تاکوو

    دوو بەرد بنێم،بەنێو چاوانی پیرۆزتەوە

  چارەنووسی رۆژانی رانەبردووی خۆم

   لە نێو مەرقەدی باڵاتدا تاقی بکەمەوە.

  ٥

   لەو رۆژەوە دەستەکانی تۆم ناسیووە

  دەستی هیچ شێخێک ماچ ناکەم

  هەر بەتەنیا تۆ شێخم بەو

   من کچە گاور

   هەر بەتەنیا

   تۆ دەروێشەکەی رۆحم بەو

   منیش تەکیەی زکرو نزات.

   ٦

  لەیەکەم دیدارى تۆوە

   من قەرزاری هەورو زەویم

   هەور هات رێگەی ژوانی

   نیشاندام

   زەوی بۆنی خۆڵی تۆی

   پێناساندم.

  ٧

   کاتێ وشەی ناوتم نوسی

   هەموو وشەکان لێم زویر بوون

   چونکە لەناو هەموویاندا

    بۆ پیرۆزترینیان گەڕام.

   ٨

   بەڵێنمدا

   هەرگیز بۆنی گوڵێ نەکەم

   بۆنی وەک هەناسەت نەبێ

   لەهیچ ئاوێک نەخۆمەوە

  وەک خوێنەکەت شیرین نەبێ

   پشوو نادەم

   لەژێر سێبەری چنارێ

   بەرز نەبێ بەقەد باڵات

   من تیشکی خۆرم هەرناوێ

  روناکیەکەی نەگا بەجوانی

  چاوانت و گەشی سیمات.

  ٩

   دەتۆش وەرە جێم مەهێڵە

   دەرگای دڵتم بۆ واڵاکە

   با لەناختا بتوێمەوە

  خۆت دەزانی کە ووشک بووم

   تەنیا بەعەتری هەناسەت

  دەژێمەوە.


Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved