| ||
|
||
ئای چەند سەختە ووڵامی کێ و کامەکان
چراکان ئەکوژێنەوە. شەوەزەنگ و تارمایی تا دێت ناو قەد ئەستور ئەبێت میلی کاتژمێری ئاسودەیی وەستاوە بێ... ڕۆح. پێش کۆچی شەم چەند پەپولەێک هەڵپڕوزان، دیندارێکی موسڵمان بۆ گەیشتن بە ماڵی بەهشت وحۆری و پێکی شەرابی ناب بیر لەچوار رەکعت نوێژ ئەکاتەوە، کچۆڵێکی شەرمن بە کیمیا سوتاو بە سوتاوی بوکە شوشەکەی لە ئامێزی،مناڵێکی باوک ئەنفال کراو لە سەر سەکۆی ماڵیان وەک مەلی باڵشکاو دادەنئشێت و هەناسەی چاوەڕێ هەڵئەکێشێ . زەنگی تەلیفون بانگمان ئەکە بۆ ژوانێک لە داوێنی گوناه، ژن و پیاوێک هەڵمی هەناسەی زەوقیان دەچێتە نێو ئاوێنەی ڕووت بونەوە و ئاوێنە پێدەکەنێ و دەستی ئاگر ناسنامە و مێژوی دۆزخیان بۆ تۆمار ئەکا. پیاوەکی بێ هیوا هەمو پێکەکانی مێ ئەنوشە وبە کەساسی بە لای پێک و شوشەی بەتاڵەوە دۆشداماوە. ڕێبوارێک ڕێگەی ون کردوە و لە ژێر کڵێلە بەفر شەهادەت دەهێنێت و مەرگی نزیکە بیر لە گورگە برسیەکان دەکاتەوە کە لاشەکەی دەخۆن. لە دیوەخان سەدان گڵۆپ داگیرساوە ئاغا وبگەکان دەم بە پێکەنین و سەپانی پێش درگا سوپاسنامەی شەڕیان بۆئەبات ، بیر لە خوا ئەکەمەوە تۆبەڵێ خوا عاشق بوبێت و تاوانبار و لە مەرگی ئازیزێکی گریا بێت یان لە قوماری ژیانا دۆڕابێت. من لە بازنە تاریکەکانی ڕۆحەوە لە دارستانی جیهاناوە لە نێو شین و ڕۆ ڕۆی تەمەنی با بردەوە.
ئاشنام بە گوناە، زەنگی ترۆپی گوناه
ژانی پێگرتوم هەمو درگاکانی فیردەوسم لێ داخراوە، کڵپە و نێڵەی گڕی
دۆزخ بانگم ئەکا ، ئەو ئاگرە لام پیرۆزە. لە کاتێکدا ژیان لەش
فرۆشەکی گەورەیە منیش بە گوناهەوە جوانتر و نازدارترم،
ئای چەند سەختە ووڵامی کێ و کامەکان،
ئای چەند سەختە ووڵامی کێ و کامەکان،
و مەلی بێ هێلانە لە سەر لقی داری ژیان هەڵکوڕ ماوە؟
|
||
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||