وەرزێک لەتریفەی مانگ و

نێرگزێك لە جوانی بەهار

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

پێسکەشە بە هاوڕێی هەمیشە ئازیزم مامۆستا پێزان

 

1

لە نیوە پروشەی هێمنی باران و

سپێدەی ڕووناکی تریفەی مانگ و

نەسیمێك لە گەڵا ڕیزانی وەرینی گەڵاو

جەژنانەیەکی غەمگین  بەنا ئومێدی

 بۆت دەگەڕێم و پێت دەڵێم

دڵم وەك سێوێکی پایزی دوولەت ببوە و

رۆحیشم بۆتە نێرگزێکی بێ ئاوی بەهار و

رێبوارێكي بێ وەرزي باخچەی گوڵ و

مانگەشةوێكي تۆراوی  ئەستێرەی دڵتەنگ

بۆني كۆستی سپيەتی تۆدەكەم و

وادەزانم هەرگيز ماچم نەكردووە

پەپولەی گۆڕغەريبێكي وێڵَم و

مەراسيمي ئارامی شەوم و

خەويش ناگاتە ڕۆحم

دنيا لەلام ياخي بووە

2

بۆت دەگەڕێم

لەشەوەزەنگي پەڵەی هەورێكي پڕباراني رۆحمدا

لەنێو پەنجەي دەستي مۆسيقارێكي پڕ نۆتەدا

خەياڵ بەدەم ڕوباري گريانەوە

دەروێش بەتەريقەتي سەربادانەوە

واهەست دەكەم

دنيا لەلام وێران بووە

3

بۆت دەگەڕێم

وەك پەپولەيەكي ناسكي بەهار

بەوێنەي ئاهەنگي گوڵێكي جوان

پڕلە شکۆفەی چاوەڕوانی

بەوێنەی هەتاوی ميهرەبانی

بەوێنەی دەستي پڕی رەنگاڵەيەكي ژنێك و

پێت دەڵێم

نيشتمانم يادەوەريی چنارێكەو

لەژێر هەتاوي سێبەری باڵاتدا

بتكەم بەكازيوەی بەيان و

بۆنی رەيحانەي پيری و

تريفەی ڕوباروو

لەچوار دەوري ماڵەكەمدا بەندت بكەم

4

زۆر حەزدەكەم

لەپەرژيني پەنجەرەي دڵمەوە

بەوێنەي گۆرانيەكي غەمگين

وەك چرايەك داتگيرسێنم

تاكوو بتكەم بەپەيكەرێك

لەژوورسەرما

وەك كاتژمێرێك هەڵت واسم

تاكوو ڕێگەی دووری كۆتايی دێ و

بۆهەميشە، يادت بكەم

5

من دەمەوێ

وەك كيژۆڵەیەکی سپی و ساكار

وەك دەستە سڕەكاني وەرزي بەهار

تاڵی لەقژتم بدەيتێ و

تێکەڵ بەشەپۆلی ڕوباری بکەم

چەند بمەوێت  ماچت بكةم

6

من دەمەوێ

شەوی مەرگي، پەرژيني بەفر نەبينم

كەشەونمي جوانيەكانی

لەڕۆحمدا سوتاندووە

من دەمەوێت

نمەيەك لەعەتری هەناسەو

نيگای چاوانت و

شەوانی تەنهايی پرئازارەكانی

 بۆني سينەت بنەخشێنم

خۆم بكەمە پەيكەرسازوو

بەدڵي خۆم بت چوێنم

7

مـن دەمەوێت

لەئاوێنەی غەريبی رۆحمەوە

وەكوو شەونمي گەڵاو گوڵ

بەديار باخچەيەكي روخاوێ شعرێكەوە

ماچت بكەم

تاكوو جوانترين تابلۆي زستانی بەفر

لەنێو تاڵەكاني قژتا بنەخشێنم

8

من دەمەوێت

لەزستانی پڕباران و

دڵنەوايی گەڕِانەوەي ئومێدوو

تەمەني وەرزی گەڵاڕێزانەوە

ئاوێنەی درەختی باڵات جوانتربێ و

عەتري ڕوخساری جەستەت

پڕبێ لەنوور

سيمات گەشتر وەك پەلکەزێڕینەو

رۆحت ببێتة بڵێسەو

دەنگتم رەنگی تۆبگرێ،،

تێكەڵاوی مەستت ببێ

بارانی سۆز سەما بكاو

تيشكی ڕۆژیش زەردترببێ

9

من دەمەوێت

ئاوێنةي دڵي شكاوي خۆم

لەبناری چاوەكانتا دابنێم

تاكو دوا ساتەكانى ئارامی

ببێتە تروسكايی ء

لەباوەشتا بمێنمەوە

دەتۆش وەرە

 ناوبرينەكانى جەستەم و

تا لەدواي تۆ كةسێ  نەبێت

عاشقم بێ و لەدەرياچەی

دەريای ڕۆحم بخواتەوە

 


Qadirzada.com © 2009. All rights reserved