یەکەم جاربوو میوانت بم

 

پێشکەشە بەهاوڕیی ئازیزو شاعیرم فاتیح سەلام

 *كةژاڵ ئيبراهيم خدر*

 

 بەرەوەلای تۆ ملم لێ ناو

 نەمزانی کاروانی ئەم کۆستەم

 لەکۆتایدا تروسکە دەدات

 لە کۆتایدا سەر دەنێت بەسەری وەرزێکی ترەوە

 لە کوێدا لێو دەنێت بە لێوی دڵێکی ترەوە

 لە ڕۆژگار و شەوگاری سینەتدا

 خەمەکان هەر هەموو کۆستی تێدابوو

 ئەی پەپوولەی هەڵنیشتوو

 هەڵمەفڕە..

 هیچ نەبێ بۆ ساتێ وەرە ناو دنیای

 شێعرمەوە سەرخەوێك بشکێنە

 ئەم ئازارە سامناکەم لێ دەربێنە

 کە هاتم هێلانەی داری ووڵاتم

 ئاوەدان بووە

 سەرەتای هەتاو و سەرەتای پێکەنین

 دەستی خۆی دایە دەستی

 ئەوینم...

 کێوەکان لە ( کفری ) کڵاوێکیان

 بۆ چنیم  و کردمە سەرم

 لە پڕدا نازێك و عیشوەیەك

 بوون بەگوڵ و دام لە بەرۆکم

 مێژووشم ڕاست بۆوە و لەسەر دا کەوتە

 سەرزەمین

 چاوی تۆش وەك چاوی عاشقی

 لەبەردەم ئەم تەرمی شارەدا

 گۆرانی بۆ ووتم

 باڵاشت بەرز بوو

 لە وێوە تەماشای مێژووم کرد

 کەزانیم بوێریت

 دلَنيام ناترسى

 دەتوانی بچیتە کیشوەری مەرگەوە

 ناوێرم بنوارمە ئەو نوورەی

 لەسەر تەوێڵی ڕوخسارت کەوتووە

 دووچاوی کۆچێکی بێ وادەم تێدەبڕیت

 ناچارم وەکو حاڵ

 عاشقێك دەمگرێ

 ئەم زەنگی زریکە و هاوارە بەرمە کوێ

 دڵۆپی ئەو هەموو فرمێسکە

 گەر دانەی ئەو هەموو هەنسکە

 بەمەچەکتا یا بەلاملتا هەڵواسم

 لە کوێ داتبنێم..؟.

 لە نیو ئەو هەموو بارانە

 کوژراوە

 ئەو هەموو خاکە سووتاوە

 یان ئەو هەموو ئەستێرە چاو گەشانەی

 شەوانە پاسەوانتن

 کێ هەیە وەكو من بتدوێنێ..؟.

 گوڵ بە گوڵ

 ژێ بە ژێ نتنوێنێ

 ئەم جارە هاتیت و..

 بارانی بەهەشتت بەسەردا باراندم

 هاتیت و..

 سۆزی خۆت بەردایە ئاسمانم

 دەڵێی چی ئەی عەشقی سەرگەردان

 کەتۆ دێی

 چاوی ئاسمان پڕدەبێت لە پرشنگ و ئەستێرەی

 تازەتر

 چاوی تۆش ڕەنگاو ڕەنگ

 وێنەیان دەکێشێ

 ئاوڕێ بەرەوە

 ئەوەتا گوڵەکان

 لەبەردەم عەشقی تۆدا دەپشکۆن

 هەرتۆ بوویت و..

 نە فریشتە و نەپەری و نەخواکان

 هیچیان لەدڵی مندا نەبوون

 هەر خۆم دار وبەرد و

 ژان و ژن و خۆشەويستيم

 وەك گەورەیی خۆت

 من دەمەوێ بگەورەییەوە

 بانگت بکەم

 من و تۆ دوو مرۆڤین

 نامەوەێ سەربەرەو خوار بژین

 من دەمەوێ لەگەڵ تۆدا

 هەور و ئاسمان لێک جیا نەکەمەوە

 لووتم لە بۆنی چیا دانەبڕێ

 من دەمەوێ فێرم بکەی

 چاوی ( کفری) و چاوی لەگەڵ تۆدا

 ى ( هەڵەبجە)

 لە چاوانمدا بچێنم

 هەمووداستانە خوێناویەکان

 هەموو چیرۆکە بەژان نووسراوەکان

 بسڕمەوە

 سەنگەرەکەت.. شەهیدەکەت

 تفەنگەکەت.. پێنووسەکەتم

 خۆش بووێ

 من دەمەوێ لە گيرفانى

 ماڵەکەی تۆدا

 ووردەنان و مشتە چاکان

 بدەمە ئەو درۆزەکەرانەی

 لەبەردەمی مزگەوتەکاندا

 دانيشتوون

 تا لەبرساندا نەمرن

 تۆ بووی ووشەکانی تۆ بوون

 وەکو لاولاوبست بەبست بالایان پێکردم

 بووم بە گڕ و خێرا خێرا وەکو

 پشکۆ گەشامەوە وەختێ زانیم بووم بەگول و

 بووم بەچەتر و بووم بە گەنم و

 بووم بە ووشە

 ئەم ووشانەش نوونە

 مەدالیای سەرسنگی تۆ

 

1/1/2012


Qadirzada.com © 2009. All rights reserved