ناسک.. ناسک، ئاڵ.. ئاڵ،شەپۆلی دڵم ئاوبدە

 

 

کەژاڵ ئیبراھیم خدر

 

١

بە شەو و رۆژ لێم دەروِانیت

 ھێندە وردی

کاتێ زانیم ناسک ناسک

بەسەر دیدەی تۆدا دەگریم

بووم بە منداڵ ژیربوومەوە.

٢
من نازانم فریشتە بووی

یا گوڵێکی باخچەی ئاشتی

بووی بە پۆلێ ئەستێرەی گەش

بوویتە پەڵەی ھەوری سپی و

لەسەر خونچەی گوڵی لێوم

بە ئەسپایی دادەنیشتی.

٣
پەنجەکانت لەسەر مانگ و

تریفەی سینەم ھات و چوون

لە ناو خۆیاندا نەغمەی سپی و

بوونە کلوە شیعر و

قژی رەشیش

بە چەند پۆلێ پەرەسێلکە

منیش بووم بە ئاواز و

خەرمانە، بۆ خۆشەویستی.

٤
ئەوەندەی خۆت دایە

بەر ھەورازی شەپۆلی رۆحم

تاوام لێ ھات

لە زمانی سێبەری ئاو گەیشتم

بۆیە ھەردەم ئەو شەپۆلە ئەناسمەوە

نازناوی تۆی ھەڵگرتووە.

٥
ھەموو رۆژێ جارێک ئەبی بە پەپوولە و

ئاڵ ئاڵ گەش گەش

لەسەر پەرەی گوڵەکانم دێت و دەچی

لە خەوێکدا بووم بە ماسی

بە زمانی ئاو ئەمنووسیی

دڵۆپەکان بوون بە وشە

قەڵەمەکەم بە رێواسی بەھار

شەپۆل بەدەفتەری عشقم.

٦
من لەوەتەی تۆم ناسیوە

ھەموو کەسی ھەموو شتی

ژن بێ یا پیاو، دار بێ یا بەرد

پەرداخێ بێ، یا شەرابی عەشق نۆشین

لە لام ئەبنە گوڵی شیعر.

٧
ئەو دولبەرە عاشقە

ئەوەندە شیعری منی خوێندۆتەوە عاشقیەتی

ئەزانن خۆشەویستی منە

لە خوێندنگەش

ھەر وەڵامێک بنووسێتەوە

وشەکانی کۆتری شیعری منە و

پەپوولەی ھەست و خەیاڵی، باڵای منە.

٨


کە تۆ ھاتی چی بەستەڵەکی بەفر بوو توایەوە

ھەرچی جوانی ناو سروشتی تارمایی بوو

خۆی شاردەوە

کاتێ بینیان سەما دەکەیت

سنووری دڵم داگیر دەکەیت

بوویتە بووکەشووشەی منداڵیی و گەشایتەوە.

٩
تارمایی ژیان سێوێکە دوو لەت

چەندین ساڵە دەبنە خامۆشیی و، بێدەنگیی

بەڵام زامێکی زۆر قووڵە

وەکو شیعر خەیاڵ دەگرێ

ئەوەندە لێمان نزیکە

ھێند ناسکە

وەکو رەزی ترێی کوێستان

ئەمڕۆمان چاوی لێیه‌تی.

١٠
کاتێ شیعر دەخوێنمەوە

دەنگم دەبێ بە ئاواز و

وشەش بە گڕ

ئەو کاتانە تەنھا لەبەردەمی تۆدا

دەخوێنمەوە

شیعر دەبێ بە ھەڵۆیەکی بەرزەفڕ.

١١
رووبارێکم نیوەی ئاوەکەم

لە خۆشەویستی بەفری قژتەوە بۆ ھاتووە

نیوەی ترم

لە کانیاوی چاوەکانت بۆیە

بەردەوام دەڕۆم و وشک ناکەم.

١٢
کە ترس پەلاماری دام


خۆم بە گەردەلوولی چاوتەوە


ھەڵواسی و ھێندەی نەبرد


رەشەبا خستمیە خوارێ


کەوتمە بەھاری ئەوینتەوە


بووم بە چڵێ نێرگز، بووم بە شنەی شەماڵێ.

١٣

سێبەرێکی بەر ھەتاوێکی ناوەختی

تینویەتی دڵم دەشکێنی

رێگەی ئازادی شیعرم لێ ون دەکەی

من دەمەوێ لە دوای فڕین

بە ئازادی بێتە وەڵام

رەنگی ئاسمانی چاوانت و

شەپۆلی دەریای ھەناسەت

جوانی بداتەوە رۆحم.

١٤

حەزم دەکرد لە کونجێکی ئەم ژیانە پیاو بوومایە

بەو مەرجەی لە قووڵایی دڵمەوە

ھەر وەک ئێستا

خاوەن ھەست و سۆز بوومایە

حەزم دەکرد ئاوێنەی ھێشتووە ترێی

ژووری خەوبینینی تۆ بام

ھەموو سپێدەیەک بەر لە رۆیشتن

چاوم روخساری تۆی ببینیایە.

١٥

حەزم دەکرد چڵێ نێرگزی کەناری

خەونەکانت..

بەر لە برووسکەی زەردەخەنە و

بەر لە شکانی پارچە شووشەی دڵم

ھەموو بەھارێک بە ئیخە و سنگی تۆوە

تێر تێر بۆنت کردبام

حەزم دەکرد بوویتایە تریفەی مانگەشەو

ھەموو شەوێک

بڕژایە شکانی رۆحمەوە

گەرووی وشکەوەبووی تەڕکردایە و

لە ئامێزت گرتبام.

١٦
حەزم دەکرد رووباری سەرە
ڕۆی سیروان و

نەغمەی ئاوازی بولبول و

شنەی شەماڵی ئێواران و

لەگەڵ نمەی ھەناسەی تۆدا برۆیشتمایە

بۆ دوا جاریش حەزم دەکرد دوای مردنم

لە باوەشی تۆدا گۆریان بۆ ھەڵبکەندمایە.

١٧

دڵی من

خوڕەی ئاو و پەڕەی گوڵ و

گڤەی باو پەپوولەی تێدایە

دڵی من

ھەندێ جار تینویەتیت ئەشکێنێ

بۆنت پێوەدەکا و، فێنکت دەکاتەوە

نەفرەت لە رابردوو دەکا و

وەکو کۆترێکی ئاشتی

بەسەر لقوپۆپی باڵاتدا دەنیشمەوە.

١٨

بە بەر تیشکی زەردەپەردا

ئەچووم بۆ لای عاشقی چاوەڕوانییم

وەختێ گەیشتمە بەردەمی

دەستم برد چوار پێنج گوڵم

لە باخچەی لێوم کردەوە و دام لە سەری.

١٩


ئەو ساتانەی لەگەڵتا بم

کۆترە باڵ نەخشینەکەی

نێو رۆحی تۆم

چۆنم بووێ ئاوا دەفڕم

کە لێم دووربیت

لە قەفەزێکدا بەند دەبم و ئۆقرە ناگرم.

 

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved