ئێران بوومەلەرزەکە دەقۆزێتەوە بۆ گۆڕانکاری دیموگرافی مەزهەبی لە کرماشان

 

 

پاش بوومەلەرزە بەهێزەکەی پارێزگای کرماشان، کە لە ناوەندەکەی ئەزگڵە بوو، هێزە ڕزگاریبەخشە حکومییەکانی ئێران بە ئەنقەست و زانابوون هەتاکو ئێستا نەچوونەتە شوێنە سوننەنشین و یارسان نشینەکانی دەوروبەری سەلاس و باوەجانی، لە کاتێکدا ئەو ناوچانە ناوەندی بوومەلەرزەکە بوون.

 

هەموو ناوەندەکانی هەڵسانگاندنی بوومەلەرزەو هەزەی زەوی لە جیهاندا، شارۆچکەی ئەزگڵەی سەربە سەلاس و باوەجانیان وەک ناوەندی بوومەلەرزە بەهێزەکەی کرماشان ڕاگەیاندووە، کە دانیشتوانی سوننەن و گوندەکانی دەوروبەریشی سوننە و یارسانن، تا ئێستا میدیاکانی ئێران تەنانەت فۆتۆیەکی ئەزگڵە و گوندەکانی دەوروبەریان بڵاونەکردووەتەوە.

 

میدیاکانی سەربە حکومەتی ئێران و ڕاگەیاندنی هێزە ڕزگاریبەخشەکانی، هەتاکو ئێستا هیچ هەواڵ و زانیاری و وێنەیەکیان لە ناوچە سوننەنشینەکان و یارسان نشینەکانی تازە ئاباد و ئەزگڵە و گوندەکانی دەوروبەریان بڵاو نەکردووەتەوەو هیچ زانیارییەک لە بارەی دۆخیانەوە لە دەستدا نییە.

 

دەسەڵاتداریی مەزهەبپەرستی شیعەی ئێران، بە ئەنقەست لە هەوڵداندایە بۆ پێکهێنانی گۆڕانکاریی دیموگرافی لە پارێزگای کرماشان و هێزە ڕزگاریبەخشەکانی نانێرێت بۆ ناوچە سوننەنشین و یارسان نشینەکانی پارێزگای کرماشان.

 

 پێدەچێت حکومەتی شیعەی ئێران لە هەوڵداندابێت ڕوودانی بوومەلەزرەکە بکاتە بەهانە بۆ پاککردنەوە ئەو ناوچانە لە هاوڵاتیانی غەیری شیعە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە، کە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد لە ناوچە شاخاوییەکانی داڵاهودا جێگرن و پەیوەندیی باشیشیان هەیە لەگەڵ هاوڵاتیانی ئەزگڵە و سەلاس و باوەجانی و داڵاهو و ناوچەکانی دەوروبەریان.

 

لەلایەکی دیکەوە حکومەتی ئێران بە چۆڵکردنی ئەو ناوچانە لە هاوڵاتیان، دەتوانێت ئۆپەراسیۆنەکانی دژی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کورد بەئاسانترو فراوانتر بکات.

 

هەموو ڕاگەیاندنەکانی ئێڕان سەر پێڵ زەهاویان بە ناوەندی بوومەلەرزەکە ڕاگەیاندووە و هەموو ئامارەکانیش لەوێ و گوندەکانی دەوەروبەرییەوە ڕادەگەیەندرێن، لە کاتێکدا کە ناوەندە جیهانییەکانی هەڵسەنگاندنی هەزەی زەوی و بوومەلەرزە، ئەزگڵەی سەربە سەلاس و باوەجانیان وەک ناوەندی بوومەلەرزە ڕاگەیاندووە و دیارە زیاترین خەساریش بەر ئەو ناوچانە کەوتووە.

 

بەڵام هیچ ڕاپۆرتێک لە ناردنی هێزە ڕزگاریبەخشەکان بۆ ئەزگڵە لەلایەن میدیاکانی سەربە حکومەتی ئێڕانەوە ڕانەگەیندراوەو، هیچ زانیارییەکیش هەتاکو ئێستا لەبارەی دۆخیانەوە لە دەستدا نییە.

 

هاوکات نازار بارانی بەڕێوەبەری شارەوانی ئەزگڵە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی ڕایگەیاندووە: هەتاکو ئێستا هیچ چادرێک بە دەستی هاوڵاتیان نەگەیشتووە، منداڵانی ئەزگڵە دوو شەوە لە سەرمادا ڕۆژدەکەنەوە، دوو ڕۆژە هەموو جۆرە کێشەیەک هاتووەتە سەر رێگامان و هیچ هاوکارییەکمان نەکراوە، هیچ کەرەستەیەکی گەرمکەرەوەمان نییە و بێ خۆراک ماوینەتەوە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە شەوی ڕابردوو پلەی گەرمی لەو ناوچانە گەیشتووەتە خوار سفر-ەوەو بریندارەکانی ژێر ڕووخاوەکانی گوندە سوننەنشین و یارسان نشینەکان لە دۆخێکی وەهادا زیندوومانەوەیان ئاستەمە.

 

جێگای ئاماژەیە، کە حکومەتی ئێران، هەموو جۆرە جیاکارییەک ئەنجامدەدات دژی ئایین و مەزهەبەکانی دیکە، ئەوە بەتایبەتی لەبارەی ئایینەکانی دیکەوە وەک یارسانەکان، بەهاییەکان و جولەکەکان، ساڵانە سەدان کەس لە هاوڵاتیانی یارسان، جولەکە و بەهایی دەستگیردەکرێن و لە سێدارەدەدرێن.

 

هەروەها کە هاوڵاتیانی سوننەی پارێزگای کرماشانیش بەردەوام دەکرێنە ئامانجی هێرشەکانی حکومەتی ئێرانی و هەر لە هەفتەی ڕابردوودا هەموو ئەندامانی خێزان و کەسوکارانی چەکدارە سوننەکانی دژی ئێران دەستگیرکراون.

 

ڕۆژنیوز - ئاوات پووری

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved