| ||
|
||
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
ماموستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له 1914.03.06 له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناسراوی شاری سلێمانی له‌دایكبووه، ڕه‌مزی فه‌تاح كه ئه‌فسه‌رێكی كورد بووه مامی مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بووه و كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر ڕۆشنبیر بوونی هه‌بووه ، هه‌ربۆیه زوو ڕه‌وانه‌ی قوتابخانه‌ی ده‌كات. ئه‌م كاریگه‌رییه‌ی مامی تا قۆناغه‌كانی دواناوه‌ندی خوێندنی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هه‌ربه‌رده‌وام بوو، له ساڵی 1937 له به‌غدا كۆلیژی یاسا ته‌واو ده‌كات. ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له پاڵ نووسیندا كاری سیاسیشی كردووه و به‌شداریشی له شۆڕشی ئه‌یلوولدا كردووه. هه‌ر زوو مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌شاری سلێمانی گوێبیستی سروود و هۆنراوه‌ی نیشتمانپه‌روه‌ران و هه‌واڵی شۆڕشی شێخ مه‌حموودی نه‌مر بووه، هه‌روه‌ها بۆردومانی شاری سلێمانی له لایه‌ن فڕۆكه‌كانی ئینگلیزه‌وه كاریتێكردووه، جگه له‌و هه‌لوومه‌رجه تایبهتیبهی ئه‌وكاته‌ی سلێمانی، " ڕه‌مزی فه‌تاحی مامیشی ڕێبه‌رایه‌تی كردووه بۆ ئاشناكردنی به خه‌باتی و نه‌ته‌وایه‌تیی و سیاسی . له‌ساڵانی سییه‌كاندا و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك خوێندكاری كورد له‌به‌غدا گروپێكی پێكهێناوه به‌ناوی "لاوانی كورد" و گۆڤارێكیشی به‌ناوی "دیاری لاوان" بڵاوكردۆته‌وه.
مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به دامه‌زرێنه‌ر و لێپرسراوی "ژك" له كوردستانی باشوور ده‌ناسرێت، كه سه‌ر به مه‌ڵبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات بووه، كه سه‌روه‌ری دامه‌زراندنی كۆماری مه‌هابادی ساڵی 1946ی هه‌یه و به هاوكاریی هاورێكانی توانیبووی له زۆر ناوچه‌ی كوردستاندا لق بۆ "ژك" و پاشان بۆ "حدك" بكاته‌وه . پاش ڕووخانی كۆماری مه‌هاباد له ساڵی 1947دا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و لقی "ژك" له‌پاش كۆبونه‌وه‌یه‌ك بڕیاریاندا بچنه ناو پارتییه‌وه‌و، مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به سه‌رۆكی لقی سلێمانی پارتی هه‌ڵبژێردرا. له‌ساڵی 1948 پاش ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و كاته‌ی عێراق به‌ربوونه گیانی شۆڕشگێڕانی كورد ، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بۆ ماوه‌ی ساڵ و نیوێك زیندانی كرا . پاش ئازادكردنی تا هه لاَیسانی شۆڕشی 14ی ته‌مموزی ساڵی 1958 ڕێگایی خه‌باتی نهێنی گرته به‌ر. له شوباتی ساڵی 1951 له‌میانه‌ی كۆنگره‌ی دووه‌می پارتی له شاری به‌غدا به كۆی ده‌نگ كۆنگره‌ی پارتی ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی به سكرتیری گشتی پارتی هه‌ڵبژارد. له‌سه‌ر كار و چالاكی سیاسی له هاوینی ساڵی 1951 له سلێمانییه‌وه بۆ كه‌ركووك گوێزرایه‌وه. له‌ساڵی 1953 كۆنگره‌ی سێیه‌می پارتی به ڕێبه‌رایه‌تی ئێبراهیم ئه‌حمه‌د سازكرا و له‌م كۆنگره‌یه‌دا دامه‌زراندنی یه‌كێیتی ئافره‌تان و لاوان و قوتابیان په‌سه‌ندكرا. له‌ساڵی 1961 ئیبراهیم ئه‌حمه‌د وه‌ك سكرتێری پارتی و سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی خه‌بات كاری كردووه، پێش داخستنی ڕۆژنامه‌ی خه‌بات و هه‌ڵگرتنی مۆڵه‌تی پارتی له كۆتایی ساڵی 1961 ناچاربوو شاری به‌غدا به‌جێبهێڵێت و خۆی بشارێته‌وه.
له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئهیلوول ڕویكردۆته شاخ و له ڕووی ڕامیارییه‌وه شۆڕشه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردووه. له ساڵی 1964 تا ساڵی 1971 سكرتێری باڵی نووسینه‌گه‌ی ڕامیاری بووه، پاش هه‌ره‌سی شۆڕشه‌كه ش ڕوو ده‌كاته هه‌نده‌ران و زۆربه‌ی ژیانی له‌شاری له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا به‌سه‌ر بردووه.
ژیانی وێژه‌ییی و ڕۆژنامه‌وانیی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ژیانییه‌وه ده‌ستی داوه‌ته كاری نووسین و ڕۆژنامه‌وانیی، هه‌ربۆیه له ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا له ڕۆژنامه‌ی "ژیان" كاریكردووه و نۆبه‌ره‌ی نووسینه‌كانی له‌وێ بڵاوكردۆته‌وه. له‌به‌ر شاره‌زایی نووسین "پیره‌مێرد"ی شاعیر و خاوه‌نی ڕۆژنامه‌ی ژیان له نووسێنێكدا ستایشی ئیبراهیم ئه‌حمه ده‌كات و ده‌ڵێت: "ژیان چاوه‌ڕێی ئه‌م كوردییه ڕه‌وانه‌یه، پیره‌مێردیش به‌هیوای نه‌وجه‌وانانه."
مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ساڵی 1939 بۆ ساڵی 1949 له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادی گۆڤاری "گه‌لاوێژ" ده‌رده‌كه‌ن، هه‌ربۆیه ناچار ده‌بێت له ساڵی 1944 ده‌ست له كاری حكومی هه‌ڵبگرێت. پاش سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی 14ی ته‌مموزی 1958 مۆڵه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند ژماره‌یه‌كی گۆڤاری ڕزگاری پێبه‌خشرا و هاوكات به‌رپرسیارێتی ڕۆژنامه‌ی "خه‌بات" یشی ده‌كرد. بێجگه له‌و ڕۆژنامانه‌ش خاوه‌نی ڕۆژنامه‌ی "كوردستان" یش بوو كه ئه‌و ده‌مه مام جه‌لال سه‌رنووسه‌ری بووه. به‌هۆی بڵاوكردنه‌وه‌ی وتارێكی به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقدا، خه‌بات و كوردستان له ساڵی 1961 داخران و فه‌رمانی زیندانیكردنیش بۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌رچوو. له گۆڕه‌پانی وێژه‌شدا ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی نووسه‌ر و پارێزه‌ر چه‌ندین كاری به‌نرخی نووسیوه، ئه‌ویش به چه‌ند شاكارێكی به‌نرخ وه‌ك "ژانی گه‌ل"، "كوێره‌وه‌ری"، "دوا تیری كه‌وان" و چه‌ند به‌رهه‌مێكی دیكه‌ش. نامێلكه‌ی "الاكراد و العرب"یش كه له‌ساڵی 1937 به عه‌ره‌بی نووسیوێتی هه‌وڵێك بووه بۆ ڕێكخستنی په‌یوه‌ندیی نێوان كورد و عه‌ره‌ب له عێراق.
ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له ته‌مه‌نی 86 ساڵییدا له كاژمێر 5ی ئێواره‌ی 2000.04.08 له شاری له‌نده‌ن كۆچی دواییكرد و ته‌رمه‌كه‌ی گوێزرایه‌وه بۆ شاری سلێمانی و هه‌ر له‌ویش نێژراوه.
|
||
Qadirzada.com © 2017. All rights reserved
|
||