فریشته‌یه‌ك سپی ،سپی، غه‌مگین ،غه‌مگین گه‌ڵا ده‌گرێ.

كه‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

١

شه‌كری شه‌كردانه‌كه‌ی دڵم ده‌ڵێ،،

له‌زه‌تی خۆشه‌ویستی هه‌موو دنیا

له‌شرینی لێوی مندایه‌

ئاوی په‌رداخه‌كه‌م ئه‌ڵێ

من زه‌نوێرێكی بچووكم

ئه‌و به‌یانیه‌ش كه‌ته‌ماشای

گه‌ڵایه‌كی وه‌ریووم گرت

جه‌سته‌ فریشته‌ سپیه‌كه‌ی

دایكم بینی،، له‌به‌هه‌شتدا

ته‌نها، ته‌نها، غه‌مگین، غه‌مگین

هه‌ڵئه‌له‌رزێ و پێ ئه‌كه‌نێ

٢

له‌ئێواره‌یه‌كی پڕ له‌نه‌شئه‌

بۆ په‌ژاره‌ی دڵ ئێوه‌

ناوی شعرم ،بۆنی شعرم

پێناسه‌ی ره‌نگی شعرم هه‌ڵده‌گرم

تاكوو ببێ به‌په‌ڕه‌سێلكه‌یه‌كی سپی

دره‌ختێ له‌نائومێدی بچنێته‌وه‌

له‌ئێواره‌یه‌كی فێنكی به‌هاردا

ده‌بمه‌ روبارێك

بۆگوڵی په‌ژمورده‌یی ئێوه‌

ده‌بمه‌ باڵنده‌یه‌كی غه‌مگین

ده‌بمه‌ نۆته‌ی مۆسیقایه‌كی پرش ئه‌سرین

وه‌كوو گه‌ڵای پایزی وه‌ریوو ده‌ژێمه‌وه‌

٣

خه‌رمانه‌یه‌ك خۆشه‌ویستی ئه‌هێنمه‌ باخی دڵمه‌وه‌

ده‌یهێنمه‌ بارانی كۆشی ژینمه‌وه‌

خۆشه‌ویستی خه‌ونێكی درامایه‌

هه‌ندێ وه‌رز ره‌نگاو ره‌نگه‌و

بۆنی توڕه‌یی لێ دێ و

هه‌ندێ وه‌رزیش گه‌ڵایه‌كی زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاو

هه‌ندێك جاریش وه‌كوو رۆژی روناك وایه‌

٤

له‌ودیو وه‌رزه‌كانی ته‌مه‌نه‌وه‌

له‌یاده‌وه‌ری هێلانه‌یه‌كی به‌جێماو ده‌چم

خه‌ونه‌كانی رۆژگاری دوێنێ

ماڵئاوایی له‌دره‌خته‌ سوتاوه‌كانی گوڵ ،

ماڵئاوایی له‌ بیابانی چۆڵی دڵم و

شه‌رێكی دۆڕاوی ناوه‌ختی

كوژرانی په‌روانه‌یه‌ك ده‌كه‌ن

وه‌رزێك به‌ره‌نگی خوێنی باخچه‌ك

به‌سێبه‌رو هه‌تاوه‌وه‌

به‌فرمێسك و زه‌رده‌خه‌نه‌و

به‌تاریكی چراوه‌

ئه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆبانێژه‌ی دڵ

٥

سه‌ختر له‌جه‌سته‌یه‌كی برینداری چاوه‌ڕوانی

منداڵێكی په‌پووله‌یی

له‌گه‌رده‌لوولێكی ناوه‌ختا

ماڵی دڵ ده‌كاته‌ شه‌پۆلی ده‌ریاو

به‌خونچه‌و گوڵ و لاولاوه‌

باران نمه‌ی خۆی ده‌كاته‌

شه‌ونمی به‌یانیان و

ئه‌وینی تیا ده‌ڕوێنێ

رومه‌ت گه‌ش و سپی سپی

٦

ووشه‌كانت سپێده‌یه‌كی پڕشنگدارن

جارێك ئه‌بنه‌ په‌پژه‌یه‌ك و

ئاشنا به‌چاوه‌ڕوانی سه‌ركه‌وتن

جارێكی تر ئه‌بنه‌ خه‌ونێكی

شووشه‌یی و

دارستان و سێبه‌رێكی پڕ هه‌تاوو

له‌بێزاری داده‌بڕێن و نقووم ئه‌بن

٧

وه‌ك هه‌ناسه‌یه‌كی دۆزه‌خی

هه‌موو شه‌وێ له‌ناكاودا

ته‌نهایی ده‌رژێته‌ ناوروباری چاومه‌وه‌و

سه‌ر له‌ماڵی تاریكی ئازار ئه‌ده‌ن

چه‌پك چه‌یك به‌یه‌كه‌وه‌

گوڵ و خونچه‌ و شه‌پۆلی ده‌ریا

مانگی رۆشن

له‌ئاسمانه‌وه‌ بۆعاشق ئه‌به‌ن

٨

هه‌ندێ جار تنۆكی شپرزه‌یی

گوناهی رووی خۆم ده‌نوسمه‌وه‌

هه‌ندێك جاریش وه‌ك

باخه‌وان له‌نێو گوڵه‌ ره‌شه‌كانی دڵی تۆدا

دێم و ده‌چم

له‌چوار ده‌وریان ده‌سوڕێمه‌وه‌

هه‌ندێك جاریش ده‌بمه‌ مۆمێكی گه‌ش و

روومه‌تی سوور و سپیتان ماچ ده‌كه‌م

وه‌كوو تینویه‌تی ئاوی كانی ده‌ژێمه‌وه‌

٩

هه‌ركاتێ به‌فرسپی سپی

ره‌نگه‌كانتان بشواته‌وه‌

به‌ره‌نگی خۆی داتان پۆشێ

گوێ له‌لاشه‌ی ته‌زیوی

ئه‌و هه‌موو گوڵ و گه‌ڵاو

دارودره‌خته‌ نه‌گرێ

ئه‌و سا منیش به‌ناچاری

ژیان جێی ئه‌هێڵم و

له‌شعریشدا باسی ناكه‌م

١٠

فێرت كردم

له‌گه‌ڵ ره‌نگه‌كاندا چۆن تێكه‌ڵ بم

گوێ له‌ناڵه‌ی دڵت بگرم

تێكه‌ڵاوی گۆمی قووڵ و

چرای قژ زه‌ردی شه‌وو

تریفه‌ی مانگه‌ شه‌و

شه‌پۆلی ده‌ریایه‌كی هێمن بگرم

١١

له‌سه‌وزایی به‌هارو، ره‌نگی پایزو

چه‌ندان گه‌ڵای هه‌ڵوه‌ریوو

چه‌ندان خونچه‌ گوڵه‌به‌رۆژه‌م هه‌یه‌

چه‌ندان چریكه‌ی بولبول و

چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی چاوگه‌ش و

چه‌ندین خه‌ونی ره‌نگاڵه‌یی و

چه‌ندان پرشنگی خۆم هه‌یه‌

١٢

من ناتوانم

خه‌ون به‌یه‌ك باڵنده‌و ببینم

شمشاڵێك بم بۆیه‌ك شوان

چونكه‌ شعری من

یه‌ك خه‌ون و یه‌ك ئاواز نیه‌

نیشتمانی هه‌مووتانم

بۆیه‌هیچ كه‌س لێم ناپرسێ

١٣

به‌كام رێگایه‌ ده‌رۆم

بریاریدا كه‌بمبینێ

له‌رووخساریا باخچه‌یه‌ك كرایه‌وه‌

بۆباوه‌شی عه‌شقی بردم

عه‌شقی به‌سه‌رمدا داباری

شنه‌ شنی هه‌ناسه‌كه‌ی

ناو هه‌ناوم و هه‌ردووچاوم

ژووری دڵَ و سه‌رو قژیان پڕكردبووم

له‌په‌ره‌ی گوڵ و گه‌ڵاو

په‌پوله‌ی سپی ره‌نگاو ره‌نگ

له‌مێخه‌كی شعرێكی بۆن خۆش

١٤

دوێنێ

خه‌یاڵی سركی كه‌وێكم

له‌بناری قه‌ندیلدا گرت

خستمه‌ ئامێزی ووشه‌وه‌و

یه‌كه‌مین ژووانی ئێمه‌ بوو

له‌قه‌فه‌زی دڵما به‌ند كرد

١٥

كاتێ قه‌ڵه‌مێكی شۆڕشگێڕ

به‌ده‌م نوسینه‌وه‌ی ووشه‌كانی ئازادیه‌وه‌

ده‌كوژرێ

كاتێ كیژێكی عاشق

به‌ده‌م گۆرانی خۆشه‌ویسته‌كه‌یه‌وه‌ تیرۆرده‌كرێ

ووشه‌ ده‌گری و شه‌قامیش ماته‌م ده‌گێڕێ و

ئاسمان هۆن هۆن فرمێسك ده‌ڕژێ

١٦

شعریش ره‌نگی زه‌رد ده‌بێت و

دره‌ختیش له‌مه‌راقا ده‌مرێ

خه‌ونه‌كانیش

سه‌ربه‌ره‌و خوار راده‌كشێن و

باخیش له‌مه‌رگی جۆگه‌له‌یه‌كدا

ره‌ش ده‌پۆشێ

١٧

شاعیره‌كانیش هه‌رهه‌موویان

 

به‌ره‌نگی سور

هاژه‌ی روبار ده‌نوسنه‌وه‌

شار بێ ره‌نگ و، با بێ ده‌نگ و، منیش دڵته‌نگ

هه‌ردوای ئه‌وه‌

دارستان و روبارو ده‌شت و

مه‌ل و گوڵ و چیا و جۆگه‌

رائه‌په‌ڕن

مێژووی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه‌

Qadirzada.com © 2009. All rights reserved