ئیبن سەڵاحی شارەزووری

 

(زانا و شەرعزانی ئایینی، لێکۆڵەر و کۆکەرەوەی فەرموودە)

 

کەساتی کوردی

 

   ناوی(ئەبو عەمر) عوسمانی کوڕی موفتی سەڵاحەدین عەبدولڕەحمانی کوڕی عوسمانی کوڕی موسای کوردی ـ شارەزووری ـ موسڵی یە، ناسراوە بە ئیبن سەڵاح، لە سالی ٥٧٧ک لە دایک بووە، پێشەوا بووە لە شەرعزانی(فقه) فەرموودە، زانا بووە لە تەفسیر و ئوسووڵ و نەحودا، پیاوێکی زاهید و خاوەن وەرع بووە، لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار بووە و باپری(باوکی باوکی) شێخی زانایانی دیمەشق بووە، بۆیە سەرەتا لای باوکی دەستی بە خوێندن کردووە، بەوەی باوکی ئەولاتر بوو بۆ پێگەیاندنی لە مامۆستایانی تر، بەڵێنی ئەوەشی پێدا کە دەبێ قورئان لەبەر بکات، هەر لای باوکی وانە سەرتاییەکانی زانستی شەرعی خوێند، پاشان چووە موسڵ لەوێش بەردەوام بوو، سەرەتا وانەی فەرموودەی لای ئەبی جەعفەری کوڕی عوبەیدوڵڵای کوڕی ئەحمەد(کە یەکەم مامۆستای بوو دوای باوکی) خوێند، هەروەها چەند زانایەکی تر هەر لە موسڵ؛ وەک عیمادەدین ئەبا ئەحمەد یونس، کە بە خواستی خۆی هەڵیبژارد بۆ مامۆستایەتی، ماوەیەکی درێژ لای ئەو بەردەوام بوو، هەروەها مەحموودی کوڕی عەلی موسڵی و عەبدوڵڵای کوڕی سەمین و، دوایی چووە بەغدا لای ئەبی ئەحمەدی کوڕی سەکینە و ئەبی حەفس و چەند زانایەکی تر خوێندی، پاشان لە نەیسابووریش لاى زەینەبی کچی ئەبو قاسم و محمدی کوڕی حەسەن سەڕام خوێندی، لە هەمەدان و شام و حەلەب و دیمەشقیش گەڕا بۆ مەبەستی خۆێندن، لە دواییدا بڕیاری مانەوەی دا لە دیمەشق، هەر لەوێش دەستی کرد بە خوێندنی زانستی کەلام لای ئیمام کەمالەدینی کوڕی یونس. [١] پاشان دەستیکرد بە گەڕان، بە مەبەستی کۆکردنەوەی فەرموودە سەردانی زۆربەی ناوچەکانی تری جیهانی ئیسلامیی کرد.

 

ــ قۆناغی تەدریس و وانەگوتنەوەی

   لە دوای گەشتە دوور و درێژەی؛ کە ئیبن سەڵاح بە مەستی وەرگرتنی زانست و کۆکردنەوەی فەرموودە گرتبوویەبەر، لێی بەردەوام بوو، تاوەکو لە شاری قودس جێگیر بوو، هەر لەوێش دەستی کرد بە وانەگوتنەوە و پێگەیاندنی فێرخوازان لە خوێندنگەی سەڵاحییە(کە سەلاحەدینی ئەیوبی بونیادی نا، بۆیە هەر بەو ناوە ناونراوە). کە سەرەتا چووە شارەکە خەڵکێکی زۆر لە پێشوازی دابوون، چونکە ناوبانگێکی تەواوی دەرکردبوو بە بلیمەتی و پڕعیلمی و تەقواکەی، لە دوای بەسەربردنی ماوەیەکی درێژ لە وانەگوتنەوە لە قودس، ئینجا چووە دیمەشق، لەوێش لە خوێندنگەی(الرواحیة) وانەی گوتەوە تا قوتابی و فێرخوازانی زیاتر پێبگەیەنێ. دوای ئەوەی مەلیک ئەشرەفی کوڕی عادل(خانەی فەرموودەی) دامەزراند(وەک خوێندنگەیەکی تایبەت بە فەرموودەوانی)، زۆر پێداگری کرد کە ئیبن سەڵاح وەک سەرۆکی مەدرەسەکە دابمەزرێنێ، ئیبن سەڵاح بەو مەرجە ڕازی بوو کە دەبێ ڕێگەی بدەن تا لەهەمانکاتدا بتوانێ لە خوێندنگەی(ست الشام)یش وانەبێژی بکات(کە خاتوو زمردی ئەیووبی -خێزانی ناسرەدین ئەسەدەدین شێرکۆی والی حمس- دایمەزراندبوو) کە تایبەت بوو بە فێرخوازانی ئافرەت. [٢]

    لە فەترەی وانەبێژیدا رۆڵێکی کارای هەبوو لە پێگەیاندنی زانا و کەسایەتییەکان کە لای دەیانخوێند، لەوانە: ئیبن خەلەکان، فەخرەدینی عومری، یەحیای کەرەجی، زەینەدین فارقی و چەندانی تریش. ئیبن خەلەکان دەربارەی کارکردنەکەی دەڵێت: زۆر دڵسۆز و سەرڕاستانە کارەکانی ئەنجام دەدا و زۆر پشوو درێژانە کاری دەکرد، بەردەوام بەرپرسانە مامەڵەی دەکرد بەبێ گوێدانە ماندووبوون، هەروەها دەڵێت: ئەو تەنها فەرموودەوان نەبوو، بەڵکو یەکێک بوو لە زانا هەرە گەورەکان، کە شارەزاییەکی بێوێنەی هەبوو لە بواری تەفسیر و شەرعزانی(فقه) و زمانەوانی و زانستی پیاوناسی(عیلم الرجال)دا، بە ''داهێنەری هونەری سەردەم''یش ناوی دەبا.[٣]

 

- دیدی ئیبن سەڵاح بۆ فەلسەفە

   بە زانستێکی شێواوو لادەر ناوی دەبرد، جارێکیان پرسیاری لێدەکەن دەربارەی فەلسەفە، ئەویش بەو شێوەیە وڵام دەداتەوە و دێتەگۆ و دەڵێت: فەلسەفە مادەیەکی شێواوە، توشی بەدگومانی و گومڕاییت دەکات، هاندەرە بۆ لادان لە دین و، دید لێڵبوون لە هەمبەریدا، هەرکەسێک وردبێتەوە تێیدا، کوێرایی دادێ لە مەڕ زینەت و جوانییەکانی شەریعەت، شەیتان خۆی فەرز دەکا بەسەریدا و هەیمەنە و دەسەڵاتی بەسەردا دەسەپێنێت تا دڵی تاریک و خامۆش دەبێت، توشی بیدعە و ناشیرینکردنی ئاین و پێغەمبەرایەتی موحەممەد(صلی اللە علیە وسلم) دەبێت، هەروەها بەردەوام کار دەکات بە دەستەواژە کەلامییەکان، ئەسڵەن ئەحکامی شەرعی هیچ نەقسێکی نییە تا پێویستی بە زانستی کەلام هەبێت، سوپاس بۆ خوا مرۆڤی رۆشنفکر و دید ڕۆشن نیازی نییە بە فەلسەفە و زانستی کەلام، پێویستە لەسەر دەسەڵاتدارانی کۆمەڵگەی موسوڵمانان، کۆمەڵگەکە بپارێزن لێی و بە دووری بگرن لە کێشە و شەڕی فەیلەسووفەکان و گومانەکانیان. [٤]

 

ـ نوسین بەرهەمەکانی:

- علوم الحديث أو معرفة أنواع علم الحديث المعروف بمقدمة ابن الصلاح

- أدب المفتي والمستفتي

- فوائد الرحلة

- صيانة صحيح مسلم

- الأمالي

- الفتاوى جمعه بعض أصحابه

- شرح الوسيط في فقه الشافعية

- صلة الناسك في صفة المناسك

- أحاديث في فضل الإسكندرية وعسقلان

- وصل بلاغات الموطأ ابن الصلاح

- طبقات الفقهاء الشافعية

- المؤتلف والمختلف في أسماء الرجال

   ئیبن سەڵاح  گرنگی زۆری دەدا بە کتێبە فەرموودەکەی حاکمی نەیسابووری، بەردەوام دیراسەی دەکرد و لێی ڕادەما، تاوەکو کردی بە مەنهەجی تەدریس بۆ پێگەیاندنی فێرخوازانی زانستی فەرموودە، ئەو کتێبە کارتێکردنی زۆری لەسەر ئیبن سەڵاح هەبوو، تا گەیشتە ئەو ڕادەیەی بیکاتە ماددەیەکی سەرەکی خوێندن، هەر ئەوە بووە پاڵنەر و وایکرد کتێبە موقەددیمەکەی بنوسێ، ئەوکات بە گرنگترین و ناوازەترین کتێب هەژماردەکرا، لای زانایان بگرە ئێستاش کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر فەرموودەوانان و فێرخوازانی زانستی فەرموودە، لە ڕاستی دا هیچ کتێبەک لەو بوارە بە چەشنی ئەو موقەدیمەیەی ئیبن سەڵاح موعتەبەر نەبووە لای زانایان و پشتی پێنەبەستراوە، هەر چەندە کتێبەکەی حاکم هیچ هەڵەیەکی وای تێدانەبوو، کە ببێتە جێی ئیعترازی زانایان، بەڵام ئەوەی ئیبن سەڵاح کردی شتێکی نوێ بوو، گرنگیەکەی لەوەدابوو هیچ لایەنێک و بابەتێکی جێنەهێشت و زۆر بەفراوانیش باسی کردووە، ئەو بابەتانەی حاکم لای دابوو ئەو هات چاکیکردەوە و بە شێوەیەکی وردتر دایڕشتنەوە. [٥]

 

ـ کۆمەڵە نوسراوێک دەربارەی موقودیمەکەی:

ـ ئیرشادی ئیمام نەوەوی کە پوختەی موقەدیمەکەیە لەگەڵ الترقیب ەکەی.

ـ اختصار علوم حديث/ ئیبن کەسیر.

- خولاصه طيب/ کە ئەوەش پوختەیەکە لێی.

ـ المنهل رؤى/ هی بەدرەدین جەماعەتە کە پوختکراوی موقەدیمەکەی ئیبن سەڵاحە کە بەدەست نوسراوەتەوە.

ـ محاسن الاصطلاح وتضمين كتاب ابن الصلاح/ هی شێخولئیسلام بەلقینیە.

ـ النکت / هی زەرکەشییە، بە دەست نوسراوەتەوە.

ـ لەگەڵ چەندین ڕوونکردنەوە و شەرح نوسینی تر لەسەری. [٦]

 

ـ بەشەکانی کتێبەکە

 ئیبن سەڵاح لە کتێبی زانستی فەرموودەکەی -کە موقەدیمەکەیەتی- تێیدا فەرموودەکان دەکاتە چەندین بەش و جۆر، لەوانە:

ـ فەرموودەی سەحیح، فەرموودەی حەسەن، المتصل، المرفوع، الموقوف، المقطوع، المنقطع، المرسل، الإسناد معنعن، الشاذ، المنكر، المعضل.

 

ـ کۆتایی ژیانی

 لە دوای بەسەربردنی تەمەنێکی زێڕین لە خزمەتی زانستی شەرعی و تەدریس و پێگەیاندنی قوتابیان و، خزمەتکردنی زانست و گەڕان بەدوای کۆکردنەوەی فەرموودەدا، لە سپێدەی رۆژی چوارشەممە، لە ٢٥ی - ڕەبیعی دووەمی - ٦٤٣ک؛ کۆچی دوایی کرد. لە گۆڕستانی سۆفییە(الصوفية) نێژرا لە شاری دیمەشق.[٧]

 

ـ سەرچاوەکان

١ـ وفيات الأعيان/ ئیبن خەلەکان

٢ـ سايتی ئیسلام ئۆنلاین(بە دەستکارییەوە)

٣ـ  وفیات الأعیان/ ئیبن خەلەکان

٤ـ سير أعلام النبلاء /ئیمام الذهبي

 ٥ـ مقدمة محقق كتاب معرفة علوم الحديث للحاكم النيسابوري(أحمد بن فارس السلوم)

٦ـ مقدمة كتاب النكت على كتاب ابن صلاح لابن حجر تحقيق ربيع بن هادي عمير المدخلي

٧ـ ابن قاضي شهبة: طبقات الشافعية

 

ئامادەکردنی: شێروان عبدالرحمن

هەڵەچنیی: زانکۆی ئازادی دیراساتی ئیسلامی(زادی)

 

Qadirzada.com ©2009 - 2023. All rights reserved