کەجەکە: دەبێت عەفرین بکرێتە گۆڕستان بۆ چەتەکان

 

هاوسەرۆکایەتیی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر عەفرین بڵاوکردەوە و

 

 

ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە:

 

دەسەڵاتداریی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە چەندین مانگە عەفرینیان کردووەتە ئامانج و تەنیا مەبەستیشیان ئەوەیە کە داواکاریی گەلان بۆ سیستمێکی دیموکرات کە لە سەر بنەمای براێەتیی گەلان دامەزراوە لەناوببەن.

 

ئەو هێرشە دوو هۆکاری سەرەکیی هەیە، یەکەم ئەوەیە، کە دەوڵەتی فاسیستی ئاکەپە و مەهەپە بەنیازن بە هێرش بۆ سەر عەفرین دەستکەوتەکانی گەلی کورد بکەنە ئامانج، دووەمین هۆکار ئەوەیە، کە دەسەڵاتداریی فاسیستیی ئاکەپە و مەهەپە وا خەریکە دەسەڵات لە دەستدەدەن، هەوڵدەدەن بەو داگیرکارییە دەسەڵاتدارییە فاشیستییەکەیان بهێڵنەوە.

 

خەڵکی عەفرین لە سەرەتاوە تا ئێستا ڕێگایان نەداوە هیچ هێزێکی دژەمرۆیانە ڕووبکاتە عەفرین، چەتەکانی داعش و نوسرە و چەتەکانی دیکە هیچیان سەرنەکەوتن بچنە ناو عەفرینەوە، لە شاری حەلەب چەندین ساڵ شەڕی قورس ڕوویدا، خەڵکی عەفرین بە باوەشی کراوەوە پێشوازیی ئاوارەکانی حەلەبیان کرد.

 

عەفرین بووەتە مۆدێلێکی دیموکراسی بۆ بە دیموکراتیبوونی سوریا و هەموو ناوچەکە، ئەردۆغان بۆ ئەوەی هیوا و خەونی ژیانی دیموکراتی کورد لە کۆبانێ لەناوببات دەستەودامەنی چەتەکانی داعش بوو لە ڕێگای ئەوانەوە هێرشی کردە سەر عەفرین، نە داعش و نە هیچ کام لە دەستە چەتەکانی دیکەی دەوڵەتی تورک سەرنەکەوتن بۆ هێرش بۆ سەر ژیانی ئازاد و دیموکراتی گەلی کورد، دەسەڵاتداریی فاشیستی تورکیا وەک چۆن لەناو تورکیا هێرش دەکاتە سەر ڕۆژنامەنووسەکان، ئەکادمیسییەنەکان و سیاسەتمەدارە دیموکراتەکان، بەهەمان شێوە هێرش دەکاتە سەر عەفرینیش.

 

دوژمنایەتیی حکومەتی فاسیستی ئاکەپە و مەهەپە لە دژی گەلی کورد و دیموکراسی لەسەر عەفرین یەکیان گرتووە، مەبەست لەو هێرشە پاراستنی دەسەڵاتداریی فاشیستییە لەناو تورکیادا، هێرش بۆ سەر عەفرین هێرشێکە بۆ لەناوبردنی ئەو هێزە دیموکراتیانەی تورکیا کە لە دژی دەسەڵاتداریی ئاکەپەدا دەوەستنەوە.

 

ڕوسیا و ڕژێمی سوریا

ڕوسیا و ڕژێمی سوریا، کە تا پێش ئێستا ڕێگەی ئاسمانییان بۆ هێرش بۆ سەر عەفرین گرتبوو، ئێستا ئەوان ڕێگەیان داوە بە تورکیا ئەو هێرشە ئەنجام بدات، هێرشی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر عەفرین دەیسەلمێنێت کە ڕژێمی سوریا و ڕوسیا شەڕێکی قێزەونیان دژی گەلی کورد ئەنجام داوە، ئەوان کەوتوونەتە ناو بازرگانییەکەوە، کە خێری تێدانابێت بۆیان، بەم کارەیان گەلی کوردیان لە سوریا لە بەرامبەر خۆیاندا وەستاندووە، هیچ بەهانە و پاساوێکیان نییە بۆ ئەوەی ڕێگەیان داوە بە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کە هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر عەفرین، بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک لێپرسینەوەیان لێدەکرێت بەهۆی ئەو سیاسەتەیانەوە.

 

 سیاسەتی ئەمریکا

ئەمریکا بە وتنی ئەوەی عەفرین شوێنێک نییە، کە ئێمە تێیدا تێکۆشانی هاوبەشی دژی داعش تێدا بکەین تورکیای هاندا بۆ ئەو هێرشە، بەم شێوەیە ئەمریکا جارێکی دیکە بووە هاوبەش لە هێرشی دژی گەلی کورد و پشتگیریی حکومەتی فاشیستی ئەردۆغان و باخچەلی کردووە، لەلایەکی دیکەوە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە بەڕەوازانینی فاشیزمی ئاکەدپە و مەهەپە، ڕەوایەتییان داوە بەو هێرشە، بەم شێوەیە ڕوسیا، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا هەموویان هاوبەشن لە تاوانەکانی حکومەتی تورکیادا.

 

هێرش بۆ سەر عەفرین هێرشێکە بۆ سەر گەلانی تورکیا و سوریا و هەروەها هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەسەڵاتداریی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە بەم شێوەیە پرۆسەی بەدیموکراتیبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووەتە ئامانج، بۆیە دەبێت نەک تەنیا گەلی کورد بەڵکو هەموو گەلانی تورکیا لە دژی ئەو هێرشە بوەستن، بەرخۆدان لە عەفرین تایبەت نییە بە گەلی کورد و پێویستە هەموو هێزە دیموکراتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێیدا بەشداربن.

 

بەشی کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە

پێویستە بەرخۆدانی عەفرین ببێتە بەرخۆدانی لەناوبردنی فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە، گەلانی عەرەب، کورد، ئاسوری و سوریانی کە لەناو فیدراسیۆنی دیموکراتی باکوری سوریادا جێدەگرن، دەبێت بەشداری بەرخۆدانی عەفرین بن، گرنگ ئەوەیە کە بەرخۆدانی عەفرین تەنیا لە عەفرین نەمێنێتەوە و لە شەهبا و لە سەرتاسەری ڕۆژئاوای فورات بڵاوببێتەوە، گەنجان و ژنانی عەفرین لە دژی داگیرکاریی بەرخۆدان دەکەن و  دڵنیاین، کە عەفرین دەبێتە گۆڕستانی چەتەکانی ئاکەپە و مەهەپە.

 

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved