| ||
|
||
خۆپیشاندانه‌كانی ئێران.. له نانه‌وه بۆ نه‌مان
محه‌مه‌د حه‌سه‌ن
چه‌ند رۆژێكه خۆپیشاندان ناوچه جیاجیاكانی ئێرانی گرتوه‌ته‌وه، سه‌ره‌تا دژی گرانی و خراپی باری گوزه‌ران، خه‌ڵك هاتنه سه‌ر شه‌قام، به‌ڵام به‌ره‌به‌ره دروشمه‌كان هه‌ڵكشان بۆ ئاستی رووخانی ده‌سه‌ڵات و بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی كۆماری ئیسلامی‌دا كه‌سه یه‌كه‌مه‌كانی ئه‌و وڵاته بوونه ئامانجی توڕه‌یی خۆپیشانده‌ران.
له كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوه‌وه، به‌خۆپیشاندانه‌كانی (مه‌شهه‌د)، (نه‌یشابور) و (كاشمه‌ر)ی پارێزگای (خۆراسانی ره‌زه‌وی) ناڕه‌زایه‌تی هاووڵاتیان له دژی گرانبوونی كاڵا و پێداویستیه سه‌ره‌كییه‌كان پێی نایه قۆناغێكی نوێوه.
هه‌رچه‌نده گرانبونی نرخی به‌نزین و ماده خۆراكییه سه‌ره‌كییه‌كان پاڵنه‌ری ده‌ستپێكردنی ئه‌و خۆپیشاندانانه بوو، به‌ڵام له‌ئێستادا دروشم و داواكاریه‌كان بازنه‌ی باری ئابوریان تێپه‌ڕاندوه و به‌شێوه‌یه‌كی تۆخ دروشمه‌كان سیاسین.
رۆژی ٢٩/١٢/٢٠١٧، خۆپیشاندانه‌كان له خۆراسانی باكوری خۆرهه‌ڵاتی ئێرانه‌وه بۆ خۆرئاوا و باشوری خۆرئاوای ئه‌و وڵاته گواسترانه‌وه و سه‌ره‌تا له پارێزگاكانی كرماشان، لۆڕستان و خوزستان گردبونه‌وه و خۆپیشاندان ئه‌نجامدران و شه‌وه‌كه‌شی زۆربه‌ی پارێزگاكانی ناوه‌ڕاست و باكوری ئێرانی ته‌نیه‌وه.
سه‌رباری ئاماده‌كاریه‌كانی حكومه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌كانی، به‌ڵام رۆژی شه‌ممه و له سێیه‌م رۆژی ئه‌و خۆپیشاندانانه‌دا، چه‌ندین پارێزگای تریش چوونه ریزی خۆپیشانده‌رانه‌وه و به‌پێی چه‌ند زانیاریه‌ك له شاری (دورود)ی لوڕستان، لانی كه‌م ٤خۆپیشاندهر ژیانیان له‌ده‌ستداوه.
دروشمی "نه غه‌زه و نه لوبنان، گیان ده‌به‌خشم بۆ ئێران" كه یه‌ك له دروشمه سه‌ره‌كییه‌كانی خۆپیشانده‌رانی ئێرانییه، به ئاماژه‌یه‌ك بۆ توڕه‌یی خۆپیشانده‌ران له سیاسه‌ته ناوچه‌ییه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌یان داده‌نرێت.
كۆماری ئیسلامی ئێران كه له ٤٠ ساڵه‌ی ته‌مه‌نی نزیك ده‌بێته‌وه، له‌سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌ركاریه‌وه تۆمه‌تباره به‌وه‌ی "پاڵپشتی دارایی و سه‌ربازی" له گروپه توندڕه‌وه‌كانی ناوچه‌كه به‌تایبه‌تی فه‌ڵه‌ستین و لوبنان ده‌كات. له دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی ناوخۆیی سوریاشه‌وه ئه‌و وڵاته راسته‌وخۆ رۆڵی له هێشتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌د بینیوه و به‌وته‌ی دژبه‌رانی حكومه‌تی تاران، ئه‌و پاڵپشتیانه و هه‌روه‌ها تێچوه‌كانی تری پشتیوانی له حوسیه‌كانی یه‌مه‌ن، حزبوڵای لوبنان و گروپه‌كانی تری ناوچه‌كه، بارگرانی زۆری له‌سه‌ر ئابوری ئێران داناوه، ئه‌وه‌ش سه‌رباری ئه‌و سزا ئابوریانه‌ی له چه‌ند ساڵی رابردوه‌وه به‌هۆی به‌رنامه ئه‌تۆمیه‌كه‌ی به‌سه‌ریدا سه‌پێنرابوو.
خۆپیشاندانه‌كان كه سه‌ره‌تا رویان له حكومه‌ت و كه‌سی یه‌كه‌می ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكار واته حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته بوو، به به‌شێك له پلانی باڵی بنه‌ماخوازان له دژی ریفۆرمخوازان لێكدهدرایهوه و له‌وروه‌شه‌وه ئیسحاق جیهانگیری جێگری یه‌كه‌می رۆحانی رایگه‌یاند، ئه‌وانه‌ی هانی خه‌ڵك ده‌ده‌ن بڕژێنهسهر شه‌قام دواجار خۆپیشاندانه‌كان به‌سه‌رخۆیاندا ده‌شكێته‌وه و دواجاریش ئه‌مه روویدا و رابه‌ری باڵای ئایینی ئه‌و وڵاته‌ش كه‌وته‌به‌ر تیری دروشمه‌كان.
دوای خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی ٢٠٠٩ كه له دژی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی رێكخران و چه‌ند رۆژێكیان خایاند، خۆپیشاندانه‌كانی رۆژانی رابردو به به‌رینترین خۆپیشاندانه ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی داده‌نرێن، كه بۆ یه‌كه‌مجار دروشمی روخان و نه‌مان بۆته دروشمی خۆپیشانده‌ران و به‌رده‌وامبوونیان رێگه له‌به‌رده‌م پێشبینی جیاجیادهكاتهوه، ئایا له سه‌روبه‌ندی ٤٠ ساڵه‌ی ته‌مه‌نی روبه‌ڕوی گه‌وره‌ترین قه‌یران ده‌بێته‌وه؟ ئاخۆ توشی چاره‌نوسی سوریایه‌ك ده‌بێت كه شه‌ش ساڵه به چنگ و ددان خه‌ریكی پاراستنیه‌تی؟ یان ئه‌وه‌تا دواجار هاوشێوه‌ی ٩ ساڵ به‌ر له ئێستا، به‌سه‌ر ئه‌م تهنگهژهیهشدا سه‌رده‌كه‌وێت؟
نەوا
|
||
Qadirzada.com © 2017. All rights reserved
|
||