کەجەکە ناوی بکەرانی کۆمەڵکوژییەکەی پاریس-ی ئاشکراکرد

 

هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، ڕایگەیاند، کە بە بەدیلگرتنی بەڕێوەبەرانی میتی تورک دۆسییەی تیرۆری پاریس ڕوونکرایەوە و تۆڵەی ئەو کۆمەڵکوژییە دەکەینەوە، هەروەها ناوی پیلان داڕێژەرانی تیرۆرەکەشی ئاشکراکرد.

 

ئەمڕۆ کۆنسەی بەڕێوبەرایەتیی کەجەکە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاشکرایکرد، عومەر گونەی لە زیندانی پاریسدا کوژراوە بۆ ئەوەی قسە نەکات، تیرۆری پاریس لە ژێر چاودێریی سەباحەدین ئاسال کراوەو ئەردۆغان فەرمانی کۆمەڵەکوژییەکەی داوە.

 

دەقی راگەیەندراوەکەی کەجەکە:

 

بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بەڵێنی دابوو تۆڵەی تیرۆری پاریس بکاتەوە، سەرەڕای ئەوەی پلانسازانی تیرۆرەکە خۆیان شاردووەتەوە، بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد دوو بەڕێوەبەری پلەبەرزی میتی بەدیلگرت و نهێنییەکانی ئەو کۆمەڵکوژییەی ئاشکراکرد، ئەردۆغان فەرمانی ئەو تیرۆرەی داوە بە هاکان فیدان و ئەویش بە یارمەتیی ئوگور کائان ئایک، یەکێک لە بەرپرسانی میت پلانی کۆمەڵکوژییەکەیان داڕشتووە، ئوگور کائان ئایک سەرۆکی ئەو دەستەیە بوو کە بەشداری سەردانەکانی ئیمرالیی کردبوو، بۆمان سەلماوە، کە کۆمەڵکوژییەکە لەلایەن میتەوە ئەنجامدراوە، ئەو بەڕێوەبەرە بەدیلگیراوانەی میت بەڵگەکانی ئێمەیان پشتڕاستکردەوە.

 

پەکەکە لە مێژوویدا سەلماندوویەتی کە هیچ تاوانێک بێ سزا ناهێڵێتەوە، سزادانی ئەسات ئۆکتای یڵدرم، ئەشکەنجەگەری زیندانی ئامەد و شاهین دۆنمەز و یڵدرم مەرکیت کە بە زۆرەملی دانپێدانانیان لە زیندانییەکان وەردەگرت، لەو نموونانەن.

 

سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەردۆغان وتی، کە پشتگیریی تێکۆشانی دژی تیرۆر دەکات، پێمان وایە ئەو قسەیە دوور لە ڕاستی و دووڕوویانەیە و پشتگیرییەکە بۆ تیرۆریزمی دەوڵەتییە، ئەگینا چۆن لە ناوەندی فەرەنسا ڕێگادەدەن بە میت کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات.

دادگای فەرەنسا بەڵگەی زۆر بەهێزی لە دەستدایە کە دەیسلمێنن ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن میتەوە ئەنجام دراوە، بەڵام داخستنی دۆسییەکە بە هۆی پەیوەندییە ئابوری و سیاسییەکانیانەوەیە بە تورکیاوە، پەردە لە سەر ڕەفتارێکی قێزەون لادەبات، داخستنی ئەو کەیسە بێرێزییەکی گەورەیە بۆ گەلی فەرەنسا کە ئاڵاهەڵگری دادگەرین، پێویستە ئەو دۆسییە بکرێتەوەو لە بەردەوامیدا ئەردۆغان، دەسەڵاتداریی ئاکەپە، هاکان فیدان، و سەبحەدین ئاسال، ئوگور کائان ئایک و ئۆگوز یورەت تێیدا دادگایی بکرێن.

 

دانپێدانانەکانی بەڕێوەبەرە بەدیلگیراوەکانی میت ئاشکرای دەکەن، کە سەباحەدین ئاسال پێش تیرۆری مانگی ساڵی ٢٠١٣ بەشداری چاوپێکەوتنەکان بە ڕێبەری پەکەکە لە ئیمرالی بووە، بە کۆمەڵکوژی پاریس بە هەمووان سەلمێندرا کە حکومەتی تورک نایەوێت پرسی کورد چارەسەربکرێت، ئاشکرابوو کە بانگەشەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لەلایەن ئاکەپەوە سیاسەتێکی شەڕی تایبەتە بۆ خەڵەتاندنی گەلان، ڕێبەری پەکەکە و بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد لە دڵەوە هەوڵیاندا بۆ چارەسەری کێشەکان لە ڕێگای ئاشتیانەوە، بەڵام دەسەڵاتداریی ئاکەپە ئەو هەلەی بۆ قڕکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد قۆستەوە.

لە پاش کۆمەڵکوژیی پاریسەوە بۆ ئێستا سیاسەتە قێزەونەکانی ئاکەپە بۆ تیرۆرکردنی بەڕێوەبەرانی پەکەکە بەردەوامە، هەر دوو بەڕێوەبەری بەدیلگیراوی میت دانیان بەوە دا نا، کە پیلانی تیرۆرکردنی بەڕێوەبەرانی پەکەکەیان بە دەستەوە بووە بە مەبەستی لاوازکردنی ورە و ئیرادەی گەلی کورد، بەڵام پیلانی تیرۆرەکانیان لە دژی بەڕێوەبەرانی پەکەکە و کەجەکە شکستی هێنا، کۆمەڵکوژیی پاریس بە پێچەوانەی ئەو مەبەستەی هەیبوو ئاکەپەی لە بەرامبەر تێکۆشانی گەلی کورددا لاوازترکرد، بزوتنەوەی ئازدیخوازی گەلی کورد بەڵێنیداوە، کە تۆڵەی ئەو کۆمەڵەکوژییە بکاتەوە، بە پوچەڵکردنەوەی پیلانەکانی میت بەشێک لەو تۆڵەیە بەجێهاتووە.

 

تیرۆری پاریس پێدەنێتە شەشەمین ساڵییەوە، لە دەستپێکی ساڵی شەشەم دا بانگەوازیی حکومەتی فەرەنسا دەکەین، کە بە بەتاڵکردنەوە داخستنی کەیسی تیرۆرەکە مێژووی دادخوازیی فەرەنسا پیس دەکات، ئەردۆغان و دەسەڵاتداریی ئاکەپە بە ئەنجامدانی تیرۆری پاریس دژی گەلی فەرەنسا تاوانیان ئەنجامداوە، سەرێکی کۆمەڵکوژییەکانی داعش لە فەرەنسا ئەردۆغان خۆیەتی، تا کاتێک حکومەتی فەرەنسا لێپرسینەوەی نەکردووە لە بکەرانی کۆمەڵکوژیی پاریس وەک هاوبەشێکی ئەو تاوانە لە قەڵەم دەدرێت، فەرەنسا بۆ بەرژەوەندییە ئابورییەکان چاوی بە سەر ئەو تاوانەدا داخستووە، بۆیە بانگەوازی حکومەتی فەرەنسا دەکەین کە سیاسەتی لە بەرامبەر دەسەڵاتداریی ئاکەپە و ئەردۆغاندا بگۆڕێت.

بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد دەسەڵاتداریی ئاکەپە و حکومەتی فەرەنسا بە بەرپرسی ئەو کۆمەکوژییە دەزانێت، گرنگ نییە چەند ساڵی دیکە بە سەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا تێپەڕدەبێت، تۆڵەکرندەوەی و لێپرسینەوەکانی ئێمە بەردەوامییان دەبێت، کوردستانی ئازاد و تورکیای دیموکراتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتی کە خەون و ئارەزووی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز بوو سەرئەنجام پێکدێن.

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved