گلەیي

 

١

ورە من و تۆ

جاران یەک کەس بووین

ئەمشەو دوانین

دووهەناسەو دووگیانى

لە یەک جیاواز

تۆتۆیت و منیش خۆمم.

٢

کە تۆدڵەکەت پەڕەسێلکەیەک بێ

بە ئارەزووى خۆى

گەرمیان وکوێستان بکات

چۆن دەتوانێ هێلانەکەى

لە سەر سینەى نەرمى ئافرەتێ

دروست بکات.

٣

من ئێستاکە نامەوێ بزانم

تۆ بۆمن کێ بوویت وکێیت ؟

هێندە بەسە بۆ ناسینت

بۆگەیشتن بە خونچەیەک

هەرچى گوڵە ناتە ژێر پێت!

٤

هەرگیز هەرگیز

جارێکى تر

بیر لە تۆ ناکەمەوە

لەگەڵ ژان وئازارەکانتا ناژیم

لەناو بیرەوەریەکانتا ناتوێمەوە

چونکە تۆهەست بە ئازارى عەشقانە ناکەیت.

٥

من وئەوانى دى

دوو دژى ناو کوانویەکین

ئەوەى بیکەم ئەوەى بیڵێم

نیوەى ئەوانى دى نابێ.

٦

ئەمشەو چاوەکانت

کامێرایەکى فۆتۆگرافە و

بە دواى نیگاى مندا وێڵە

وێنەى بگرى

تا بەدیوارى تەمەنتا هەڵیواسى

لێم ببورە من نامەوێ

تابلۆیەکى ،ژوورە داخراوە کەى تۆبم

دوا هەناسەى خۆشەویستى و

حەزى تیا بدەم.

٧

دەڵێ ى دەڕۆمتا دێمەوەتا دێمەوە

تۆپیاوى ماڵکەم بە منیش دەڵێم بە سەرچاو

من دەتوانم پیاوى ماڵەکەى تۆ بم

بەڵام کە سبەینێ گەڕایتەوە

تۆناتوانى دان بەو ڕاستى یەدابنێ ى

نیوەى پیاوى تەواویش بم.

٨

بە هیواوە بڕۆو

بارگەى بیرەوەریەکان

بۆمن جێ بهێڵە

خونچەى پێکەنینەکان لەگەڵ خۆت بەرەو

درەختى خەونە قورسەکان

لێرە بنێژە

چاو بە ئاوێنەى ئاسمان و مانگ و

ئەستێرەکاندا مەگێڕە

ڕوخسارى منى تیادا نادۆزیتەوە

ئەم ئەشقەى من تروسکاى

لە چاوى هیچیاندا نەهێشتۆتەوە ؟

٩

شەوێکى پڕگەواڵە هەورە

لافاوى خەم کەشتى توڕەییم

ڕاو دەنێ

چ ئازارێکى ناوەختە

ئائەم دڵەکوکوختى یەم

نامۆ دەکا.

١٠

ئەمشەو دوا دیرى ئەو ووشانەم

لەفەرهەنگى بیرەوەرىیەکانما

کوژاندەوە

کە ناوى تۆى لێ پێک هاتبوو!

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved