دونیاى شێت و عاقڵەکان

 

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

 

بە کۆڵانەکانی ژیاندا بگەڕێ

کام تەلاری زاکیرەی جوان هەیە بیبینە

لە کانیاوی عەقڵی مرۆڤدا خول بخۆ

کام ئاوی پاکی یادەوەریی جوان هەیە

بزانە

ئەمە جێ پێی شێتەکانە

ئەو شێتانەی گوڵ دەخەنە

ئینجانەکانی ژیانەوە

ئەمەش هەنگاوی عاقلەَکانە

ئەو عاقڵانەی دونیا بە خوێن دادەپۆشن

تێپه‌ڕە ئازیزم تێپه‌ڕە

شێتەکان بەکوێدا ڕەتدەبن

تۆش لەوێوە تێپه‌ڕە

ئەوان نە لەگەڵ فریشتەکان شەڕیانە و

نە لەگەڵ مرۆڤ

ئەوان نە لەسەر کورسی خوێنی یەکتر دەڕێژن و

نە سامان مەحکومیان دەکات

ئەی شێت ترین ئادەم

لەم ڕێگایەوە تێپه‌ڕە

ڕێگەی ئەوان نە چاڵی قەهری عاقڵەکان و

نەتەڵەی ڕاوچییەکانی لێیه‌

ڕێگەی ئەوان هەمیشە ڕەنگڕێژ کراوە

بە بەرائەت

ماڵەکانیان پڕ کراوە لە میهر

خودایە تو گەورەیی خۆت

شێتم بکە

وەک ئەوانەی بەهەشتیان

بۆ دەخەیتە سەر پشت

شێتم بکە هاوڕێم شێتم بکە وەک خۆت

تا ببمە بەخشندەترین ئادەم

من نامەوێ لە ڕیزی ئەوانە ئەژمارد بکرێم

کە بەخوێن دونیا دادەپۆشن

کە بە چەقۆ سەری مرۆڤ دەبڕن

ئەوانەی جەستەی ژن دەخەنە

بەر نەفرەتی چەقۆ

چەندە جوانە دونیای شێتەکان

بێ کڕنوش بردنە بۆ پارە

بۆ ئاغا، بۆ مرۆڤ

ئەو کوڕە شێتانە ئەجووڵێ

شێت نییه‌

لە گۆڤەندی مانگی هەنگوینی خۆی دا

جەللادە عاقڵەکانی بەعس

فریشتەی نێو بەهەشتی خێزانەکەیان

وەک کاڵایەک بەتاڵان برد

لەو ڕۆژەوە ئەو کوڕە خۆی لێ وون بووە و

شێتانە بە دوای خۆیدا وێڵە

ئەو کچە هاوڕێیەم شێت نییه‌

خۆى و کتێب و قەڵەم و جانتاکەی

وەک نێچیر کەوتنە دەست ڕاوچیەکانی

لەزەتی دیکتاتۆر

قەڵەمەکەی سەربڕاو

کتێبەکانی لە خوێن گەوزاو

جانتاکەی پڕکرا لە ئەشکی نامووس

جەستەی تیرۆکرا و عەقڵی کوژرا

ئەو پیرەمێردە شێت نییە

بەڵام تۆزی بیابانەکەی عەرعەر و

گردی دۆزەخی نوگرەسەلمان

عەقڵ و سۆز و ڕۆحیان

هەڵقرچاندووە

ئەو ژنەی من بینیم شێت نییە

ئەوە لێشاوی هێزی ڕەشەبا

بەو هەموو قەهر و نەفرەتەوە

بە سوپاگەلێکی زۆرەوە

عەقڵیان دزیووە

هاوسەرەکەى و دوو کۆرپەیان بۆ سەر بڕیووە

ئێمە تێناگەین کێ شێتە؟

عاقڵەکان کێن

کێن عاقڵەکان

ئەوەی مرۆڤ سەردەبڕێ

ئەوەی جەستەی ژن ئەتک ئەکا

ئەوەی مناڵ ئەنفال ئەکا؟!

 


Qadirzada.com © 2009. All rights reserved