کەنەکە لێدوانێك بڵاو دەکاتەوە

لەسەر هاتنی سوپای تورکیا بۆ باشوور, کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لێدوانێک بڵاو دەکاتەوە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) دژ بە لەشکرکێشی سوپای تورک بۆ باشووری کوردستان لێدوانێکی نوسراوی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا داوای لە کوردان و هێزە نێونەتەوەییەکان کردوە بەرامبەر سنوربەزاندنی تورکیا بێدەنگ نەبن و دەستبەجێ تورکیا هێزەکەی بکشێنیتەوە.

 

دەقی لێدوانەکەی کەنەکە:

 

هێنانی سوپای تورک و دامەزراندنیان لە شارۆچکەی باشیکی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ لەلایەکەوە پێشێلکردنی سەروەریی باشووری کوردستان و لەلایەکی دیکەوە پێشێلکردنی یاسای نێونەتەوەییە.

 

سوپای تورک بە تانک و زرێپۆش و ئوتومبێلی سەربازیی و چەک و تەقەمەنیی زۆرەوە خۆی دامەزراندووە، دەوڵەتی تورکیا لە 24.07.2015  دەستی بە بۆمبارانکردنی هەرێمی قەندیل کرد کە

 دیارە سوودی بەرچاوی لە بێدەنگیی حکومەتی هەرێم و دەوڵەتی ئێراق و هێزگەلی نێونەتەوەیی وەرگرتووە، ئێستایش بەهێنانی سوپاکەی بۆ موسڵ هەنگاوێکی ترسناک دەنێت، ئەم کارەی تورکیا تەنها مەترسیی بۆ سەر گەلی کوردستان نییە، بەڵکو جیهانیش ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەکاتەوە، چونکە ئامانجی تورکەکان روون و ئاشکرایە، ئەوان دەیانەوێت هێز و وزە بە داعش بدەن.

پاش ئەوەی کە دەوڵەتی تورک بۆی دەرکەوت کە ئیتر ناتوانێت داعش لەبەردەم تێکۆشین و خەباتی شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە و  هێزەکانی هاوپەیمانییدا ڕابگرێت، دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک لە موسڵ بە هانایەوە بچێت و لە کەوتنی حەتمی ڕزگاری بکات.

ئاشکرایە کە پاش دروستبوونی "هێزی سووریای دیموکراتیک HSD/QSD" و ڕێککەوتنی ئەمریکا و رووسیا، دەوڵەتی تورکیا تێگەیشت کە ناتوانێت کۆنترۆڵی هەرێمی ستراتیژیی وەکوو عەزاز و جەرابلووس بکات و بەر بەئازادکردنی جەرابلووس بگرێت، لە سەر سنووری ئەم هەرێمانە، بەتایبەتی جەرابلووس، داعش نەوت بە دەوڵەتی تورک دەفرۆشێت و هاوکاتیش هاوکاریی هەمەلایەنەی لۆجێستیکیی وەردەگرێت، خستنەخوارەوەی فڕۆکە جەنگیەکەی رووسیا لەو چوارچێوەیەدا بوو، بەڵام لە جیاتی سەرکەوتن، لێرەشدا هەوڵی تورکەکان ناسەرکەوتوو بوو، بەو شێوەیە وردە وردە هەمووان مەبەستی راستەقینەی تورکەکانیان

 بۆ دەرکەوت، واتە لەبەر خاتری پاراستنی داعش، دەوڵەتی تورکیا هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا دەبات.

دیارە ئازادکردنی شاری هۆل لەلایەن "هێزی سووریای دیموکراتیک" و ڕزگارکردنی شەنگال لەلایەن شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە و گەریلاکان و پێشمەرگەی دلێرەوە لێدانی گەورە و گران لە داعش بوو. ئەم سەرکەوتنانە قەیرانی داعشپەروەریی دەوڵەتی تورکیای قووڵتر کردووە.

لەباکووری وڵات دەوڵەتی تورکیا سەرەڕای کوشتنی دەیان سڤیل و بۆردومانکردن و خاپوورکردنی شارۆچکە و شارانی کوردستان، نەیتووانیووە و ناتوانێت ڕێگا لە بانگەوازی خۆبەڕێوەبردنی دیموکراتیکی گەلی کوردستان لە باکوور بگرێت.

لەبەرئەوە دەوڵەتی تورکیا خۆی دەخزێنێتە ناو باشووری کوردستان تاوەکوو لەلایەکەوە سەنگەری داعش و دۆستەکانی داعش بەهێز بکات و لەلایەکی دیکەوە سەنگەر دژ بە هەبوونی پ ک ک کە هیزێکی جیددیی و کوردستانیی و جەسوورە، لێبدات و زەمینەی هێرش بردن بۆ سەر پ ک ک ساز بکات.

دیارە هەموو ئەمانە وا دەکەن کە باشووری وڵات دەبێت بە پاروویەکی هاسان و بچووک بۆ تورکیا، تورکیا دەیەوێت لە درێژخایاندا باشووریش بخاتە ژێر دەستی خۆی، هەمووان دەزانن پاش داگیرکردنی موسڵ، داعش هەوڵی زۆری دا کە هەرێمەکانی شەنگال، مەخموور، گەور، کەرکووک و هتد. داگیر بکات، کە لە ڕاستییدا پلانی تورکەکان بوو، بەڵام هەم هێزی "پ ک ک" و هەم هێزی هاوپەیمانیی ڕێگایان لێ گرت و نەیانهێشت ئەو کارە بە ئەنجام بگەیەنێت.

تورکیا لە دوژمنایەتی بەردەوامیی خۆیدا دژ بە گەلی ئازادیخواز و ئاشتیخوازمان کە تێکۆشانی دژ بە تیرۆر و کۆنەپەرستیی لە ئاستی نێونەتەوەییدا بووە بە سیمبولی شانازیی و سەربڵندیی، پشتگیریی هێزی تاریک و چەتەی وەکوو داعش دەکات، ئەمەراستییەکە کە هەموو جیهان سەلماندوویەتی، بە داخەوە، ساڵێک زیاتر لەمەوبەر کاتێک داعش دروست کرا و هەم ئێستایش سیاسەتی دەسەڵاتداریەتی باشووری کوردستان لە پێناسەکردنی دەوڵەتی تورکیا و داعش و لە شیرۆڤەی سیاسەتی ئەو دووانەدا نارۆشن و نادروست و ناسەرکەوتوو بووە، ئەوڕۆ بە ناوی گوایا "پەروەردەکردنی پێشمەرگەوە" دەخوازرێت شەرعیەت بەهێنانی سوپای تورک بدرێت و ماسکی دۆستبوونیان لەگەڵ کورددا بە ڕووخساردا هەڵبوواسرێت، تورکیا نەک هەر دۆستی کورد نییە، بەڵکو دوژمن و داگیرکەرە.

ئێمە هاوکات کە دژ بە سیاسەتی داگیرکەرانە و دوژمنانەی دەوڵەتی تورکیاین و شەرمەزاری دەکەین و دژی تێ دەکۆشین، هەروەها داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئێراق و هێزی نێونەتەوەییەکان دەکەین کە دژ بە دەوڵەتی تورکیا بووەستنەوە و ئەو کارەی بە سنووربەزاندنێکی نایاسایی دابنێن و بە هەنگاوی یاسایی پێش بە بڵاوبوونەوە و بڵاوکردنەوەی تیرۆر بگرن کە تورکیا مایەی زۆری لە سەر داناوە و دادەنێت.

ئێمە هەروەها بانگ لە گەلی خۆمان دەکەین کە زۆر بە جیددی دژ بە لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا بووەستن و وەک بەزاندنی خەتی سووری نەتەوەیی و نیشتیمانیی و ئازادیخوازییمان تێی بڕووانن و یەکدەست و یەکدەنگ دژ بەم داگیرکەرە دڕندەیە بووەستنەوە.

 

کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

 

 

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved