راگەیەندراوی کەجەکە  لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان

 

ئەمڕۆیەك شەممە ٢٥/٣/٢٠١٨ ، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە لە بارەی کۆمەڵکوژییەکانی سوپای تورک لە پاش پیرۆرزکردنی نەورۆز لە باشوری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و سەرەخۆشیی لە خانەوادەی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییە کرد.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:

 حکومەتی تورک بۆ کۆمەڵکوژییەکانی باشوری کوردستانی کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەو کۆمەڵکوژییەی لە دۆڵی باڵایان ئەنجامی داوە، یەکەم کۆمەڵکوژیی نییە، هەروەها بە هەڵە ڕووینەداوە، وەکچۆن کۆمەڵکوژییەکانی کەنداکۆل، کۆرتەک، زارگەلی و چەندین ناوچەی دیکەی بادینان و خواکورک بە هەڵە ڕوویان نەدا، بەڵکو بەزانابوون بوون بووە.

گەلی کورد لە باشوری کوردستان پشتگیریی تێکۆشانی گەریلا دەکەن، بۆیە حکومەتی فاشیستی تورک هێرش دەکاتە سەریان، گەلی کورد لە باشوری کوردستان بە هێزەوە پشتگیریی بەرخۆدانی کۆبانێ، سوور و عەفرینی کرد و بە هەڵوێستیان گورزیان لە پیلانەکانی تورکیای فاشیست دا، تێکۆشانی گەلەکەمان لە باشوری کوردستان پیلانەکانی تورکیا دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە حکومەتی تورک دەیەوێت لە باشوری کوردستان کۆمەڵکوژی پێکبێنێت، دەیەوێت بەم شێوەیە خەڵک چاوترسێن بکات.

 

سوپای تورک لە هەموو پارچەکانی کوردستان گەلی کورد کۆمەڵکوژ دەکات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە بێدەنگی پەسەندی دەکات، ئەو کۆمەڵکوژییانەی لە کوردستان ئەنجام دەدرێن بە کۆنتڕۆڵی فڕۆکە سیخوڕییەکانی هێزە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێن، لەلایەکی دیکەوە حکومەتی باشوری کوردستان لە جیاتی ئەوەی ئەو هێڕشانە شەرمەزاربکات و ڕێگرییان لێ بکات، هەبوونی گەریلا دەکاتە هۆکار، ئەوە ورە دەداتە حکومەتی فاشیستی تورک کە بەردەوام بێت لە هێرشەکانیدا، عەقڵییەتی حکومەتی تورک لەسەر دوژمنایەتیی گەلی کورد دانراوە، لە کۆمەڵکوژییەکانی شەنگال، کۆبانێ، عەفرین و باڵەیان دا دەرکەوت کە حکومەتی تورک بەنیازی قڕکردن و لەناوبردنی گەلی کوردە، بۆ ئەوەش بە سەرەڕۆییەوە سەروەریی حکومەتی عێڕاق بۆ سەر سنوورەکانی پێشێل دەکات، هەرچەند حکومەتی عێراق هەڵوێستی پیشان دا، بەڵام ئەوە بەس نییە.

 

ئاشکرایە کە ئەو کۆمەڵکوژییەی حکومەتی تورک هەم لە دژی گەلەکەمان و هەم لە دژی گەلانی عێراقە، بۆیە وەستانەوە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا ئەرکی گەلەکەمان، ئەرکی هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی باشوری کوردستان و هەموو هێزەکانی کوردستان و سەرتاسەری عێراقە، لە کۆتاییدا ئەو چوار هاوڵاتییەی لە باڵایان شەهیدبوون بە ڕێزەوە بەبیردێنینەوە، سەرەخۆشی لە خانەوادەکەیان دەکەین، بانگەوازیی لە هەموو ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانی باشوری کوردستان، نوسەران، ڕۆشنبیران و هەنەرمەندان و هەروەها هەموو گەلەکەمان لە باشوری کوردستان دەکەین، کە دژی داگیرکاریی حکومەتی تورک لە باشوری کوردستان بوەستنەوە.

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved