ئێوارەیەک شمشاڵ دەبێتە سەێبەری خۆشەویستیی.

 

 

کەژاڵ ئیبراهیم خدر

 

ئێوارەیەک شمشاڵ دەبێتە  سەێبەری خۆشەویستیی

١

 مەھێڵە بێ ناز بم

 خونچەی باخەکانی ژیان

 پربێت لە گەڵای وەریو

 بە بێ گەڵا و گوڵی دڵت بمرم

 مەھێڵە

 ئێوارانی دوای خۆرەتاو پڕ سێبەربێت

 تاکو چرۆی لێوت بگرم.

٢

 تۆ دەزانی

 کاتێک عاشق

 گزنگی خۆری بەیانی دەبینێت

 شەیدای ملوانەکەی گەردن دەبێت

 تۆ دەزانی

 کاتێ تریفە بێ مانگەشەو دەبێت

 چ ھەتاوێک پەخش دەبێت

 چ سنەوبەرێک سەوز دەبێت.

٣

 بۆ خۆشەویستیی ئەستێرەی رۆحت دەژیم

 ھەمیشە رووبارەکانت بۆ پڕدەکەم

 لە گوڵی نێرگز

 دەبمە باخەوانێکی سەوز

 بۆ گوڵە ھەناری رۆحی سپیت

 دەبمەوە دارێکی باڵابەرز.

٤

 من لە پەلکەزێرینەی دڵتەوە ھاتووم

 باخچەیەکی لالەزاری دڵی تۆبووم

 رۆحم پڕکردی لە پەلکەزێڕینە

شیعرم بۆ کردووی بە گۆرانی و ئاواز

 بە گوێی شمشاڵێکی پڕ بادا بۆم ناردووی

 بارانم بۆ کردووی

 بە ناسکە ھەرمێ

 بردوومەتە ماڵی ھەور

 بۆتە جێژوانی خۆشەویستیی گوڵە بەھێ.

٥

 ھەمیشە چەتری سۆزت بووم

 تا گەڕایتەوە

 نەتھێشتوە تەنیایەکەم

 چەشنی گریانی چرایەک

 لە توانەوەی بەفردا بە ئازاربێ

 نەتھێشتووە رۆژێک

 نیشتمان لە خۆم زیز بکەم

 تۆ بووی گوڵە گەنمەکانی رۆحمت ئاشت کردەوە

 خەیاڵی پڕ لە ئەندێشەم

 خەونی شیعرەکانم رەنگ بگرن و

 سیمای وشەکانم کاڵ بێتەوە.

٦

 ئاشنام کەوە بە کۆڵانە

 رەش و سپیە پڕ سێبەرەکانی جێژوان

 تێکەڵم کە بەو بەفرە سپیەی

 لە ساڵیادی تەمەنمدا

 بارانتە سەر روومەتەکانم

 ببمەوە بۆ لای بارانە بە لێزمەکەی جاران.

٧

 کاتێک گەڵا ھەڵوەریوەکانی دڵم

 لە ژێر سێبەری چاوەڕوانییدا

 شین دەچنەوە

 من بەڵێنت پێ دەدەم

 دڵت لە تەنھایی رۆحمدا

 حەشار بدەم و گەش ببنەوە.

 

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved