کەنەکەڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

 

ئێوارەی ئەمڕۆدووشەممە بەرواری ١٣/١١/٢٠١٧ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لەسەر قوربانیانی بومەلەرزەکەی شەوی ڕابردوو، کە کوردستان و بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەژاند، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

 لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتیی شارەکانی وەکوو کرمانشا، سەرپیلی زەهاو، ئەزگەلە، گۆران، یارسان، شائاباد، قەسرشیرین، سێگۆشەی باوەجان و هتد، لە باشوور بەتایبەتیی ناوچەی دەربەندیخان زەرەر و زیانی گەورەی ماڵیی لە دانیشتووان کەوتووە، بەڵام بە داخەوە زیانی گیانیی لە ڕۆژهەڵاتی وڵات زۆر بەئەژمارە و وا مەزەنە دەکرێت کە تا ئێستا زیاتر لە ٦٠٠ کەس گیانیان سپاردووە و زیاتر لە  شەش هەزار کەسیش برینداربوون.

 کێشەی سەرەکی بۆ خەڵکی ئەم ناوچانەی کوردستان، ئەوە نییە کە نەهامەتییەکی سروشتی ڕووی داوە، بەڵکو ئەوەیە کە خەڵکی ئەو ناوچانەی کوردستان، هەم لە دەسەڵاتی سیاسییدا نیین، کە خۆیان بڕیار لە سەر ئاییندە و خۆپاراستن و پلاندانانی ناوچەکانیان بدەن، هەروەها هەژار و بێ خزمەتن.

 

کرێکاران، زەحمەتکێشان، مامۆستایان و چینی کاسپکاری کورد، بەرگەی زیانی وا ناگرن، خانووبەرەکانیان لە ناو سیستەمی بێدەربەستیی و گەندەڵییدا دروست دەکرێن و گوێ بە سەلامەتی و تەندروستیی و پاراستنی ژیانیان نادرێت، لەبەرئەوە لە کاتی نەهامەتی سرووشتییدا زیانە گیانیەکان زۆر لەوە زیاترن، کە لە حاڵەتی ئاساییدا دەکەونەوە، زیانە ماڵییەکانیش گەورەوگران دەبن و لەسەر ئەوانە زۆر دەکەوێت کە تووش هاتوون.

 

کۆنگرەی نەتەوەیی وێرای سەرەخۆشی لە هەموو ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە، هیوا بۆ هەرچی زوو چاکبوونەوەی برینداران و زەرەرلێکەوتووان دەخوازین، داوا لە خەڵکی هەموو کوردستان دەکەین، بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن هاوپشتیی و هاوهەستیی خۆیان، بەتایبەتیی بە کردەوە نیشان بدەن.

 

ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە بە هەموو شێوەیەک پشتوپەنای پارچەکانی دیکە بوون، لە ئێستادا جمهوری ئیسلامیی ئێران ئاماری زەرەرە گیانیەکان و هەروەها ماڵییش بە کەم نیشان دەدات، بەو مەبەستەی کە هاوهەستیی و هاوپشتیی لە کردەوەدا لە نێوان خەڵکدا دروست نەبێت، دەوڵەتی تورکیاش بە نارندنی هەندێک یارمەتیی سیمبولیی، دەیەوێت سەر لە ڕای گشتیی جیهانیی و کوردستانیی بشێوێنێت و سیاسەتیی خۆی دژ بە خەڵکی کوردستانی پێ بشارێتەوە، لەبەرئەوە داوا لە هەر کەسێکی کوردستانی دەکەین، بە جدیەتی سیاسیی و دڵسۆزیی نیشتیمانییەوە و بە کردەوە بە دەربەست ئەو خەڵکەوە بێن".

 

کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان دڵنیایە، کە خەڵکی کوردستان لە سەرئەنجامی خەباتی ئازادیخوازانەی خۆی، دەگاتە ئەو ئاستەی کە سیستەمێکی حوکمڕانی وا دیموکراتیک و نیشتیمانیی، پێچەوانەی دزی و تاڵانیی و گەندەڵی بونیاد بنێت، کە پلان و خۆئامادەکردنی بۆ هەموو ئەو جۆرە نەهامەتییە سروشتیانە هەبێت، کە ئێستا بە داخەوە ئاوا زەرەری گەورە لە گەلەکەمان دەدەن.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved