روداوەكەی كەمپی مەخمور لەنێوان تەقینەوەو هێرشی ئاسمانیدا

 

 

بەرپرسێكی یەكێتی لەمەخمور پێیوایە، روداوەكەی كەمپی پەنابەرانی باكوری كوردستان لەو شارۆچكەیە لەئەنجامی تەقینەوە بوەو سەركردەیەكی باڵای كەجەكەش دەڵێت: بەهۆی هێرشی ئاسمانیەوە بوەو هەردووكیشیان پەنجەی تۆمەت بەرەو توركیا رادەكێشن.

شەوی چوارشەممە ٦/١٢/٢٠١٧ بەهۆی تەقینەوەیەك لە كەمپی پەنابەرانی باكوری كوردستان لە مەخمور، ٥كەس شەهید بون و سیانی تر برینداربون.

 

لەوبارەیەوە رەشاد گەڵاڵی بەرپرسی كۆمیتەی مەخموری یەكێتی لە میانی بەشداریكردنی لەبەرنامەی (لەگەڵ روداوەكان)ی رادیۆی نەوا وتی: بەپێی ئەزمونی سەربازی خۆی ئەوەی لە كامپەكە بینیویەتی، نە كەوتنەخوارەوەی موشەك بوەو نە هێرشی ئاسمانی و نە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو، بەڵكو پێدەچێت تەقاندنەوەی كۆگای چەك و تەقەمەنی هۆكار بوبێت و بە دوریشی نەزانی توركیا لە رێی دەستوپێوەندەكانی خۆی لەناو كەمپەكەو ناوچەكە ئەو كارەی كردبێت.

رەشاد گەڵاڵی باسی لەوەشكرد، لە ماوەی ١٤ ساڵی رابردودا كە لە مەخمور بوە ١٤ بۆ ١٥ جاری تر دەزگای هەواڵگری توركیا هەوڵیداوە روداوی كارەساتبار لەو كەمپە بنێتەوە.

لە بەرامبەردا سەرحەد ڤارتۆ وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) هەر لەو بەرنامەیەدا وتی: هێرشەكە ئاسمانی بوەو توركیا ئەنجامیداوە.

وتیشی: بەو پێیەی لەساڵی ٢٠٠٠ـەوە كەمپەكە لە ژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتوەكاندایەو كەوتۆتە سەر خاكی عیراق، ئەو دوو لایەنە بەرپرسن لە پاراستنی گیانی پەنابەرانی كەمپی مەخمور.

وتەبێژی كەجەكە داواشیكرد، هەر یەك لە نەتەوە یەكگرتوەكان، حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر ئەو هێرشەی كراوەتە سەر كەمپی ئاوارەكان هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن.

 سەرحەد ڤارتۆ راشیگەیاند، وەڵامی ئەو هێرشەی توركیا دەدەنەوەو لە هەر شوێنێك هێزەكانی توركیای لێبێت دەیانكەنە ئامانج، هاوكات جەختی كردەوە، ئامانجی ئەنقەرە ئەوەیە دۆخی ناوچەكە ئاڵۆزتر بكات و داواشی لەحكومەتی هەرێم و عیراق و نەتەوە یەكگرتوەكان كرد نەبنە بەشێك لەو سیاسەتەی توركیا، چونكە دواجار بە زیان بەسەر ناوچەكەدا دەشكێتەوە.

 

نەوا

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved