ئەگەر هاتی پەلەمەکە،باڵم هێشووی تۆ بگرێت

Beskrivelse: http://www.rahellpost.com/wp-content/uploads/2012/05/kejal-ibrahim-5.jpg

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

 

١

هەمیشە لەدرەختێکی وەنەوشەیی دەچی

قژت جوانە شانەی ناوێ

هەمیشە لەمیوانی ناوەخت دەچی

جگە لەتریفەی بارانی چاوم

جەستەت ئاوی تری ناوێ

هەمیشە لەکۆترێکی غەمگین دەچی

کانیاوی رۆحی من نەبێ

گەروت ئاوی تری ناوێ

هەندێک جار دەنکە گەنمێکی و

پەرژینی بایەک ئەتڕوێنێ

هەندی جار چڵی نێرگزێکی پڕ لەشووشەی

دەریایەکی پڕلەتەرمی

بەخۆڕ دێت و کەس ناتبینێ

بەڵام ئەوەی بۆمن گرنگە

میوەی هێشوەکانی لێوتە

هەربۆمنە و بۆکەس نابێ

٢

بەقەد دارسێوە لا سورەى لادێ

سێوی دڵم خۆشەویستی بۆت گرتوە

بەقەد دەنکی لارو لەنجەی

دارهەنارەکانى هەڵەبجە

فرمێسکم بۆتۆ ڕشتوە

٣

کە شورەی چاوەکانت گریا

فرمێسکی خەیاڵەکانم بوون بەباران

کەڕەشەبای گۆڕستانێکی سەرخۆش قژتی داپۆشی

تاڵەکانی بوونە شۆستەی جووڵەو سەما

کەلێوەکانت شەپۆلی بزەو خەندە گرتی

دەریای دڵم بوو بەقاقا

کەچاوەگەشەکانی ئەوینت کردەوە

تیشکی خۆربوو خۆی شاردەوە؟؟

٤

کراسێکی رەنگاڵەیت بۆ دووری بووم

تاکوو سێبەری مردن لەبەرم کرد

لەباخچەی چۆڵی تەنهایمدا

ماچێکی سەرلێوت کردم

دەست و پەنجەی ناسکت گوشیم

تائەبەد رووگەی سورکردم

هەرگیزگوناحم پێ نەکرد؟؟

٥

ئەگەرهاتیە کەناری دڵمەوە

زۆر لەسەر خۆ وەرەو پەلەمەکە

نەکا قاچەکانت لەبەرد کەوێ

ئەگەر هاتی پەلە بکە

ئاگرێک لەدەرونما خۆی حەشارداوە

خەرمانی دڵ دەسوتێنێ

خۆت دەزانى درەنگ کەوى

چاوى چاوەڕوانیم دەفڕێ

٦

ئەوەى گوڵی سەوزی باخچەکەم

بۆدڵی تۆی کردووە

هەر ئەوەیە عاشقێک

بۆ رۆحی کوژراوی تۆی کردووە

ئەوەى تۆ بەخەیاڵێکی پڕ لەئەسرین

بۆ مەغریبی منت کردووە

هەر ئەوەیە

دەروێشێکی پڕ لەتەریقەت بۆ ژنێکی کردووە

٧

کە خۆری نائومێدی لەجەستەی ژنێک هەڵدێ

چاوەکانم بۆ ئەوینت خوڵقاوەو هیچ نابینن

جگە لە سێبەری چاوەکانى تۆ

کە خۆریش زەردەپەری ئێوارانی

پاڵتۆکەی دەپێچیتەوەو ئاوادەبێ

خەونەکانم هیچ نابین جگە لە تۆ

٨

ئەگەر ڕۆژێ وشەیەکم بوونە گوناح و

لەسەفەرێکدا نەغرۆی کردیت

ئازاری دایت،، زوو پێم بڵێ

دڵنیابە و چاوەڕێبە

دەیسڕمەوە لەبیرەوەری و ناخمدا

بۆئەوەی دڵت هیچ نەڵێ

٩

چەندین ساڵە پیتەکانی ناوت

لەگوڵاڵەی مێشکمدایە

بوونەتە ئاوێنەی رووناکی و

هەرگیز بیرم ناچێتەوە

تەنیاپیاوێک لەچاومدا

ئارەزووی سەفەرێک دەکاوو

قەت پیرنابێ

بۆیەدڵم بڕیاریدا

باوەش بۆکەس نەکاتەوە

هەر بۆ خۆشەویستى ئەونەبێ

١٠

کەڕەش دەچیەوە لەپیاوێکی نائومێد دەچی

تەنهایی خەمت لێ دەبارێ

کەرەنگت وەک گوڵ سپی دەچێتەوە

بزەو خەندەم لی دەبارێ

تۆپڕی لەتریفەی مانگەشەو

من بە هەردوکیان ڕاهاتوم

هەر بۆیەشە کە ئەتبینم

لە ڕقێکى پیرۆز دەچم

١١

حەزدەکەم بتکەم

بەکۆلارەیەک و بەئاسانی

لەئاسمانا بێت و بچی

ئەوکاتە هەر بەدەستی خۆمە

نزمت کەمەوە لای خۆم و

یالەئاسماندا بەرزبفڕی

١٢

سەردەمێکە لەگەڵ تۆدا دەژیم و

تەمەن ناڕواو وەک خۆی ماوە

سەردەمێکە لەگەڵ تۆدا

پیاسە دەکەم

قاچەکانم گڕوتینی جارانیان هەرماوە

سەردەمێکە لەگەڵ تۆدا پێدەکەنم

تووڕەبوونیش لێم تۆراوە

١٣

پێان ووتم بوویتە شاعیرێ

ئاگاداربە خۆت دووبارە نەکەیتەوە

منیش ووتم

مادام ووشەو رستەو شعر

هەرتۆیت و تۆیت

کەس تاقەتی لێمان ناچێ

١٤

شەوێک شعریکم بۆنوسیویت

باران بەلێزمە دەباری

بەیانی خەبەرم بۆوە

باران هەموو ووشەکانی سڕی بۆوە

هەربەتەنیا ووشەی خۆشەویستی نەبێ

١٥

ئەڵقەیەکت بۆناردبووم

روخسەتم لەپەنچەم وەرکرت

بۆم هەڵگرێ

زۆ دڵخۆش بووم بەئەسپایی

پێان ووتم “بەختەوەرم

ئەوتاکە،، خۆشەویستیت بێ؟

١٦

زستان هات و

بەفرباری و، بەبەفراوی لێوەکانت داتپۆشیم

رەنگم سپی سپی بوو لەبەفر

هاوین هات و تیشکی خۆر رەش رەشی کردم

دڵم ترسا ئاخۆ سیمام نەشێواوە

رۆحت جوانە

هەقم نیە سیمات چۆنەو چۆن گۆراوە

١٧

ماوەیەکە عەشق بۆتە

روبارێک ولەناویدا مەلە بکەم

ماوەیەکە چاوت بۆتە روبارێک و

لەناویدا خۆم وون دەکەم

ماوەیەکە لێوت بۆتە گۆرانیەک

لەگەڵیدا سەما دەکەم

بۆیە نەکەی قەت لێم دووربی

من دەمەویت بۆهەمیشە بۆنت بکەم

١٨

ئازادییان کردە تفەنگ

چی باڵندەی رووناکی بوو

هەموویان کوشت

ژنیان کردە بووکە شووشەو

لەسەر خوانی مێزەکاندا سەمایان کرد

نیشتیمانیان کرد بەخەم و

شنەی ئازاری دایپۆشین

وەرزێکی پرخۆڵەمیشی بوو

جوانی خاکی لێ سەندین

١٩

من نەمزانی لەچاوتروکانێکدا

تەمەن دەڕواو

خۆشەویستی هەردەمێنێ

ژیان بێ تۆ تەنیاییەو

پایز بەهار ناوەرینێ

٢٠

تۆهەندێک جار

پەپولەیت و بەسەرجەستەی

خۆزگەکانی هەستمدا دەفڕی

هەندێ جاریش هەنگێکی تاک وتەنیای

بێدەنگی زەمەن دەشکێنی و

شیلەی هەموو جەستەم دەمژی

٢١

ئەوەی زۆر دڵخۆشم دەکا

تۆلەمینای یاقووتی مندا دەژی

ئەو شەوەی لەخەزانێکدا بۆتۆت دەنوسم

پڕاوپڕی ژوورەکەم دەبێتە تریفەو

مۆمەکان دەتوێنەوە

ئەو رۆژەی بۆبێدەنگی نیشتیمان

دەنوسم

دەرگای هەموو زیندانەکان دەکرێنەوە

٢٢

هەرچی روبار هەیە،، جوانە

بەڵام هیچیان

وەکوو ملوانکەی چاوت مەستم ناکەن

هەرچی رەزو شینایی و باخە،، جوانە

بەڵام هیچیان وەکوو

بزەو خەندەی لێوت

شادم ناکەن

هەرچی ناوی پیرۆز هەیە

بوونەتە سەرابێکی ناوەخت

بوونەتە نۆتەو مۆسیقا

بوونەتە شەونمی سەردرەخت

بەسێبەری باڵات ناگەن

٢٣

تنۆک تنۆک لەزەتی ماچەکانت

ڕژانە سەر لێوەکانم

تا ئەبەد بیرم نەچۆوە

هەناسەی شنەبای تاڵەکانت

بەر سەمای شێواوی قژم کەوت

تۆزێک لە فرمێسکى چاوت

ڕژایە ناو لەپی دەستمەوە

هەرگیز ختووکەی ووشک نەبۆوە

٢٤

سەرم بەر مرواری سنگت کەوت و

دوو دڵۆپ فرمێسکی گەشت و

پەنجەرەیەک لەنائومێدی و

خەندەیەکى پڕ لە سۆزم

لێ دەکەوێتە خوارێ،

پێش دۆزەخی ماڵئاوای

دەستم بەر دەستت کەوت و

ئەوەی لە دەستم بەربۆوە

پەنجەکانم هەپرون بوون بەجارێ

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved