خەونى مەرگ

کەژاڵ ابراهیم خدر

 

١

  ئەمشەو دڵم بۆنی مەرگ لێدێ

بەهەشت ئاهەنگی وەرینە

سەمای دڵم تارماییەکە بۆخۆی

بەختەوەریم شەپۆلێکی وێرانەیەو

رەنگی سپی بەسەر دەریای تەمەنمدا دەڕژێ

باڵای چنارم ،چرۆی لێوم

بۆنی ماڵئاوای دەکاو

خەیاڵی رۆحم پێم دەڵێ

ئەمشەو دواماچی کۆتایەو

وەرزی بەهار گوڵی باخت تێر ئاو ناکا

٢

ئەمشەو خەونی مەرگ دەبینم

رەنگی سەوز بەسەر شووشەی سنگمدا دەدرێء

سێبەری مردن تێکەڵ بەمن دەبێ،

رووناکی چاوو،خەندەی لێوو،هاژەی فرمێسکم

دەکاتە دەروازەیەکی کۆتایی

نایەوێت ساتە جوانەکانی

درەختء گەڵاو،وەرزی تەمەنم بنوسنەوە

٣

ئەمشەو دڵۆپێک باران

پەنجەرەی ووشە،

 گوڵاڵەی شعرم تەڕناکات

نابارێت بەسەر خونچەی روخسارمدا

تەنهایی باوەشێک گەڵای زەردی بۆهێناوم

غەریبی بۆتە هاوڕێی چارەنووسم

٤  

ئەمشەو نهێنیەکانم،لەگەڵ خۆمدا

دەکەمە تاسەی دووری

زەنگی مردن دەکەمە دەزگیرانم

٥

من دەمەوێت کاتێک مەرگ

رووناکی چاوم دادەپۆشێ

لەخۆم زیاتر

جوانی گوڵە کێویلەو

دەنگی نەغمەی بولبول

هاژەی رووباری سەرشێت

زەردی گەڵای پایزو

برینی جەستەی هەژاران

هیوای دووری کەس نەبیستم

من دەمەوێت لەخۆم زیاتر

چێژ لەدیدەی کەس وەرنەگرم

دەمەوێت دەنگت ێم بڵێ

بێنە رووخساری ژاکاوت

تاکوو جوانیەکانی

تێدا حەشاردەمء هەڵیکێشم

٦                                     

ئەوە منم بەچاوی پڕ لەفرمێسکەوە

بەرووخساری پەشۆکاوو

بەجەستەیەکی شەکەتەوە

لەئاوێنەی تەمەنمەوە دوور دەڕوانم

هێمنتر لەجاران

بەهیلاکیء ماندووبوونەوە

لەژێر سێبەری بێ دەنگیدا

بەهیوام ژیان میهرەبانیم بداتێ

کەلەمێژە خەونی پێوە دەبینم

٧

من دەترسم کاتێک مەرگ

سۆراخی من دەبات بۆخۆی

پەڕەی شعرو ووشەکانم

گوڵێکی تر نەکاتە تریفەو

پانتای دەشتێکی بەرین

٨

ئەمشەو مردن پەیکەرێکە

وەکوو میوان،باوەش بە تەنهایمدا دەکاو

لێووی ووشک بووم تەڕناکا

بەڵام چی بکەم،دڵەی شێتم

پێم دەڵێت خۆشم دەوێیت

٩

من دەزانم چارەنووسم چی بەسەر دێ

ئێستاکە دەمەوێت بڕۆم

بەڵام نازانم

کەی بیر لەتۆ دەکەمەوە

١٠

ئەمشەو دەبم بەخۆم

گڕی عەشق لەدەرونمایە

دەبم بەگڕ بەناخی خۆمدا دەتوێمەوە

١١

ئەمشەو دەبمە ئەستێرەو مانگ

دەبمە پەپوولەیەکی بێ باڵ

دەبمە شەونمی سەردرەخت

دەبمە کانیلەیەکی جوان

دەبمە پرچی کیژۆڵەیەک

شانەی دەستی بۆم داێنێ

١٢

دەمەوێت بڕۆم

واز لەخۆشەویستی مەرگ بێنم

دەمەوێت

بگەڕێمەوە تەمەنی منداڵی

بۆ بووکەشوویەک تێر بگریم

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved